دڵشاد شەهاب: کۆبوونەوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێم تایبەت دەبێت بە هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان کوردستانی

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

دڵشاد شەهاب، ڕاوێژکارى باڵاى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، تایبەت بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "سبەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان کۆدەبێتەوە بە ئامادەبوونى جینین بلاسخارت، نوێنەرى سکرتێرى نەتەوەیەکگرتووەکان لە عێراق."

ئەمڕۆ سێشەممە (نۆى/ئاب/2022) دڵشاد شەهاب، ڕاوێژکارى باڵاى سەرۆکى هەرێمى کوردستان، سەبارەت بە ناوەڕۆکى کۆبوونەوەکەى سبەى سەرۆکى هەرێمى کوردستان لایەنە سیاسییەکان لەسەر پرسى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان، بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "تایبەت دەبێت بە کاتى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان و دوا بڕیار دەدرێت بۆ دیاریکردنى وادەیەک بۆ ئەو پرۆسەیە."

دڵشاد شەهاب زیاتر روونیکردەوە، "دوو مانگ لەمەوبەر کۆبونەوەیەکی تر لە سەرۆکایەتی هەرێم بەڕێوەچوو، بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە ئامادەبوونی جینین بلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و وەفدی یۆنامی، کە سەرۆکی حزبەکانی بەشدار لە پەرلەمانی کوردستان ئامادەبوون کۆبوونەوەکە ئامادەکاری بووە بۆ هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان و لێک نزیککردنەوەی لایەنەکان و چارەسەرکردنی ئەو گرفتانەی کە لەنێوان لایەنەکاندا هەیە، بێگومان لەو کاتەوە تا ئێستا سەرۆکایەتی هەرێم بەردەوام چاودێری ئەو پڕۆسەیە دەکات."

سەبارەت بە کۆبوونەوەکەى سبەى گووتیشى، "هەمان ئەو لايەنانەى لە کۆبونەوەی رابردوو بەشدار بوون، بۆ کۆبوونەوەکەى سبەى دووبارە ئەو لایەنانەى کورسیان لە پەرلەمانی کوردستان هەیە، بانگهێشتکراون بۆ کۆبوونەوەکەى ڕۆژى چوارشەممەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان."

جێگەى ئاماژەپێدانە، وا بڕیارە سبەى لایەنە سیاسییەکان لەسەر ئاستى کەسى یەکەمى حیزبەکانیان بەشداربن لە کۆبوونەوەکەى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، کە بەسەرپەرشتى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان بەڕێوەدەچێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین