دڵنیا ره‌زازى: دایكم زۆر ده‌نگى منى پێخۆشبوو رەنگاورەنگ

لاڤین عومه‌ر، تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

دڵنیا ره‌زازى هونه‌رمه‌ند له‌ دیمانه‌یه‌كى كورتى نوچه‌نێت باس له‌ دوایین كارى خۆى ده‌كات و هه‌ندێك تێبینى و سه‌رنج له‌سه‌ر هه‌ندێك لایه‌نى هونه‌ریى ده‌دات. دڵنیا باس له‌وه‌ ده‌كات به‌ هۆى زۆرى ژماره‌ى هونه‌رمه‌ندان له‌ناو خێزانه‌كه‌ له‌ منداڵییه‌وه‌ هه‌ستى بۆ هونه‌ر هه‌یه‌ و ته‌نانه‌ت "خۆى وهونه‌ر به‌ دووانه‌ ده‌زانێ" دڵنیا ده‌شڵێ، "دایكم ده‌نگى منى زۆر پێخۆشبوو".

نوچەنێت: لەسەرەتادا چۆن بوو بڕیارت دا گۆرانی بڵێی؟ ئایا حەز بوو یاخو شتێکی ترە؟

دڵنیا رەزازی: من لە خانەوادەیەک گەورە بووم کە دەوروبەرم پڕ بوو لە هونەرمەند، من لە کەشێکی مۆسیقی گەورە بووم، هەمیشە گوتوومە، هونەر بە دەمارەکانمدا رۆچووە. ئەمەش کاردانەوەی دایک و باوکم کە کاریگەرییەکی ئێجگار زۆری لەسەر هەبوو، دایکم زۆر دەنگی منی پێخۆشبوو، لە منداڵییەوە هانی داوم کە گۆرانی بڵێم.

نوچەنێت: لە ئێستادا پێت وانییە کوردستان پێویستی بە هونەرمەندی ئافرەت هەیە؟

دڵنیا رەزازی: من پێموایە ئێستا کۆمەڵێک ژنە هونەرمەندی زۆرباش کاری هونەری هەن کە جێپه‌نجه‌یان دیارە، ئەوە مایەی دڵخۆشییە بەڵام هێشتا زیاتر رۆڵی ئافرەتمان پێویستە، چ لە بواری هونەریدا بێت چ لە بواری سیاسەتدا بێت، یان لە هەر بوارێکی بەرەو پێشچوونی کوردستان بێت.

نوچەنێت: دەتوانم بڵێم دڵنیا رەزازی چەند بەرهەمی هەیە؟

کاری گۆرانی نوێم لە پێشە

دڵنیا رەزازی: من نەم ژماردووە کە چەند بەرهەمم هەیە، چونکە ئێستاش کاری گۆرانی نوێم لە پێشە لە ئایندەیەکی نزیکدا، بەڵام کەی تەواو بوو وەڵامی ئەو پرسیارەت دەدەمەوە.  

نوچەنێت: وەکو هونەرمەندێک بە چ ستایلێک ئاسوودەی، و خۆت لە کام ستایل دەبینیتەوە؟

دڵنیا رەزازی: پێموابێت هونەرمەند دەبێت خۆی لە گشت فۆڕمەکانی میوزیکدا تاقی بکاتەوە، نابێت سنوور بۆ خۆی دابنێت، بەڵام بەو شێوازەی خۆم کە ئێستا هاتوومەتەوە ناو مەیدانی کاری هونەری کوردی، زۆرکاری گۆرانی نوێم لە پێشە ئاسوودەم چونکە لەگەڵ هەست و دەنگی من زۆر دەگونجێت.  

نوچەنێت: گوێبیستی ئەوەبووین بەرهەمی تازەت هەیە، ئایا کەی بڵاوی دەکەیتەوە؟

دڵنیا رەزازی: ئەگەر هەموو شت بە باشی بچێتەپێشەوە کات بۆ من گونجاو بێت، ئەوە بێگومان تا یەک مانگی تر یەکەمین گۆرانیم بە شێوازی کلیپ بڵاو دەکەمەوە.  

هیوادارم کە رۆژێک بتوانم بەیەکجاری لە کوردستان بژیم 

نوچەنێت: بڕیاری گەڕانەوەی یەکجاریت بۆ كوردستان نەداوە؟

دڵنیا رەزازی: پێموابێت تاکە شوێن کە رۆحم لێی ئارام بێت کوردستانە، ئەمە ئەو بیر و باوەڕەیە کە دایکم و باوکم فێریان کردووم، بەڵام ئەگەر ئەو ئیمکاناتە بۆ من دەست نەدات، ناتوانم بەو شێوازە بژیم و بەردەوام لە کوردستان بم، هیوادارم کە رۆژێک بتوانم بەیەکجاری لە کوردستان ژیان بکەم و رۆحم بۆ هەمیشە ئارام بێت.

نوچەنێت: وەک هونەرمەندێک، هونەری ئێستاى کوردی چۆن دەبینی ؟

دڵنیا رەزازی: بەڵێ پێشکەوتنی باش هەبووە، بەڵام ئێمە وەک میللەتی کورد پێویستە بە ستایل و کەلتوور و فەرهەنگی و مۆسیقای گەلانی تر شارەزایی تەواو پەیدا بکەین تا بتوانین بە جۆرەها شێواز و زمان گۆرانی بڵێین و لەم رێگەیەوە زیاتر بە گەلانی تر ئاشنای گۆرانی و مۆسیقای کوردی بکەین

نوچەنێت: رۆڵی ئافرەت چۆن دەبینی لە هونەردا، پێت وانییە ساردییەک هەیە لە هونەر؟

دڵنیا رەزازی: پێموانییە ساردی هەبێت هەر یەکێک لەو خانمە گۆرانیبێژە کوردانەی ئێستا گۆرانی دەچڕن، هەریەکەیان شێوازی تایبەتی خۆی هەیە، کە ئەمە فۆڕمێکی تری داوەتە مۆسیقا و هونەری کوردی و رۆڵێکی گرنگە کە خانمان کاریان لەسەر کردووە.

نوچەنێت: هونەر لای تۆ چی دەگەیەنێت ؟

دڵنیا رەزازی: هونەر ئەو شتەیە کە لە منداڵییەوە تا ئێستا وەک هەناسە پێویست و وەک خوێن بەدەمارەکانمدا هاتووچۆی کردووە، من و هونەر دووانەیەکی پێکەوە گرێدراوین.

نوچەنێت: وەک دەزانرێت زانین و ژەنین گرنگە لە گۆرانیدا، تۆ وەک هونەمەندێک چ ئامێریكی میوزیک دەزانی، و حەز بە کام ئامێری میوزیکی دەکەی؟

دڵنیا رەزازی: ئەگەر هونەرمەند شارەزای ئامێرەکانی میوزیک بێت، گرنگی و تایبەتمەندی زۆری هەیە، من دوو ساڵ وانەی ئامێری پیانۆم خوێندووە و بە باشی کارم لەسەر کردووە چێژی تایبەتی لەلای من هەیە.

من و هونەر دووانەیەکی پێکەوە گرێدراوین


نوچەنێت:بە بڕوای تۆ چۆن رێگە خۆش بکرێت بۆ ئەوەی هونەرمەندان ئاشت ببنەوە بە هونەر؟

دڵنیا رەزازی: پێش هەموو شتێک ئێمە دەبێت فێربین رێز لە راوبۆچوونەکانی هونەرمەند بگرین، واتە هیچ کاتێک نابێت بێ رێز بین، فێری بێگانەپەرستیش نەبین، ئەگەر لەسەر بابەتێکیش رەخنەمان گرت، رەخنەکانمان درووستکەر بن نەک رووخێنەر، ئێمە ئەوەبین کە ژیانی تایبەتی هونەرمەند لە هونەرەکەی جیاکەینەوە، با ئێمەی هونەرمەند هەست بەو ئازادییە بکەین لەناو خەڵکەکەی خۆماندا کە هەین دەتوانین کاری جوان بکەین، بە تایبەت ئێمەی ژن پێویستە دەستێکی باڵا و دیارمان هەبێت لە ئاشتبوونەوە و پێشچوونی هونەری کوردیدا. 
‎ 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین