سەرۆک بارزانى و باڵیۆزى دانیمارک پڕۆسەی سیاسیی عێراق تاوتوێ دەکەن کوردستانی

نوچەنێت:

باڵیۆزى دانیمارک لە عێراق، ئەمڕۆ لە دیدارێکدا سوپاس و پێزانینى خۆى بۆ سەرۆک مەسعود بارزانى دەردەبڕێت و ڕۆڵیان بەرزدەنرخێنێت "لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان."

ئەمڕۆ چوارشەممە (22/حوزەیران/2022) لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیج پاولو بیراس باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق كرد كە بەبۆنەی كۆتایهاتنی ئەركەكانی لە عێراق و ماڵئاوایی سەردانی سەرۆك بارزانی كردبوو.

بارەگاى بارزانى لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "لە دیدارەكەدا باڵیۆزی دانیمارك لە عێراق پێزانینی بۆ ڕۆڵی سەرۆك بارزانی لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی كوردستان هەبووە و، سوپاسی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیشی كرد بۆ هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ حكوومەتی دانیمارك لەبارەی ئەو دوو هاووڵاتیەی دانیماركی كە ماوەیەك پێش لە هەرێمی كوردستان تووشی گرفت هاتبوون."

بەپێى ڕاگەیێندراوەکەى بارزانى، سەرۆک بارزانى و باڵیۆزى دانیمارک، "هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بارودۆخی سیاسیی عێراق و تەحەددیات و ئاستەنگەكانی بەردەم پڕۆسەی سیاسیی عێراق" تاوتوێکرد.

هەروەها سەرۆک بارزانى، "لەبارەی بەشداریی هەرێم لە حكوومەتی داهاتوو و پڕۆسەی سیاسیی عێراق جەختی لەوە كردەوە كە مەرجەكانی هەرێم بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق پابەندبوونی لایەنە سیاسییەكانی عێراقە بە هەرسێ پڕەنسیپی شەراكەت و هاوسەنگی و سازان."

دەشڵێت، "لە بەشێكی تری كۆبوونەوەكەدا بیروڕا لەبارەی هەڕەشەكانی تیرۆر لەسەر سەقامگیریی ناوچەكە و بارودۆخی شنگال ئاڵوگۆڕ كرا."

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین