لیزا فەلەکەدین کاکەیى: تاوەکو ئێستا حەشدى شەعبى تاوانبارانیان ڕادەست نەکردووە کوردستانی

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

ئەندامێکى پەرلەمانى کوردستان لە پێکهاتەى کاکەییەکان، دەربارەى سوکایەتیى پێکردنى پێشمەرگەیەکى کوردى کاکەیی لەلایەن مەفرەزەیەکى حەشدى شەعبى دەڵێت، "ئەو هەڵسوکەوتە نەشیاوەی گروپێکی لەیاسا دەرچووى حەشدی شەعبی، بەرامبەر بە کوڕە کوردێکی کاکەیی، یەکەمجارە شتێکی وا لە ناوچە کوردستانییەکان ڕووبدات."

ئەمڕۆ سێشەممە (26/تەممووز/2022) لیزا فەلەکەدین کاکەیى، ئەندامى پەرلەمانى کوردستان لە فراکسیۆنى پارتى، سەبارەت بە هێرشکردنە سەر گەنجێکى کوردى کاکەیى لە کەرکووک تایبەت بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، لەدوای (16)ی ئۆکتۆبەرەوە، كاكەییەکان رووبەڕوویی چەندین هەڕەشە بوونەتەوە، وەک سوتانی دەغڵودانەکانیان، وێرانکردنی گوندەکانیان، ترساندن و ڕفاندنیان بۆ ئەوەی کە گوندەکانیان بەجێبێڵن."

ليزا كاکەیى سەبارەت بە کاردانەوەى کاکەییەکان لەسەر ئەم ڕووداوە ڕاگەیاند، "مەترسى سەر کاکەییەکانى ئەمڕۆ گەیشتۆتە ئاستی ئەوەی بە ڕۆژی رووناک، هەڵبکوتنەسەر هاوڵاتیانی کوردی کاکەیی، ئەمە دەرخەری ئەوەیە کە لەم ناوچانە هیچ پێکهاتەیەک پارێزراو نییە، ئێمە ئومێدێکی زۆرمان بە جەنابی سەرۆک بارزانی هەیە، ڕاگەیێندراوەکەى بارەگای بارزانیش هێز و ورەی بە کاکەییەکان بەخشى، دواتر ئەوە بوو کاردانەوەی زۆری لێکەوتەوە، وە وەزارەتی ئەوقاف و وەزارەتی پێشمەرگەش ڕاگەیێندراویان بڵاوکردەوە."

ئەو ئەندام پەرلەمانى کوردستان جەخت دەکاتەوە، "پڕۆسەی تەعریب بەردەوامە، لە ڕووی ئایینی و نەتەوەییەوە لە سنوورى کەرکوک، وە بە هۆى دروستبوونى بۆشایی ئەمنى لەو ناوچانە، ئێستا تەرکیزەکە لەسەر پێکهاتەی کاکەییەکانە، چونکە دەزانن كاكەييەكان لەئەسڵدا کوردن و نایانەوێت شوێنەکانی خۆیان بەجێبهێڵن، وە پێشبینی ئەمە دەکەین، ڕۆژ بە ڕۆژ فشارەکان زیاتر بن." 

لیزا کاکەیى بۆ نوچەنێت ئاشکراى دەکات، "تاوەکو ئێستا تاوانباران ڕادەست نەکراون، ئەم کێشەیە نەکوژاوەتەوە، بۆیە کاکەییەکان توڕەن و ئێمەش ناتوانین کۆنتڕۆڵى ئەو هەموو کاکەییە بکەین، چونکە ئەوەی کرا دەسترێژییە بۆ سەر پیرۆزییەکانی ئێمە، بۆیە گرەنتی ئەوە ناکەین کە کێشەى گەورەتر ڕوو نەدات، ئەم ڕووداوە بە ڕادەست نەکردنی تاوانباران ڕەنگە کاردانەوەى ترى لێبکەوێتەوە، بۆیە هیوادارم نەگاتە ئەم ئاستە بەزورترین کات تاوانباران رادەستی یاسا بکرێنەوە."

بنەماڵەى تاوانبارەکان داوایان لە ڕیش سپیانى کاکەیى کردووە، کوڕەکانیان ڕادەستى ئەوان دەکەن، بەڵام هەروەک ئەو ئەندام پەرلەمانە باسى دەکات، کاکەییەکان ئەو پێشنیارەیان ڕەتکردۆتەوە، بەڵکو داوا دەکەن، "دەبێ دادگا و یاسا مامەڵە لەگەڵ تاوانباران بکەن، باشترین چارەسەر ئەوەیە کە یاسا وەکو خۆی جێبەجێبکرێ بکرێن."

دواى ئەو ڕووداوە، پیاوماقوڵان و ڕیش سپیانى کاکەیی کۆبوونەوە، سەبارەت بە ئامانجى ئەم کۆبوونەوەیە، لیزا کاکەیى دەڵێت، "خەڵکێکی زۆر کۆبونەوە لە پێکهاتەی کاکەیی، حاڵەتی ئەمنیش لەوێ ناجێگیرە، تەنها بۆ ئارامکردنەوەی دۆخەکە و گەڕانەوەى خەڵک بۆ ماڵی خۆیان بوو، وە بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتر بدرێ بە لایەنی حەشدی شەعبی، تاوەکو گفتوگۆکان بە شێوەیەکی ئاشتییانە بەڕێوە بچێت ومۆڵەتەکە درێژ بکرێتەوە، وە تا ئێستا هیچ سولحێکی عەشایریی نەکراوە، داواکرا حەشدی شەعبی تاوانباران ڕادەست بکەن، بەڵام تاوەکو ئێستا رادەستیان نەکردییە."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین