مەسرور بارزانى: پێویستە حکومەتی عێراق رێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمى کوردستان بگرێت کوردستانی

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ باڵیۆزى بەریتانیا لە عێراق ڕایدەگەیێنێت، "پێویستە حکومەت رێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم بگرێت و وەک قەوارەیەکی فیدراڵی، رەفتار لەگەڵ بکات."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (30/حوزەیران/ 2022) مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد. 

نووسینگەى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، لە کۆبوونەوەکەدا، "دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی عێراق و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی ھەرێمی کوردستان و بەریتانیا تاووتوێکرا."

مەسرور بارزانى و مارک برایسن ریچاردسن، "هاوڕابوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بەتایبەت پرسی نەوت و گاز لەسەر بنەمای دەستوور".

هەروەها لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "هەرێمی کوردستان، پابەندییەکانی خۆی لە چوارچێوەی دەستوور جێبەجێ کردووە و پێویستە حکومەتی فیدراڵیش، رێز لە مافە دەستوورییەکانی هەرێم بگرێت و وەک قەوارەیەکی فیدراڵی، رەفتار لەگەڵ هەرێمی کوردستان بکات".

مەسرور بارزانى گووتیشى، "هەرێمی کوردستان، هەمیشە ئامادەیە بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە رێککەوتنێک، کە ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستانی تێدا پارێزراو بێت و لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت".

جێگەى ئاماژەپێدانە، دوێنێ ئەنجوومەنى وەزیران، لە کۆبوونەوەى هەفتانەى خۆیدا، جەختى لەوەکردەوە، پێویستە بەغدا شایستە داراییەکانى هەولێر بنێرێ و چیتر لە سەر پرسى گاز و نەوت گوشار نەخاتەسەر هەرێمى کوردستان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین