گولیزار رەشید: ئه‌گه‌ر به‌نزینى 800 دینارى خراپ بێت كه‌واته‌ هیچمان نه‌كرد کوردستانی

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

گولیزار رەشید سندى جێگری سەرۆکی وزە و سامانە سروشتییەکان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان بۆ نوچەنێت دووپات له‌سه‌ر خراپبوونى كوالێتى به‌نزینى 800 دینارى ده‌كاته‌وه‌ و ده‌ڵێ، "ده‌بێت حكومه‌تى كار بۆ باشتركردنى كوالێتییه‌كه‌ى بكات و ئێمه‌یش پشتگیرى ده‌كه‌ین، به‌ڵام ئه‌گه‌ر كوالێتى به‌نزینه‌كه‌ خراپ بێت كه‌واته‌ هیچمان نه‌كرد".

ئەمڕۆ سێشەممە پێنجى تەمووزى 2022 گولیزار رەشید جێگری سەرۆکی لیژنەی وزە و سامانە سروشتییەکان لە پەرلەمانی کوردستان، دەربارەی کوالێتی بەنزینی (800) دیناری و بەدواداچوون بۆ ئەو بەنزینە، لە لێدوانێکی تایبەت بۆ نوچەنێت گوتی، "دوای ئەوەی بەنزین لە عێراقەوە بۆ هەرێمی کوردستان دەهات بە شێوەیەکی پچڕپچڕ لە (8/حوزەیران) رایانگرت، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە بڕى سێ ملیار دینار بە شێوەیەکی بازرگانی لە حکومەتی عێراقی دەکڕی، بە هاووڵاتییان بە (690) دەفرۆشرایەوە، لەدوای راگرتنی ئەو بەنزینە حکومەتی هەرێمی کوردستان ناچاربوو بە دوای بەدیلێکدا بگەڕێت بۆ ئەو کێشەیە، چونکە نرخەکە زیاتریش دەبوو، بۆیە لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیاریاندا کە سێ ملیۆن لیتر هەتا سێ ملیۆن و نیو لیتر بەنزین بەرهەم بهێنن بۆ ناوخۆی هەرێم و رۆژانە به‌ هاووڵاتییان بدرێت".

ده‌بێت حكومه‌ت چاودێریى به‌نزین زیاتر بكات
چونكه‌ ئه‌مجاره‌ خۆى دابینى ده‌كات

سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ ئەو بەنزینەی کە ئێستا بە نرخی (800) دینار دەفرۆشرێتەوە بە هاووڵاتییان، گولیزار رەشید دەڵێت، "ئێمە وەکو لیژنە چووینەتە وەزارەتیش، بەدواداچوونمان بۆ ئەم بابەتە کردووە، به‌رهه‌مهێنانى به‌نزینه‌كه‌ له‌ كۆمپانیاى قه‌یوانه‌ و  جەختمان لەسەر کوالێتی و جۆری بەنزینەکەش کردووە، دواتر ئێمە وەکو لیژنە قسەمان لەگەڵ وەزارەتیش کردووە کە ئەگەر بە پاڵپشتیش دەدرێتە خەڵکی بەڵام بە کوالێتییەکی باش بدرێت، هەر هیچ نەبێت کاریگەريی لەسەر ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان نەبێت، کەواتە کوالێتییەکەی باش نییە، پێشتر حکومەت چاودێری بەنزینی بازرگانی دەکرد، ئەگەر کوالێتی باش نەبووایە سزای دەدان، ئەمجارە حکومەت خۆی دابینی دەکات، دەبێت ئێستا خۆی چاودێری کوالێتی ئەو بەنزینە بکات، چونکە جێی مەترسییە، دەبێت حکومەت بە وریاییەوە هەڵسوکەوت بکات".

ئەو ئەندام پەرلەمانە دەشڵێت، "ئێمە پاڵپشتی حکومەت دەکەین، کە هاوکاری خەڵک بکات بە نرخێکێ گونجاو بەنزین بدات بە هاووڵاتییان، بەڵام بەو مەرجەی کوالێتی باش بێت و خراپ نەبێت، ئەگەر بێت و ئێمە پاڵپشتی خەڵک بین و پاڵپشتی حکومەتیش بین بە کوالێتی خراپ کەواتە ئێمە چیمان کرد؟ ناکرێت هەموو رۆژێک خەڵکی سەیارەی لای فیتەر بێت، لەگەڵ ئومێد خۆشناویش قسەمان کردووە کە بڕیارە دوای (10) رۆژی تر پاڵاوگەی لاناز بەنزین بەرهەم بهێنێت بە کوالێتییەکی باشتر، هەر کێشەیەکیش هەبێت دەبێت چارەسەر بکرێت و هاووڵاتی زەرەرمەند نەبێت، چاودێریش بەشێکە لەوە، پێش ئەو بەنزینە (800) بێت بەنزینی (690) تا ئاستێک کوالێتی باشبوو، هەرچەندە لەگەڵ مەوادی تریش تێکەڵ دەکرا، هەندێکجاریش بەنزینخانەکانیش هۆکارن کە مادەی خراپ تێکەڵ دەکەن بەنزینێکی خراپ دەدەن، ئێستا لە چاودێریدا دەرچووە ئەو بەنزینەی کەبە (800) دینار دەیهێنن خراپە و دەبێت حکومەت خۆی زۆر بەوردی چاودێریی ئەو پاڵاوگەیە بکات کە ئەو بەنزینە بەرهەم دەهێنێت".

سه‌ره‌تاى ئه‌م مانگه‌ حكومه‌تى بۆ دابینكردنى به‌نزینى ئۆتۆمبیلى تایبه‌ت، بڕیارى دا پاڵپشتى دا بۆ به‌نزینێك كه‌ نرخى هه‌ر لیترێك به‌ 800 دیناره‌، به‌ڵام ئێستا خه‌ڵك و به‌رپرسان گله‌یى له‌ خراپى كوالێتى ئه‌و به‌نزینه‌ ده‌كه‌ن.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین