وتەبێژى بەرگریى شارستانى: لە ڕووداوى ئاگرکەوتنەوەکەى هەولێر (100) کەسمان ڕزگار کردووە کوردستانی

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

رائد سەرکەوت کارەش، وتەبێژى بەرگریى شارستانى هەولێر لەسەر رووداوى ئاگرکەوتنەوەکەى یەکەى نیشتەجێبوونى (MRF) تاوەرس لە هەولێر تایبەت نوچەنێتى ڕاگەیاند، "تیمەکانى بەرگریى شارستانى تاوەکو ئێستا توانیویانە زیاتر لە (100) کەس لە ناو ئەو شوقەیەى ئاگرەکەى تێدا کەوتۆتەوە ڕزگار بکەن."

ئەمڕۆ شەممە (18/حوزەیران/2022) رائد سەرکەوت کارەش، وتەبێژى بەرگریى شارستانى هەولێر، لە لێدوانێکى تایبەت بە نوچەنێت، وردەکارى ئاگرکەوتنەوەکەى لە یەکێک لە نهۆمەکانى یەکەى نیشتەجێبوونى (MRF) تاوەرس خستەڕوو و ڕایگەیاند، "دواى کاتژمێر پێنجى ئێوارە ئاگادارکراینەوە، کە ڕووداوێکى ئاگرکەوتنەوە هەیە لە پڕۆژەى یەکێک لە باڵەخەکانى (MRF) تاوەرس لەسەر شەقامى (100) مەتر، کە ژمارەیەکى زۆرى ژن و منداڵ، تەنانەت کەمئەندامیشى تێدا بوو، کە بە هۆى ئاگرەکەوە گیریان خواردبوو."

وتەبێژى بەرگریى شارستانى هەولێر دووپاتى کردەوە، "لە ماوەیەکى کەمدا تیمى هەموو بنکەکانى دەرەوە و ناوەوەى شارى هەولێر گەیشتنە شوێنى ڕووداوەکە، دەتوانم بڵێم زیاتر لە (100) کەس توانرا ڕزگار بکرێن و بگوزارێنەوە بۆ شوێنکى سەلامەت."

سەبارەت بە زیانە گیانییەکانى ڕووداوى ئاگرکەوتنەوەکە، رائد سەرکەوت کارەش زیاتر ڕووینکردەوە، "بە داخەوە کچێکى بەڕەگەز عەرەب، کە خەڵکى سووریایە و لە یەکێک لە چێشخانەکانى هەولێر کارى دەکرد، بە هۆى نەمانى ئۆکسجینەوە گیانى لەدەستداوە."

گووتیشى، "تاوەکو ئێستا زیانە ماددییەکان دیار نین، بەڵام تیمەکانمان خەریکى لێکۆڵێنەوە و خەملاندنى زیانە ماددییەکان، دواى تەواوبوونى کارەکان، زیانەکان بۆ ڕاى گشتى ڕادەگەینین."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین