داناشوانی: دیاردەی چەکداری یەک لە هۆکارەکانی کوشتنی ژنانە دیمانە

لاڤین عومەر: نوچەنێت

دانا شوانی، خاوەن بڕوانامەی ماستەر لە کۆمەڵناسی، لە گفتوگۆیەکی تایبەت بە نوچەنێت، سەبارەت بە زۆربوونی رێژەی کوشتنی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان دەڵێت: یەک لە هۆکارە دیارەکان دیاردەی چەکدارییە لە هەموو شوێنێک.

نوچەنێت: لە ماوەی 24 کاتژمێر 3 ژن کوژران لە هەولێر، سلێمانی و دهۆک، ئایا هۆکارەکە حکومەتە، یاخود دەسەڵاتی جێبەجێکردن یان...؟

دانا شوانی: لە راستیدا توندوتیژی و ئەنجامدانی توندوتیژی دژی ژنان، بەدرێژایی مێژوی کۆمەڵگاکانی دنیا بونی هەبووە و بەدرێژایی مێژوی کۆمەڵگای کوردیش بونی هەبووە، بەڵام لە کوردستاندا ئەو دیاردە لە هەندێک کاتدا زیاتر پەرە دەستێنێت پەیوەست بەو دۆخەی کە هەیە.

جار هەیە لەماوەی شەش مانگدا رێژەی کوشتن بەهەر بیانویەک بێت کەمترە، لە پێشودا رێژەی کوشتنی ئافرەت لەسەر شەرەف بوو، ئێستا کوشتنی هۆکارەکانی ئافرەتان گۆڕانی بەسەردا هاتووەو پەڕیوەتەوە بۆ کێشە خێزانییەکان، ئینتەرنێت، سۆشیال میدیا.

دەتوانین بڵێین هۆکارەکان فرە لایەنن، دەکرێت بڵێین یاسا و دەقەیاساکانن کە کێشەی زۆری تێدایە، ئێمە چەندین ساڵە هاوار دەکەین یاسای توندوتیژی خێزانی کەموکوڕی تێدایە، چونکە ئەوکاتەی کە دەرچووە کێشە کەم بوو، بەڵام ئیستا کۆمەڵگای کوردی گۆڕانی زۆری بەسەردا هاتووە. کاتێک کۆمەڵگە گۆڕانی بەسەردادێت کەواتە پێویستە یاساکانیش گۆڕانیان بەسەردا بێت، هۆکارێکی دیکە، نەگرتن و زیندانینەکردنی ئەو کەسانەیە کە خەڵکی تریش دەکوژن نەک هەر ئافرەت، کاتێک بابەتی کوشتن دەبێت بە بابەتێکی ئاسایی خەڵک یەکدی دەکوژێت، کەس ناگیرێت و یان زۆر کەمن ئەوانەی زیندانیدەکرێن ، ئەو کاتە کوشتن بە پێی کات لەنەستی خەڵک جێگیر دەبێت، کە خەڵک دەکوژرێت و دەبێتە کێشەیەکی بچوک یان ئاسایی.

زۆر ئاساییە، خێزان کێشەی تێدا دەبێت، بەڵام هەر دۆخێک یان کێشەیەک- کە دەگاتە کوشتن دەبێ هەڵوەستەی لەسەربکرێت، دووکەس بەیەکەوە ناگونجێن دەتوانن جیا ببنەوە، لە ڕووی هوشیاری رێکخراوەکانی مەدەنی و رێکخراوەکانی تریش، لە ئاست ئەو پرسەدا لاوازن و کەمتر رای خۆیان دەردەبڕن، لەلایەکی ترەوە دەزگاکانی پەیوەست بە حکومەت چالاک نین لەمبارەیەوە، پێیان وایە کێشەی توندوتیژی و کێشەی خەڵکی لەم وڵاتەدا چارەسەر بووە ئەوانیش لە پەلوپۆ و چالاکی کەوتون، بەم هۆکارە سەیر دەکەین رێژەی کوشتنەکان زیاتر دەبێت، جگە لەوە ئێمە ئەو کردانەی لە پێناو هوشیاری دەیگرینەبەر هەندێک کات کردەی هەڵەیە دەبێت ئێمە رەچاوی ئاستی هوشیاری شوئەو شوێنە بکەین کە تاوانەکە تێیدا رویداوە. ئایا ئەو ژنانەی دەکوژرێن لە دەرەوەی شارن یاخود لە ناوەوەی شارن؟ ئایا سەر بە چینی دەوڵەمەندن یاخود چینی هەژارن؟ ئایا پیشەیەکی دیاری کراویان هەیە یاخود پیشەیان نییە، لەبەر ئەوە پێویستە رێکخراوەکانیش ئەم زانیارییانە بخەنە گەڕ.

زیندانەکردنی تاوانباران هۆکارێکە بۆ کوشتنی ژنان

نوچەنێت: خەلەلە یاساییەکان چین؟

دانا شوانی: ئێمە یاسای توندوتیژی خێزانیمان هەیە، ئەو یاسایە کێشەی تێدایە لەگەڵ کۆمەڵگای ئێستادا ناگونجێت، لە ئێستادا دەقی یاساکەم لەبەر دەست نییە تا خاڵ بە خاڵ شی بکەمەوە، بەڵام ئێمە وەکو کۆمەڵەی کۆمەڵناسانی کوردستان، وەکو توێژەری کۆمەڵایەتی، رای خۆمان لە سۆشیال میدیاو راگەیاندنەکان راگەیاندووە کە کێشەی ئەم دەقە یاساییە چییە، پێویستە چی بگۆڕدرێ.

کوشتنی ئافرەتان لە ئێستادا تەنیا بەبیانوی شەرەفەوە نییە

نوچەنێت: ئایا ئێستا بە بیانوی شەرەف نییە ئافرەت دەکوژرێت؟

دانا شوانی: نەخێر، ئەوەی رادەگەیەندرێت بەشێکیان پەیوەندی بە شەرەفەوە نییە، ئەو کەسانەی دوێنی کوژراون کێشەی خیزانی بووە. نازانین چییە یاخود ئەوەی لە چەمچەماڵ رویدا کێشەی دەمەقاڵێ و نەگونجانی دووکەسە، بۆیە بەڕای من جۆری کێشەکان گۆڕاوە، شەرەف نییە دووکەسن ناگونجێن دەبێتە دەمەقاڵێ و یەکیان دەکوژرێت جا یەکێکیش لە کێشەکانی تر ئەوەیە کە چەکدار لە هەر کوچەو کۆڵان لە هەر لایەک خەریکە چاومان دەردەهێنێت، ئێمە ئەوەندە هاوار دەکەین، حکومەتی هەرێم پێویستە دەزگا پەیوەندی دارەکان راسپێریت، هەمومان هەتا سەربازەکانیش پێویست ناکات چەک ببەینەوە بۆ ماڵەوە، لە شوێنێکی تایبەتمەند لە شوێنی کارەکەیان دایبنێن ئینجا بگەڕیتەوە بۆ ماڵەوە پێویست ناکات بە چەکەوە بگەڕێتەوە بۆ ماڵەوە.

مرۆڤ کائینێکی کۆمەڵایەتییە دەکرێت ئەگەرەکانی توڕەبون، هوشیاری مرۆڤ لە چرکەیەکدا لەدەست دەدات. زۆر ئاسانە چونکە سلوکی مرۆڤ وایە، کە هەندێک کات توانی خۆ کۆنتڕۆڵکردنی نامێنێت بۆیە پەنا بۆ هەموو شتێک دەبات کە لەبەر دەستیدایە بۆ نمونە یەکێک لەوانە چەکە، بۆیە پێویستە حکومەت و لایەنی پەیوەندی دیدار و -وەزارەتی ناوخۆش چاوێک بەم پرسەدا بخشێنێتەوە، پێویست ناکات چەک لە کوچەو کۆڵان ماڵ و هەر شوێنێکی تردا هەبێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین