قوباد تاڵەبانى: بەزاندنی سەروەریی خاکی کوردستان لەزیادبوونێکی مەترسیدار دایە کوردستانی

نوچەنێت:

قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان، بەرامبەر بۆردوومانکردنى ئۆتۆمبێلێک بە درۆن لەلایەن تورکیاوە لە کەلار، ڕاگەیێندراوێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، "دەستدرێژیکردن و بەزاندنی سەروەریی خاکی کوردستان و عێراق لەزیادبوونێکی مەترسیدار دایە."

ئێوارەى ئەمڕۆ هەینى (17/حوزەیران/2022) قوباد تاڵەبانى، جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان لەسەر ڕووداوەکەى ئەمڕۆ کەلار لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "وێڕای ناڕەزایی دەربڕین و ئیدانەکردنی ئەو کردەوانە لەهەر وڵات و لایەنێکەوە بێت، بەڵام ناکرێت چیتر تەنها بە لێدوان و بەیاننامە؛ ناڕەزایەتی دەرببڕین و چاوەڕوانی هێرشێکی تر بین."

قوباد تاڵەبانى لە بەشێکى ترى ڕاگەیێندراوەکەیدا کە لە هەژمارى خۆى لە تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبووک بڵاویکردەوە دەشڵێت، "پێویستە حکومەتی فیدڕاڵی عێراق رۆڵ و هەڵوێستی جدی هەبێت و لەڕێی گفتوگۆوە سنورێک بۆ بەزاندنی سەروەریی خاک و وڵاتمان دابندرێت."

ئەوەش هاتووە، "داوا لە وڵاتانی دراوسێ و دۆستەکانیشمان دەکەین رێز لە تایبەتمەندیی ھەرێمی كوردستان بگرن و سەلامەتی گیانی ھاوڵاتیانی كوردستان لەوە زیاتر نەخەنە مەترسیەوە."

ئەم ڕاگەیێندراوەکەى جێگرى سەرۆک وەزیرانى هەرێمى کوردستان لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ ئۆتۆمبێلێکى مەدەنى، کە چوار کەسى سەر بە پەکەکەى لەناو بوو، لەلایەن تورکیاوە بە درۆن کرانە ئامانج و هەر چواریان بوونە قوربانى.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین