هەرێمی کوردستان کێشەی کوردستانی

لاڤین عومەر: تایبەت بە نوچەنێت

ژمارەی دانیشتوانی عێراق بەپەلە زیاد دەبێت و چاوەڕوانی تەقینەوەی دانیشتووانی لێ دەکرێت لە (10) ساڵی داهاتوودا، بەڕێوەبەری دەستەی ئاماری هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، "هەرێم ئەو کێشەی نییە".

لە راپۆرتێکی ماڵپەری (عەرەبی جەدید) دا هاتووە، کە عێراق کەوتووەتە خۆ بۆ کۆنتڕۆڵکردنی وەچەنانەوە، بەئامانجی کۆنتڕۆڵکردنی گەشەی خێرای دانیشتوان، ئەمە لە کاتێکدایە کە نیگەرانییەکان لەبارەی گەشەی نەویستراوی دانیشتوان لە عێراق دروست بووە، دوای ئەوەی راپۆرتێکی پێشتری وەزارەتی پلاندانانی عێراق کە بەرزبوونەوەیەکی بەرچاوی دانیشتوانەکەی ئاشکراکرد، لە ماوەی (10) ساڵی داهاتوو پێشبینی دەکەن بۆ ساڵی (2030) رێژەی دانیشتوان بگاتە (50) ملیۆن.

زەیا عەواد کازم سەرۆکی فەرمانگەی ناوەندی ئاماری وەزارەتی پلاندانانی عێراق، لەلێدوانێک بۆ رۆژنامەی سەباح رایگەیاندووە، "وەزارەت تا ئێستا ئامارێکی وردی لەسەر دانیشتوان نییە لە ئەنجامی کەمی سەرژمێری، بەڵام مەزندەی (41) ملیۆن کەس هەیە، هەروەها وەزارەتەکەی لە ئامادەکاریدایە بۆ ئەوەی لە مانگی تەموزدا (سەرژمێری دانیشتوان) دەست پێبکات و جەخت لە کۆنتڕۆڵی وەچەنانەوە دەکاتەوە".

ئەمڕۆ پێنجشەممە (30/حوزەیران/2022) سامان عزەدین، بەڕێوەبەری ئاماری هەولێر، لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت دەربارەی ئەو پڕۆژە یاسایەی کەلە عێراق هەیە بۆ کەمکردنەوەی وەچە نانەوە،کە پێشبینی دەکرێت بۆ ساڵی (2030) دانیشتوانی عێراق بگاتە (50) ملیۆن کەس، ئایا ئەم یاسایە کوردستانیش دەگرێتەوە؟ گوتی، "نەخێر لە کوردستان مەترسی نییە، لەبەر ئەوەی رێژەی گەشە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق جیاوازە، بابەتی رێکخستنەوەی خێزان لێرە رێکترە، ئەوەش لەو پێوانەی کە ئەنجاممانداوە، قەبارەی خێزان، گرنگی خێزان بۆ رێکخستنەوەی خێزان، هەرێمی کوردستان رێکترە لەوەی لە عێراق دەگوزەرێت."

 سامان عزەدین گوتیشى، "ئێمە بۆمان دەرکەوتووە لە هەرێمی کوردستان خێزان زیاتر گرنگی بە رێکخستنەوەی خێزان دەدات و زیاتر گرنگی دەدات بە رێکخستنەوەی ژیان وەک لەوەی دروستکردنی منداڵ".

 

 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین