مەسرور بارزانى: تاوانى کۆمەڵکوژى ئێزدییەکان هێندە جەرگبڕ بوو هەرگیز لەبیر ناچێتەوە کوردستانی

نوچەنێت:

مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لە ساڵیادى کۆمەڵکوژى خەڵکى شنگال پەیامێکى بڵاوکردەوە و تێیدا دەڵێت، "ئەم تاوانە هێندە جەرگبڕ بوو، کە هەرگیز لەبیر ناچێتەوە و ویژدانی گەلی کورد و مرۆڤایەتی تووشی شۆک کرد."

ئەمڕۆ چوارشەممە (3/ئاب/2022) مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە هەشتەمین ساڵیادى کۆمەڵکوژى ئێزدییەکان لە شنگاڵ لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ تیمێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌ڵه‌تی تایبه‌ت به‌ تاوانه‌كانی داعش (یونیتاد) هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وامه‌، بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش و زیاتر ناساندنی جینۆسایدی خوشك و برا ئێزدییه‌كان به‌ جیهان."

 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌ی مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان:

له‌ هه‌شته‌مین ساڵڕۆژی جینۆسایدكردنی خوشك و برا ئێزدییه‌كان له‌ شنگال و ده‌وروبه‌ری له‌سه‌ر ده‌ستی تیرۆریسته‌ دڕنده‌كانی داعش، به‌خه‌مه‌وه‌ یادی شه‌هیدان و بێسه‌روشوێنانی ئه‌و تاوانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌، كه‌ هه‌زاران كه‌س به‌ كۆمه‌ڵ شه‌هیدكران.

ئەم تاوانە هێندە جەرگبڕ بوو، کە هەرگیز لەبیر ناچێتەوە و ویژدانی گەلی کورد و مرۆڤایەتی تووشی شۆک کرد، نابێت رێگە بدرێت ئەم کۆمەڵکوژی و تاوانە دووبارە ببێتەوە.

له‌و بیره‌وه‌ریه‌دا پێویسته‌ قوربانیانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ رزگاركردنی شنگال به‌ رێبه‌رایه‌تی و سه‌رپه‌رشتی راسته‌وخۆی جه‌نابی سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی له‌بیرنه‌كه‌ین، كه‌ به‌ خوێنی گه‌شی سه‌دان پێشمه‌رگه‌ی قاره‌مانی كوردستان، شنگال له‌ژێرده‌ستی داعش رزگاركرا.

خوشك و برا ئێزدییه‌كان، له‌ مێژووی كۆن و نوێدا و به‌ درێژایی ساڵانی رابردوو، به‌ داخه‌وه‌ گه‌لێك ئێش و ئازار و ده‌رده‌سه‌رییان به‌سه‌رهاتووه‌، ئێستاش به‌خۆسه‌پاندنی گرووپه‌ چه‌كدارییه‌كان، شنگال تا ئێستا ناوچه‌یه‌كی ئارام نییه‌ و خه‌ڵكی ئه‌وێ ئاواره‌ن و ناتوانن بگه‌ڕێنه‌وه‌، بۆیه‌ داوای جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی شنگال و ئاساییكردنه‌وه‌ی ده‌ڤه‌ری شنگال و ده‌ركردنی میلیشاكان و گرووپه‌ چه‌كداره‌ له‌ یاساده‌رچووه‌كان ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی كۆتایی به‌ ئێش و ئازاری ئاواره‌كانی شنگال بێت و به‌سه‌ر بڵندییه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ ناوچه‌كانی خۆیان.

له‌و بیره‌وه‌رییه‌ خه‌مناكه‌دا دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ هه‌وڵه‌كانی خۆی به‌رده‌وام ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی فیدراڵ و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌ڵه‌تی، بۆ ئه‌وه‌ی خوشك و برا ئیزدییه‌كان به‌ سه‌ربڵنییه‌وه‌ بگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر ماڵ و حاڵی خۆیان، پێویسته‌ به‌گوێره‌ی یاسای رزگاربووانی ئێزدی، شنگال و شوێنه‌كانی دیكه‌ ئاوه‌دان بكرێته‌‌وه‌ و خزمه‌گوزارییان پێشكه‌ش بكرێت، كه‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق په‌سه‌ندی كردووه‌، قه‌ره‌بووی كه‌سوكاری قوربانیان بكرێنه‌وه‌.

هاوكات حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ تیمێكی لێكۆڵینه‌وه‌ی نێوده‌ڵه‌تی تایبه‌ت به‌ تاوانه‌كانی داعش (یونیتاد) هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی به‌رده‌وامه‌، بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش و زیاتر ناساندنی جینۆسایدی خوشك و برا ئێزدییه‌كان به‌ جیهان.

هه‌زاران سڵاو له‌ گیانی پاكی شه‌هیدانی جینۆسایدی شنگال و ته‌واوی شه‌هیدانی كوردستان

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

3ی ئابی 2022

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین