قوباد تاڵەبانى: زانیارى تەواومان هەیە لەسەر ئەو لایەنەى هێرشیان کردەسەر کێڵگەى گازى کۆرمۆر کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە کۆبوونەوەى هەفتانەى ئەنجوومەنى وەزیران ڕایدەگەیێنێت، "ئامانج لە هێرشەکانی سەر هەرێم، زیان گەیاندنە بە سەرچاوەی دارایی و ئابووریی و پەکخستنی پرۆسەی وەبەرهێنانە لە هەرێمی کوردستان."

ئەمڕۆ چوارشەممە (29/حوزەیران/2022) ئەنجوومەنى وەزیرانى هەرێمى کوردستان بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی ئەنجومەن کۆبووەوە.

حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا "سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، باسی لە بابەتی چەند بارەبوونەوەی هێرشە تیرۆریستیەکان بۆ سەر خەڵک و ژێرخانی ئابووریی هەرێمی کوردستان لە چەند مانگی ڕابردوودا كرد، سەرۆک وەزیران ئاماژەی بەوەدا، ئامانج لە ئەو هێرشانە زیان گەیاندنە بە سەرچاوەی دارایی و ئابووریی هەرێم و پەکخستنی پرۆسەی وەبەرهێنانە لە هەرێم، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپارد کە ئەرکی خۆیان لە پارێزگاریکردن لە دامەزراوە نیشتیمانیەکانی هەرێم کە سەرچاوەی دابینکردنی مووچە و خەرجیە گشتیەکانی هەرێمە جێبەجێ بکەن.

 هەر سەبارەت بە هێرشە مووشەکییەکان بۆ هەر هەرێمى کوردستان، قوباد تاڵەبانى، جێگری سەرۆک وەزیران دەڵێت،  زانیاری تەواومان هەیە لەسەر ئەو لایەنەی هێرشەکانی کردووەتە سەر کێڵگەی غازیی کۆرمۆر و لێکۆڵینەوەی وردیش کراوە بۆ ئەوەی ڕێکاریان بەرامبەر وەربگیرێت. گوتیشی: ھێرشە‌كان كراونە‌تە‌ سە‌ر پڕۆژە‌ی فراوانكردنی كێڵگە‌ی کۆرمۆر نەک ئەو بەشەی کە ئێستا غاز بەرهەم دەهێنێت بۆ دابینکردنی پێویستی هاووڵاتییان."

هەروەها لە بڕگەیەکى دیکەى کۆبوونەوەکەدا، "ئەنجومەنی وەزیران دووپاتیکردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هەمیشە پابەندبووە بە دەستوور و ئامادەیە بۆ ڕێککەوتن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و چارەسەرکردنی کێشەکان لە سەر بنەمای دەستوور و شەفافانەش هەموو زانیاریەکانی سەبارەت بە داهات و خەرجیی و قەرز ومیلاکی وەزیفیی، بە ژمارە خستووەتە بەردەم تیمی دیوانی چاودێری دارایی عێراق، بۆیە هیچ چارەسەرێک لە دەرەوەی دەستوور قبوڵکراو نییە. ئەنجومەنی وەزیران داوا لە حکومەتی فیدڕاڵیی و وەزارەتی نەوت دەکات کە گوشاریی ناڕەوایان بۆ سەر وەبەرهێنەرانی نێودەوڵەتی بواری نەوت وگاز لە هەرێم ڕابگرن، کە دەبوو وەک دەوڵەتی فیدڕاڵیی، پشتیوانی پێشکەوتن و بووژاندنەوەی ئابووری هەرێم بن، نەک گوشاری ناڕەوا بکەن بۆ پەکخستنی ئەو بووژانەوەیە. هەروەها حکومەتی هەرێم بە هەموو شێوەیەک داکۆکی لە شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان دەکات و بۆ ئەم مەبەستەش، دەستەیەکی یاسایی سەرقاڵیی ئامادەکارییە."

لە بەشێکى ترى ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، "ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی دەربارەی پێشنیاری وەزارەتی کارو کاروباری کۆمەڵایەتی کرد کە تایبەت بوو بە دانانی چەند ڕێکار وپێوەرێک لە لایەن وەزارەتەکان لە پێناو ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسانی کار و پیشە لە کەرتی تایبەت بۆ دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆ وپەیمانگاکان، بە جۆرێک وابکرێت دەرفەتەکانی کارکردن بە شێوەیەکی یەکسان دابەش بکرێت کە ڕێگە بگیرێت لەوەی کەسێک سوودی زیاتر لە یەک دەرفەتی کار وەرگرتووە و ژمارەیەکی زۆریش لە هاووڵاتییانی دەرچووی زانکۆ وپەیمانگاکان بێ کارن و هیچ دەرفەتێکی کاریان لە کەرتی تایبەت بۆ نەڕەخساوە، ئەم بابەتە لە لایەن کوێستان محەمەد وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی خرایەڕوو. ئەنجومەنی وەزیران بە ئاراستەی پشتیوانی لە هەر بیرۆکە وپڕۆژە و ڕێکار و کارئاسانییەک کە ببێتەهۆی ڕەخساندنی دەرفەتی کار و پیشە بۆ هاووڵاتیان بە تایبەتی دەرچووانی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگاکان لە کەرتی تایبەت، بڕیاردرا کە پێشنیاری وەزارەتی کاروکاروباری کۆمەڵایەتی لە چوارچێوەی یاسای ژمارە 14ی ساڵی 1991 مامەڵە بکرێت و وەزیرەکان، ڕاسپێردران دەسەڵاتی خۆیان کە لەو یاسایە ئاماژەی پێدراوە، بەو ئاراستەیە بەکاربهێنن کە هەلی کار بە یەکسانی برەخسێنرێت."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین