مونا یوخنا: سڕكردنى كۆمیسیۆنى مافى مرۆڤى عێراق كاریگه‌رى له‌سه‌ر ئێمه‌ هه‌یه‌ کوردستانی

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

مونا یوخنا سه‌رۆكى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت دووپاتى ده‌كاته‌وه‌ سڕكردنى كۆمیسیۆنى مافى مرۆڤى عێراقى، كاریگه‌ريى له‌سه‌ر ئیشوكاره‌كانى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێمى كوردستانیش هه‌یه‌.

نزیكه‌ى ساڵێك ده‌بێت كۆمیسیۆنى مافى مرۆڤى عێراق له‌ لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ سڕكراوه‌، چونكه‌ ماوه‌ى یاساییه‌كه‌ى به‌سه‌رچوو بوو، به‌ڵام تا ئێستا كه‌سانى نوێ بۆ ئه‌و كۆمیسیۆنه‌ دانه‌نراون، هه‌ر چه‌نده‌ له‌م خوله‌ى په‌رله‌مانى عێراق هه‌وڵێك هه‌یه‌ بۆ كاراكردنه‌وه‌ى.

له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت مونا یوخنا سه‌رۆكى ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆى مافى مرۆڤ له‌ هه‌رێمى كوردستان دووپاتى ده‌كاته‌وه‌، نه‌بوونى كۆمیسیۆنى باڵاى مافى مرۆڤ له‌ عێراق كاریگه‌ريى نه‌رێنێ بۆ هه‌ندێك ئیشوكارى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌.

مونا یوخنا:
ناكرێت عێراق بێ كۆمیسیۆنى مافى مرۆڤ بێت

ئەمڕۆ پێنجشەممە نۆی حوزەیرانی2022 مونا یوخنا گوتى "لەسەرەتای ده‌ستبه‌كاربوونم له‌ پۆسته‌كه‌م، داوای ئەوەم کرد کە یاداشتێکی تێگەیشتن لەگەڵ کۆميسیۆنی مافی مرۆڤی عێراق واژوو بکەین، چونکە ئیشی ئێمە پەیوەستە بە کاری ئەوان، لەبەر ئەوەی سنووری جوگرافیای ئێمە تەنیا هەرێمی کوردستانە، بەڵام زۆر کات هەبووە هاووڵاتییەکی عەرەب یاخود دانیشتوویەکی عەرەب لە پارێزگایەکی تر کێشەی دەبێت و دێتە دەستە بۆ ئەوەی ئەو کێشەیەیان بۆ چارەسەر بکەین، ئێمە لەم حاڵەتەدا بۆمان نییە هیچ دەستوەردانێک بکەین لە ئیشى هیچ پارێزگایەک کە لە دەرەوەی سنووری هەرێمە، تەنیا تاکە شت کە پەیوەستە لە نێوانمان لینکی کۆميسیۆنی مافی مرۆڤی بەغدایە، ئەوانیش لە زۆر حاڵەتدا بۆیان نییە".

سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤى هه‌رێمى كوردستان نموونه‌یه‌ك له‌ كاریگه‌رییه‌ خراپه‌كه‌ى نه‌بوونى كۆمیسیۆن ده‌هێنێته‌وه‌ وده‌ڵێ، "بۆ نموونە ئەمڕۆ کێشەیەکم بۆ هاتووە کە هاووڵاتییەکی عەرەب لە هەرێمی کوردستان دیار نییە و بێسەروشوێنە و دانیشتووی پارێزگای موسڵە هەر بۆیە ئەوان ناتوانن هیچ شتێک بکەن تەنیا لە رێگای ئێمەوە نەبێت، ئیشی ئێمە و ئیشی ئەوان زۆر گرنگە کەوا پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەنێوان بێت و بەردەوام بین و چاودێريی بکەین، بەڵام بەداخەوە هەر چەندە یاداشتەکەشمان ئامادەکرد بەڵام یاداشتەکەمان واژوو نەکرد، چونکە گووتیان کاتیان بەسەرچووە ناکرێت واژوو بکرێت، چونکە ئەوان دەسەڵاتی ئەوەیان نییە کەوا یاداشت واژوو بکەن".

له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌یشى سه‌رۆكى ده‌سته‌ى مافى مرۆڤ له‌ كوردستان هیواى ئه‌وه‌ى خواست كه‌ كۆمیسیۆنى مافى مرۆڤ له‌ عێراق كارا بكرێته‌وه‌، مونا یوخنا گوتى، "بۆیە ئێمە چاوەڕێ دەکەین هەتا کۆمیسیۆنێکی دیکە دادەنێن بەدڵنیایی سەردانیان دەکەین و قازانج لە زانیارییان دەکەین، هەروەها ئەوانیش قازانج لە فکرو بیروڕای ئێمە دەکەن، ناکرێت وڵاتێکی وەکو عێراق بەو بارودۆخەدا دەڕوات زۆر پێشێلکاریی تێدا دەکرێت بەرانبەر مافی مرۆڤ و کۆمیسیۆنەکەی لە کار کەوتووە واتە سڕكراوه‌، بێگومان ئەوە کێشەیەکی زۆر گەورەیە دەبێت بە زووترین کات چارەسەر بکرێت".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین