كرمانج عه‌بدوڵا: رێكخراوه‌كان هه‌وڵیان داوه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ كه‌مپى مه‌خموور دووربخه‌نه‌وه‌ کوردستانی

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

كرمانج عه‌بدوڵا به‌رپرسى لقى 23ى قه‌ره‌چوخى پارتى دیموكراتى كوردستان لە مه‌خموور سه‌رنجى خۆى له‌سه‌ر هێرشه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ توركیا بۆ سه‌ر ده‌ڤه‌رى مه‌خموور ده‌دات و ده‌ڵێ، "خه‌ڵكێكى زۆرى مه‌ده‌نى له‌ناو كه‌مپى مه‌خموور له‌ سیاسه‌تى په‌كه‌كه‌ ناڕازین و له‌ هێرشه‌كانى توركیایش هه‌ر زیان به‌ر ئه‌وان ده‌كه‌وێت، رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان هه‌وڵیان داوه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ كه‌مپه‌كه‌ دووربخه‌نه‌وه‌، به‌ڵام په‌كه‌كه‌ گوێیان نه‌گرتووه‌".

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ پێنجى ته‌مووزى 2022 فڕۆكه‌یه‌كى بێفڕۆكه‌وانى توركیا شوێنێكى مه‌خموورى كرده‌ ئامانج، دژه‌ تیرۆری كوردستان له‌ راگه‌یێندراوێكى كورتدا باسى له‌وه‌ كردووه‌، باره‌گایه‌كى چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌ له‌ مه‌خموور له‌ لایه‌ن فڕۆكه‌یه‌كى بێ فڕۆكه‌وان كراوه‌ته‌ ئامانج زیانى گیانیش هه‌بووه‌.

كه‌چى میدیاكانى عێراق، له‌وانه‌ سۆمه‌رییه‌نیوز باسى له‌وه‌ كردووه‌، دوو فڕۆكه‌ى بێفڕۆكه‌وان هێرشه‌كه‌یان ئه‌نجام داوه‌. سه‌ره‌تا وا بڵاوكرایه‌وه‌ هێرشه‌كه‌ بۆ سه‌ر كه‌مپى مه‌خمور بووه‌، كه‌چى به‌رپرسێكى باڵاى پارتى ره‌تی ده‌كاته‌وه‌ هێرشه‌كه‌ى ئه‌مڕۆ كرابێته‌ سه‌ر كه‌مپى مه‌خموور.

كرمانج عه‌بدوڵا به‌رپرسى لقى 23ى قه‌ره‌چوخى پارتى له‌ مه‌خموور له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت گوتى، "بێگومان ئەمڕۆ فڕۆکەکان لەناو کەمپیان نەداوە، لە رەباییەکی پەکەکە دراوە، لە شوێنێك لە بناری چیای قه‌رەچووغ كه‌ گه‌لى عه‌باسى پێده‌ڵێن، هێزی چەکدارانی پەکەکەی لێیە، تا ئێستا هیچ هەواڵێکی ورد و ده‌قیق نەگەیشتوە، کە زەرەر و زیانەکان چەندە، بەڵام بۆردومانەکە لەناو کەمپ نه‌بووه‌، لە رەباییەکی پەکەکەی داوە".

كرمانج عه‌بدوڵا له‌ لێدوانه‌كه‌ى دووپاتى كرده‌وه‌ ئه‌وان زۆر هه‌وڵیان داوه‌ په‌كه‌كه‌ له‌ناو خه‌ڵكى مه‌ده‌نى دوور بخه‌نه‌وه‌، چونكه‌ له‌و جۆره‌ هێرشانه‌ى توركیا به‌ پله‌ى یه‌كه‌م خه‌ڵك زه‌ره‌رمه‌ند ده‌بن، كرمانج عه‌بدوڵا گوتى، "ئێمە زۆر دەمێکە هەوڵ دەدەین، پەکەکە  هێزی چەکداریی خۆی، رەباییەکانی چەکدارەکانی خۆی لەناو کامپەکە بباتە دەرەوە، تێکەڵ بە خەڵکی مەدەنی نەکات، بەڵام ئەوان تەنیا گوێ لە خۆیان دەگرن، بەشی هەرە سەرکی پەکەکە بۆ خۆی بۆتە سەرئێشە بۆ خەڵکی مەدەنی ناو کامپەکە، هەر جارەک فڕۆکەکانی تورکیا کە دێن ناوچەکە بۆردومان دەکەن بە راستی خەڵکی مەدەنی دەبنە قوربانی کەلەڕەقییەکەی هێزی چەکدارانی پەکەکە، ئەمە هۆکاری سەرەکی، خەڵكێکی زۆریش لەناو کامپەکە بە راستی بێزارن لەو سیاسەت و هەڵسوکەوتانەی چەکدارانی پەکەکە، بەڵام چاریان نییە کە بتوانن دەنگی خۆیان هەڵبڕن".

ئه‌و به‌رپرسه‌ى پارتى ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌یش ده‌كات، رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانیش هه‌وڵیان داوه‌، كه‌مپى مه‌خموور ته‌نیا كه‌مپێكى مه‌ده‌نى بێت، كرمانج عه‌بدوڵا ده‌ڵێ، "کاتی خۆی ئیدارەی ئەوێ  ئیدارەی سنوورەکە، هەم نەتەوە یەکگرتوەکان، هەم رێکخراوەکانی خێرخوازی جیهانی، زۆر هەوڵیاندا کە ئەم کامپە کامپێکی مەدەنی بێت، چۆڵ بکرێت لەبارەی چەکداری، بەڵام په‌كه‌كه‌ گوێى نه‌گرت، بۆیە ئێستا خەڵکەکە بونەتە بارمته‌ى ئەو سیاسەتەی کە پەکەکە".

كرمانج عه‌بدوڵا له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌ى گوتى، “هەر وەکو باسم کرد پەکەکە، سەرئێشەی دروست کردووە، ئەمەش زیاتر بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی کوردستانی باکوورە، کە لە کامپی مەخمور دەژین، ئەگەر بیانتوانیبا کێشە دروست بکەن (دیارە دەسەڵاتیان نییە) ئەگەرنا وەکو شنگالیان دەکرد، کێشەیان بۆ خەڵک دروست دەکرد”

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین