سەرۆک بارزانى: مەزەفەر نواب تەمەنی خۆی لە تێكۆشان بۆ عێراقێکی ئازاد بەسەر برد کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆک بارزانى، لەسەر کۆچى دواییکردنى شاعیرى عێراقى مەزەفەر نەواب ڕاگەیاند، "خوالێخۆشبوو هەموو ساڵانی تەمەنی خۆی بە شاكارە ئەدەبیە جوانەكانی لە تێكۆشان بۆ عێراقێکی دیموكرات و ئازاد بەسەر برد."

ئەمڕۆ شەممە (21/ئایار/2022) سەرۆک مەسعود بارزانى، بەبۆنەی كۆچی دوایی شاعیری عێراقى مەزەفەر نەواب، پەیامێکى سەرەخۆشى بڵاوکردەوە و لەبارەى ئەو شاعیرەوە دەڵێت، "ئێمە قامەتێكی گەورەی نیشتیمانی و تێكۆشەرمان لەدەست دا و هیوامان دەخواست لەسەر خاكی نیشتیمان گیانی پاكی سپاردبا نەوەك لە تاراوگە."

 

دەقى پەیامی سەرۆك بارزانی بەبۆنەی كۆچی دوایی شاعیری عێراق مەزەفەر نواب:

بەناوی خوای گەورە و میهرەبان

بەداخ و پەژارەیەكی زۆرەوە، عیڕاق بە هەموو پێكهاتەكانیەوە شاعیرێكی گەورە و تێكۆشەرێكی بەڕێزی لەدەست دا. 

خوالێخۆشبوو هەموو ساڵانی تەمەنی خۆی بە شاكارە ئەدەبیە جوانەكانی لە تێكۆشان بۆ عێراقێکی دیموكرات و ئازاد بەسەر برد ، عێراقێک مافی گەل و پێكهاتەكانی تیایدا پارێزراو بێت.

شاعیر (مڤفر النواب) دۆستێكی نزیك و دڵسۆزی گەلەكەمان و دۆزە ڕەواكەی بوو و لە تێكڕای ساڵانی ژیانی دا بەتوندی بەرەنگاری زوڵم و ستەم و دیكتاتۆری بووەوە لەناوەوەی عێراق و لە تاراوگەدا.

لەدەستدانی خوالێخۆشبوو زیانێكی گەورەیە و قەرەبۆ ناكرێتەوە، ئێمە قامەتێكی گەورەی نیشتیمانی و تێكۆشەرمان لەدەست دا و هیوامان دەخواست لەسەر خاكی نیشتیمان گیانی پاكی سپاردبا نەوەك لە تاراوگە ، خۆزگە لەدوای ڕووخانی ڕژێم تائێستاش گرنگی پێ بدرابوایە و لەبری ساڵانی غەریبی قەرەبۆ كرابا نەك تەنها بۆ پێشوازی لە تەرمەكی ڕێ و ڕەسمی گەورە ڕێكبخرێت، ئەگەر وایان كردبا بێگومان ئەم كارە دەبووە پەند و وانەیەك بۆ ڕێزگرتن لە كەسایەتیەكی تێكۆشەر كە هەموو ژیانی خۆی بۆ گەل و نیشتیمان فەنا كرد ، هەروەها دەبووە پەیامێكی نیشتیمانیش بۆ هەموو داهێنە و سیمبوڵەكانی عیڕاق لە بوارەكانی ئەدەب و بیر زانست.

سڵاو لە گیانی پاكی خوالێخۆشبوو

نەمری بۆ میراتی بەپێز و دەوڵەمەندی.

مسعود بارزانی 

21ـی ئایاری 2022ـی زایینی

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین