سەرکردەکانى کورد لە ساڵ یادى راپەڕینى کوردستان پەیامى جیاوازیان هەیە کوردستانی

نوچەنێت:

بە بۆنەى سییەمین ساڵڕۆژى ڕاپەڕینى (1991) گەلى کورد، سەرۆک و سەرکردە و بەرپرسانى هەرێمى کوردستان و عێراق بەیاننامە و ڕاگەیاندراویان بەو بۆنەیەوە بڵاوکردەوە.

بەبۆنەى ساڵ یادى ڕاپەڕینى (1991)، سەرۆك مەسعود بارزانی لە ڕاگەیاندراوێکدا دەڵێت: "هەر كەس و لایەنێكیش بیەوێت لە بەها و ئامانجەكانی ڕاپەڕین كەم بكاتەوە لە راستیدا ناپاكی لە خوێنی شەهیدان و دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان دەكات. نێچیرڤان بارزانى سەرۆکى هەرێمى کوردستان –یش لە پەیامێکدا ڕایاگەیاند: " له‌م ياده‌ پيرۆزه‌دا داوا له‌ هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌م، يادى ڕاپه‌ڕين بكه‌ينه هه‌وێنى ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزى و نه‌هێشتنى كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان تا گيانى كاروانى شه‌هيدانى كوردستان شاد بكه‌ين.".

هەروەها مسرور بارزانى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت: "پێویستە بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەيان پێ بدەین."

 

دەقى پەیامی سەرۆك مەسعود بارزانی بە بۆنەی یادی راپەڕینەوە

بە ناو خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سییەمین ساڵڕۆژی راپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو نیشتمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازان و سەرجەم چینوتوێژ و هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم.

راپەڕین، رەتكردنەوەی ستەم و داگیركاری بوو و، لە هەمانكاتیشدا هەنگاوێكی مەزنی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی كورد بوو بۆ دەستپێكی قۆناغێكی گرنگ لە خەباتی گەلەكەمان. ئامانجی راپەڕین گەڕاندنەوەی خاك و ماف بوو بۆ گەلی كوردستان كە ماوەیەكی زۆر بوو بە زەبری ئاگر و ئاسن و زۆرداری لە خەڵكی كوردستان زەوت كرابوو. ڕاپەڕین بۆ ئەوە بوو گەلی كوردستان بتوانێ لەسەر خاكی خۆی و لە چوارچێوەی پڕۆسەیەكی دیموكراتی و دامەزراندنی دامودەزگەی شەرعی، ئازادانە مافەكانی خۆی پیادە بكات.

لەو یادە پیرۆزەدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە ئامانج و بەهاكانی راپەڕین بۆ تاهەتایە بەرز و بەرقەرار بمێننەوە و، بە هیچ شێوەیەك نابێ ئامانج و دەستكەوتەكانی راپەڕین بە لاڕێدا ببرێن و لە بابەتی لاوەكی و سنوورداری تردا بچووك بكرێنەوە. گەلی كوردستان خەباتی كرد و خوێنی دا و ڕاپەڕی بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بژیێت و، هەر كەس و لایەنێكیش بیەوێت لە بەها و ئامانجەكانی ڕاپەڕین كەم بكاتەوە لە راستیدا ناپاكی لە خوێنی شەهیدان و دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان دەكات. لە بەرانبەریشدا بە سەدانهەزار رۆڵەی کوردستان ئامادەن بەرگری لە ئامانج و بەها بەرزەکانی راپەڕین بکەن.

مسعود بارزانی

5ـی ئاداری 2021

 

ده‌قی په‌یامى سەرۆکى هەرێمى کوردستان

له‌ يادى سى ساڵه‌ى ڕاپه‌ڕينى ئازارى گه‌لى كوردستاندا، دروود بۆ شه‌هيدانى ئازاديى كوردستان، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گيانى پيرۆزياندا داده‌نوێنين، به‌ حورمه‌ت و شكۆوه‌ ياديان ده‌كه‌ينه‌وه‌.

سڵاو له‌ گه‌لى خۆڕاگرى كوردستان كه‌ به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانييه‌وه‌ وه‌ك ئه‌مڕۆ به‌رله‌ سى ساڵ له‌ ڕانيه‌ى خۆشه‌ويستى ده‌روازه‌ى ڕاپه‌ڕينه‌وه‌، له‌ خرۆشانێكى جه‌ماوه‌ريى گه‌وره‌دا به‌رامبه‌ر به‌ سته‌م و دكتاتۆرى ڕاپه‌ڕين و له‌گه‌ڵ پێشمه‌ر‌گه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان، يه‌ك به‌ يه‌ك گوند و شارۆچكه‌ و شاره‌كانى نيشتمانيان ئازاد كرد.

ئه‌مڕۆ له‌ كاتێكدا يادى ئه‌و ڕۆژه‌ پيرۆزانه‌ و قاره‌مانه‌كانى ده‌كه‌ينه‌وه‌، كوردستان له‌ هه‌موو كاتێك زياتر پێويستى به‌ ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزيى هه‌موو لايه‌ن و پێكهاته‌كانى هه‌يه‌ تاكو بتوانێت په‌يام و ئامانجه‌ پيرۆزه‌كانى ڕاپه‌ڕين و به‌رهه‌مى خوێنى شه‌هيدان بپارێزێت و به‌ره‌و ئاينده‌يه‌كى باشتر هه‌نگاو بنێت.

وه‌ك چۆن له‌ ڕاپه‌ڕيندا ته‌واوى كوردستانييان به‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌يى و ئاينييه‌كان و هه‌موو ئاراسته‌ و هێز و لايه‌نه‌ سياسييه‌ جياكانه‌وه‌، له‌ به‌ره‌يه‌كى يه‌كگرتوودا پێكه‌وه‌ ڕاپه‌ڕين و سه‌ركه‌وتين، ئێستاش به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌توانين ڕووبه‌ڕووى سه‌ختى و ته‌حه‌دييه‌كان ببينه‌وه‌ و مافه‌ ده‌ستوورييه‌كانمان به‌ده‌ست بهێنين و بپارێزين.

له‌م ياده‌ پيرۆزه‌دا داوا له‌ هه‌موو هێز و لايه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌م، يادى ڕاپه‌ڕين بكه‌ينه هه‌وێنى ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزى و نه‌هێشتنى كێشه‌ و ناكۆكييه‌كان تا گيانى كاروانى شه‌هيدانى كوردستان شاد بكه‌ين و هه‌موومان پێكه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوويه‌كى باشتر هه‌نگاو بنێين، پێكه‌وه‌ بۆ كوردستانێكى ئارام، ئاوه‌دان و سه‌قامگير تێبكۆشين كه‌ بۆ هه‌ميشه‌ به‌ لانكه‌ى ئازادى، لێبورده‌يى، پێكه‌وه‌ژيان و يه‌كترقبووڵكردن بمێنێته‌وه‌.

نێچيرڤان بارزانى

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان

5ى ئازارى 2021

 

دەقى سەرۆککۆمارى عێراق بەرهەم ساڵح

پیرۆزبایی یادی (٣٠) ساڵه‌ی راپه‌ڕینی ساڵی ١٩٩١ له‌ خه‌ڵکی کوردستان و سه‌رجه‌م گه‌لی عیراق ده‌که‌م که‌ بووه‌ ده‌روازه‌ی گۆڕانکاری راسته‌قینه‌ و کۆتایهێنان به‌ رژێمی دیکاتۆری و به‌رقه‌رارکردنی دیموکراسی.

 راپه‌ڕینی ساڵی ١٩٩١ وره‌چه‌رخانێکی گه‌وره‌و مانادار بوو، خه‌باتی خه‌ڵک و پێشمه‌رگه‌ ئاوێته‌ی یه‌کتر بوون بۆ کۆتایهێنان به‌ زوڵم و زۆداری.
پێویسته‌ له‌م یاده‌دا به‌هاکانی راپه‌ڕین به‌رز رابگیرێن به‌ رێزگرتن له‌ داخوازی و مافه‌کانی خه‌ڵک، به‌کۆتایهێنان به‌ ناعه‌داله‌تی و گه‌نده‌ڵی، پێویسته‌ به‌ کرده‌وه‌ گه‌ل سه‌رچاوه‌ی هه‌موو ده‌سه‌ڵات و شه‌رعیته‌کان بێت و خزمه‌تکردنی هاوڵاتیان و به‌رجه‌سته‌کردنی به‌هانیشتمانییه‌ راسته‌قینه‌کان بکرێنه‌ پێوه‌ری کارکردن.

 یادکردنه‌وه‌ی ئه‌م بۆنه‌ پیرۆزه‌ به‌وه‌ ده‌کرێت که‌ کاربکه‌ین بۆ به‌رقه‌رارکردنی حوکمڕانیه‌کی دروست به‌ئاراسته‌ی تێپه‌ڕاندنی قه‌یران و ئاسته‌نگه‌کان دوور له‌ ململانێ و به‌رژه‌وه‌ندی حزبی به‌رته‌سک و به‌گژداچوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی و گه‌نده‌ڵکاران به‌ کرده‌وه‌، ئه‌مه‌ش له‌ رێگای به‌شداری راسته‌قینه‌ی خه‌ڵک و له‌به‌رچاوگرتنی داخوازیه‌ ره‌واکانیان.

به‌رهه‌م ساڵح

سه‌رۆک کۆماری عیراق

 

ده‌قی په‌یامى سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان

لە یادی(30) ساڵەی ڕاپەڕینی پڕشکۆی ئاداری 1991ی گەلی کوردستان ، گەرمترین پیرۆزبایی لە خەڵکی کوردستان ، بە تایبەتی پێشمەرگە قارەمانەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان دەکەم.

‎ڕاپەڕینی ئاداری 1991 ، یەکێکە لە سەروەرییە مەزنەکانی گەلی کورستان ،کە بەرهەمی یەکڕیزی و یەکگرتوویی سەرجەم چین و پێکهاتەکانی گەلی کوردستان و هێز و لایەنە کوردستانییەکان بوو، ڕەتکردنەوەی ستەم و داگیرکاری و ژێردەستەیی بوو. ڕاپەڕین وەرچەخانێکی مێژوویی بوو لەشۆڕش و تێکۆشانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی کوردستان، کە بەرهەمەکەی دروستبوونی قەوارەی فیدراڵی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە شەرعی و دەستوورییەکانی هەرێم بوو ، کە پێویستە ئەمڕۆش، هەر تاکێکی کوردستانی و هەموو لایەن وپێکهاتەكان ، بە یەکڕيزی و یەکدەنگییەوە، داکۆکی لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان بکەن.

پێویستە بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین و بنەماکانی بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و لێبوردەیی و ئاشتیخوازی و مرۆڤدۆستیی گەلی کوردستان، هەمیشە بپارێزین و گەشەيان پێ بدەین.

‎با یادی ڕاپەڕین، هاندەری زیاترمان بێت بۆ ئەوەی پشتيوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بین، تا بتوانێت بە باشترین شێوە، کارنامە چاکسازییەکەی جێبەجێ بکات و خزمەتێکی شایستەتر پێشکەشی سەرجەم خەڵکی کوردستان بکات و بەیەکەوە، هەرێمی کوردستان، بەرەو قۆناغێکی گەشەسەندووتر ببەین.

‎بەرز و شکۆدار بێت ساڵیای ڕاپەڕینی ئاداری 1991

‎سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ڕاپەڕین و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین .

 مەسرور بارزانی

‎سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

 

دەقى پەیامى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان 

به‌بۆنه‌ی (30) سیهه‌مین ساڵیادی ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌كه‌ی گه‌لی كوردستان له‌ 5ی ئازاری 1991، گه‌رمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاڕاسته‌ی سه‌رجه‌م كوردستانیانی ئازیزو بنه‌ماڵه‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان و پێشمەرگە قارەمانەکان و چین و توێژو پێكهاته‌ ئاینی و نه‌ته‌وه‌ییه‌ جیاوازه‌كانی كوردستان ده‌كه‌ین، هیواخوازین ئه‌م یاده‌ شكۆداره‌ ببێتە مایەی ده‌ستپێكێكی نوێ له‌خه‌بات و تێكۆشانی گه‌له‌كه‌مان بۆ بنیادنان و بووژانه‌وه‌ی زیاتری كوردستان.

كوردستانیانی ئازیز.

ئه‌وێ ڕۆژی خه‌ڵكی ڕاپه‌ڕیوی كوردستان له‌پێناو سەندنی ئازادی و به‌رگریكردن له‌به‌ها پیرۆزه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی سڕینه‌وه‌ی نه‌ژادی و به‌عه‌ره‌بكردن و گۆڕینی دیمۆگرافیای كوردستان، به‌پاڵپشتیی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، ڕه‌گ و ڕیشه‌ی ڕژێمی به‌عسی خۆسه‌پێنه‌ریان لەکوردستان‌ هه‌ڵته‌كاند، دواجاریش هه‌ر ئه‌م ڕاپه‌ڕینه‌ مه‌زنه‌ بووه‌ ئیلهامبەخشی درێژه‌پێدانی خه‌باتی گه‌لانی دیكه‌ی عێراق تاكۆتاییهاتنی یه‌كجاره‌كی بەڕژێمی بەعسی داپڵۆسێنه‌ر.

ئێمه‌ له‌كاتێكدا ئه‌م یاده‌ شكۆداره‌ به‌رز ڕاده‌گرین، كه‌هێشتا ویست و داخوازییه‌ ڕه‌واكانی گه‌له‌كه‌مان و ئامانجەکانی ڕاپەڕین به‌ته‌واوه‌تی نه‌هاتوونه‌ته‌ دی، هه‌ر له‌یه‌كلاییكردنه‌وه‌ی چاره‌نووسی ناوچه‌ كوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم‌ تا ده‌گاته‌ پرسه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی پێشمەرگەو دارایی و بودجه‌و جێبەجێکردنی تەواوی دەستووری ساڵی ۲٠٠٥.

هاوکات ئه‌مڕۆ كوردستان به‌قه‌یرانێكی دژوارو سه‌ختی سیاسی، ئابووری و كۆمه‌ڵایه‌تیدا تێده‌په‌ڕێت، لای خه‌ڵكی كوردستان به‌هۆی نادادی و نابه‌رابه‌ری له‌شێوازی ژیانی چین و توێژه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌، ڕێژه‌ی بێكاری و وەگەڕنەخستنی تواناو پسپۆریی هه‌زاران ده‌رچووی زانكۆكان، لەسەرخۆی پرۆسەکانی چاکسازی، کێشەی زۆری سێکتەرەکانی خوێندن و تەندروستی و چەندین کێشەی تر، ده‌ستكه‌وته گەورە‌كانی ڕاپه‌ڕین و گیانبەخشیی پێشمەرگەو قوربانیدانی گەلەکەمان بۆ ئەو ئازادییە خەریکە دەچێتە قۆناغی بێهودەییەوە.

بۆیە لەم یاده‌ پیرۆزه‌دا داواکارم هەموو دامەزراوە دەستوورییەکانی کوردستان، لەڕوانگەی بەرپرسیارێتیی هاوبەش و تەواوکاریمان پێکەوە، كاری لێبڕاوانەو دەستەجەمعی بکەین له‌پێناو بەهێزکردنی متمانه‌ له‌نێوان هاووڵاتییان و دامەزراوەکانداو ھەموو ھەنگاوەکانمان چڕ بکەینەوە بەئاراستەی بەدیهێنانی ویست و داخوازییە ڕەواکانی کوردستانییان لەفەراهەمکردنی ئازادی و سەروەریی یاساو پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و دابینکردنی سەقامگیریی دەروونی و سیاسی و ئابووری بۆیان.

له‌كۆتاییدا سه‌ری ڕێزو نه‌وازش بۆ سه‌رجه‌م شه‌هیدانی ڕێگای ڕزگاریی كوردستان داده‌نه‌وێنین، به‌تایبه‌ت شه‌هیدانی 5ی ئازار له‌ده‌روازه‌ی ڕاپه‌ڕین و سه‌رجه‌م شارو شارۆچكه‌كانی كوردستان، هه‌میشه‌ سه‌رفرازبن.

د.ڕێواز فایق

سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

5ى ئازارى 2021

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە