بودجه‌ى فیلمى رەنگاورەنگ

دیارى چوچانى- تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

فیلمى "كاكه‌م ده‌زانێت" كه‌ فیلمێكه‌ كۆمه‌ڵێك هونه‌رمەندى رۆژهه‌ڵات و باشوورى كوردستان به‌یه‌كه‌وه‌ كۆده‌كاته‌وه‌، ئه‌م هه‌فته‌یه‌ له‌ سلێمانى په‌خش ده‌كرێت و ئاماده‌كارى فیلمه‌كه‌ بۆ نوچه‌نێتى ئاشكرا ده‌كات كه‌ نزیكه‌ى 70 هه‌زار دۆلار له‌و فیلمه‌ خه‌رج كراوه‌.

ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 13/ئه‌یلوول/2022 سه‌ردار سوهرابى ئاماده‌كارى فیلمى "كاكه‌م ده‌زانێت" له‌ لێدوانێكى بۆ نوچه‌نێت باس له‌ هه‌ندێك لایه‌نه‌كانى به‌رهه‌مهێنانى فیلمه‌كه‌ ده‌كات و ده‌ڵێ، “من ماوەیەکی زۆرە لە سلێمانی دەژیم لە ساڵی 2010 وە پەیوەندی باشم لەگەڵ ھونەرمەندانی سلێمانی و ڕۆژھەڵات ھەبووە بۆیە پێمخۆش بوو فیلمێکی تێکەڵ لەگەڵ ئەم دوو شارەدا ببێت شوکر بۆ خوا ھەموویان پێشوازیان لێ کرد و پێیان خۆش بوو”.

دەرھێنەری فیلمەکە سەرکەوتی محەمەدییە، سه‌باره‌ت به‌ سپۆنسه‌رى فیلمه‌كه‌ سوهرابى ده‌ڵێ، "سێ بۆ چوار سپۆنسەری ھەبووە بەڵام وەک سپۆنسەری سەرەکی کەسێکە بە ناوی کاک لوقمانی بابایی"  سه‌باره‌ت به‌ تێچووى فیلمه‌كه‌یش سوهرابى باسى له‌وه‌ كرد نزیكه‌ى حه‌وت ده‌فته‌ر دۆلار "70 هه‌زار دۆلار"تێچووى فیلمه‌كه‌ بووه‌.

ئه‌م فیلمه‌ له‌ 15ى ئه‌م مانگه‌ له‌ سیتى سینه‌ما له‌ سلێمانى نمایش ده‌كرێت، سوهرابى ئاشكراى ده‌كات به‌ پێى توانا هه‌وڵ ده‌ده‌ن فیلمه‌كه‌ به‌ سى دى بڵاوبكه‌نه‌وه‌ و له‌ شوێنه‌كانى ترى كوردستان و ئه‌وروپایش فیلمه‌كه‌ نمایش بكه‌ن.

سه‌ردار سوهرابى هیواى ئه‌وه‌یشى خواست كه‌ فیلمه‌كه‌ له‌لایه‌ن بینه‌رانه‌وه‌ پێشوازى لێ بكرێت و بۆ ئه‌وه‌ى ببێته‌ هانده‌ر تا كارى تر بكه‌ن. 

له‌كۆتایى لێدوانه‌كه‌یشى سه‌ردار سوهرابى گوتى، "ئێمە ھەوڵێکی باشمان داوە کە بتوانین فیلمێکی باش نمایش بکەین بەڵام ئەم فیلمە ھی سێ ساڵ لەمەو پێش بوو بەداخەوە بە ھۆی نەخۆشی کۆرۆناوە نەمانتوانی زووتر پەخشی بکەین، تا بزانین خەڵکی پێیان چۆنە تا بتوانین بەردەوام بین لەسەر کارێکی تر بەڵام ھەوڵێکی باشمان داوە بزانین خەڵک بە دڵیانە %100 دەتوانین بەردەوام بین فیلمە کوردییەکان زۆر باش دەنگیان داوەتەوە وەک فیلمی تەمی بابا لە شاری سلێمانی 30 ھەزار بینەری ھەبووە، ھەروەھا فیلمی 09 بە نزیکەی 50 بۆ 70 هەزار بینەری ھەبووە ".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین