سەرۆک نێچیرڤان بارزانى: هەرێمى کوردستان دەیەوێت بە ڕێگەی لێكتێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بكرێن کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان، لە میان کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ شاندێكی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا ڕایدەگەیێنێت، گفتوگۆکانى نێوان هەلێر – بەغدا لەسەر دەبارەى کێشەکان پێویستە لەسەر بنەماى دەستوور ئەنجام بدرێت.

ئەمڕۆ چوارشەممە (25/ئایار/2022) نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا بە سەرۆكایەتیی ناتالی لۆیزۆ سەرۆكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری كرد.

سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە دیدارێكدا شاندی میوان مەبەستی سەردانەكەیان بۆ هەرێمی كوردستان خستە ڕوو كە لە نزیكەوە ئاگاداربوونی دۆخی ناوچەكەیە و گرنگیی سەقامگیریی ناوچەكەیان بۆ ئەورووپا باس كرد و ڕۆڵ و قوربانیدان و قارەمانێتیی پێشمەرگەی كوردستانیان لە ڕوبەڕووبوونەوەی داعش و تێڕوانینی واقعییانەی هەرێمی كوردستان بۆ دۆخی ناوچەكە بەرز نرخاند."

سەرۆك نێچیرڤان بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا، "هەروەها هەماهەنگیی نێوان پێشمەرگە و سوپای عیراقی لە ناوچەكانی ماددەی سەد و چل بەرز نرخاند و بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییەكانیش، بەردەوامیی هاریكاری و پشتیوانیی وڵاتانی یەكێتیی ئەورووپا بۆ عیراق و هەرێمی كوردستان لە بواری سیاسی و ئابووری و كۆمەڵایەتی و پەروەردەییەوە، بە پێویست زانی."

دەربارەی كێشەكانی نێوان هەولێر ـ بەغدا، سەرۆك نێچیرڤان بارزانی "جەختی لە چارەسەركردنی كێشەكان لە سەر بنەمای دەستووری عیراق و گفتوگۆ كردەوە و پوختەیەكیشی دەربارەی دیدگای هەرێمی كوردستان سەبارەت بە دۆخی گشتیی ناوچەكە خستەڕوو، كە دەخوازێت فاكتەری سەقامگیری و ئارامیی ناوچەكە بێت و كێشەكانی ناوچەكە بە ڕێگەی لێكتێگەیشتن چارەسەر بكرێن."

هەروەک لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "پرۆسەی سیاسیی عیراق و بڕیارەكانی دادگای فیدرالی، هاوكاریی وڵاتانی ئەورووپا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ دەرباسبوون لە دۆخی چەقبەستووی سیاسیی ئێستای عیراق، لێكەوتەكانی شەڕی ئۆكراینا، پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەكانی یەكێتیی ئەورووپا لەگەڵ عیراق و هەرێمی كوردستان، پرسی مافەكانی مرۆڤ و هاوسەنگیی جێندەری، تەوەرێكی دیكەی دیدارەكە بوو."

هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا هەر یەک لە نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بەلجیكا نوێنەری نووسینگەی پەرلەمانی یەكێتیی ئەورووپا لە هەرێمی كوردستان ئامادەی بوون.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین