ڤایرۆسى ته‌مامه‌ چییه‌؟ رەنگاورەنگ

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

د. به‌ڵێن كه‌ریم پسپۆڕ له‌ نه‌خۆشیه‌كانى منداڵان له‌ لێدوانێكى تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت زانیارى له‌سه‌ر ئه‌و نه‌خۆشییه‌ ده‌دات كه‌ گوایه‌ له‌ هندستان بڵاوبووه‌ته‌وه‌ بە ناوی ڤایرۆسى ته‌مامه‌ و ده‌ڵێ، "نه‌خۆشییه‌كى باوه‌ و ده‌مێكه‌ هه‌یه‌، به‌ڵام به‌ ناوێكى تره‌ نه‌وه‌ك ته‌مامه‌".

ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 29ى ئایارى 2022 د.به‌ڵێن كه‌ریم پزیشكى له‌ نه‌خۆشییه‌كانى منداڵان له‌ هه‌ولێر له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت زانیارى و روونكردنه‌وه‌ى له‌سه‌ر ئه‌و نه‌خۆشییه‌ داوه‌ كه‌ ماوه‌ى چه‌ند رۆژێك له‌ راگه‌یاندنه‌كانى دنیا باسى ده‌كرێت، به‌ نه‌خۆشى "ڤایرۆسى ته‌مامه‌" ده‌ناسرێت.

د. به‌ڵێن كه‌ریم له‌ لێدوانه‌كه‌ى گوتى، "ئه‌و نه‌خۆشییه‌ له‌ رووى زانستییه‌وه‌ به‌ نه‌خۆشى ده‌ست و قاچ و ده‌م ده‌ناسرێت، به‌ هۆى ئه‌وه‌ى ئەم پەلە وردانە کە دروست دەبن لەم شوێنانە دروست دەبن، نەخۆشیەکە نەخۆشیەکی ڤایرۆسیە، بەهۆی ڤایرۆسی کۆکساكى بە زۆری تووشی منداڵی بچوک دەبێ. بە زۆری ئەم نەخۆشیە پەڵەی ورد وردی سوور وەکو زیبکە دروست دەکه‌ن. هەندێ جار کەمێ لەناو ئەم پەڵانە هه‌یه‌. ئەم نەخۆشیە لە دەست و قاچەکان و لەسەر چۆک و لەناو دەمی منداڵ دروست دەبێت. ئازاریان هەیە ئەم زیبکە وردانە یاخود بڵێین ئەم پەڵە وردانە، بە تایبەت ئەگەر لەژێر پێی منداڵەکە بێ. لەوانەیە کاریگەری لە ڕۆیشتنی منداڵەکە بکات، وە ئەگەر لەناو دەمی بێ خواردنی منداڵەکە تێک بدا".

د. به‌ڵێن كه‌ریم له‌ لێدوانه‌كه‌ى دووپاتى كرده‌وه‌ زۆربه‌ى كات ئه‌و نه‌خۆشییه‌ مه‌ترسى نییه‌ و له‌وانه‌یه‌ نه‌خۆشه‌كه‌ كه‌متر له‌ 10 رۆژ چاك ببێته‌وه‌، چاره‌سه‌رێكى دیارییكراویش بۆ ئه‌م نه‌خۆشییه‌ نییه‌.

سه‌باره‌ت به‌ هۆكارى نه‌خۆشییه‌كه‌ د. به‌ڵێن گوتى، "ئەم نەخۆشیە نەخۆشیەکی ڤایرۆسیە وەک وتمان دەگوازرێتەوە لە رێی دەم و خواردن. ئەم ڤایرۆسە بەهۆی پیسی تووشی منداڵ دەبێ. بۆیە گرنگیدان بە پاک و خاوێنی و شووشتنی دەست و دەموچاو بە بەردەوام زۆر گرنگە. نەخۆشیەکە بە تا دەست پێدەکات، منداڵەکە دەست لەشتی پیس دەدا لەمەوە تووش دەبێت، دوای چەند ڕۆژێک باش دەبێت بە چارەسەرکردنی ئاسان."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین