خۆپیشاندانەکان لە سەر کەیسى ژینا ئەمینى لە سلێمانى دەستپێدەکاتەوە دیمانە و راپۆرت

تایبەت بە نوچەنێت:

گرووپێک چالاکوانى ژن و پیاو بە ناوى (پشتیوانان لە ئازادیخوازانی کوردستان و ئێران لە هەرێمی کوردستان) لەکاتى خۆپیشاندان بۆ شتیوانى ژینا ئەمینى، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانى سلێمانى رێگریان لێکرا و ئەندامێکى ئەو گرووپەش دەڵێت، "یەکێک لە هاوڕێیەکانم فیشەکى بەرکەوتووە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (29/ئەیلوول/2022) دوێنێ گرووپى (پشتیوانان لە ئازادیخوازانی کوردستان و ئێران لە هەرێمی کوردستان) خۆپیشاندانێکیان لە سلێمانى ڕێکخست وەک پشتیوانى بۆ گیانى لەدەستدانى ژینا ئەمینى لە ئێران، بەڵام گرژى لێکەوتەوە بە هۆى رێگرى لایەنە ئەمنییەکان لەو خۆپیشاندانە.

بەهار مونزیر یەکێک لە رێکخەرانی ئەو خۆپیشاندانە تایبەت بە نوچەنێتى ڕاگەیاند،  "بەردەوام بین دەبین له‌ خۆپیشاندانەكان، ئێمە چەندین رۆژە خەریکی ئامادەکارییەکانی ئەو خۆپیشاندانە بووین، کۆبووەوەمان کردووە و یاداشتمان نوسییە، بۆیە لە رۆژانی داهاتوو دەست بە کۆبوونەوەکانی خۆمان دەکەین بۆ ئەوەی بەرنامەی تر ئامادە بکەین."

سەبارەت گرژیى و ئاڵۆزییەکانى خۆپیشاندانەکانى دوێنێ، بەهار مونزیر دەشڵێت، "بەشیوەیەکی خراپ مامەڵەیان لەگەڵدا کردین، گازی فرمێسک رژێن و فیشەکی پلاستیکیان بەکارهێنا، فیشەک بەر رەفیەقەکانم کەوتووە ئازاریان هەیە، چەند کەسێک لە خۆپیشاندەران بەداخەوە دەستبەسەر کران و ئازاریان داون، تەنانەت براکەی خۆشم لەگەڵ ئەو کەسانە دەستبەسەر کرا، داوایان لێکردین شوێنەکە بەجێ بهێڵێن و کۆتایی بە خۆپیشاندانەکە بهێنین، بە هیچ شێوەیەک هاوکار نەبوون، بەڵکو لە دژی ئێمە بوون، لە نێو کورتە ڤیدیۆکان دیارە کە چۆن خەڵکیان ئازار داوە کارەبایان بەکار هێنا فیشەکی پلاستیکی و گازی فرمێسک ڕژێنیان بەرامبەرمان بەکارهێنا، تائێستا من تەندروستیم باش نییە."

هاوکات لە ڕاگەیێندراوێکدا، (ئازادیخوازانی کوردستان و ئێران لە هەرێمی کوردستان) پشتیوانى خۆیان بۆ خۆپیشاندەرانى خەڵکى ئێران دەردەبڕن و داواش لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانى ژنان بەدواداچوون بکەن بۆ گیان لەدەستدانى ژینا ئەمینى.

لە بەشێکى ڕاگەیێندراوێکدا هاتووە، "جەخت دەکەینەوە لە ڕەخنەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان ھەڵسووکەوتە نامرۆڤانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەسەر ماف و ئازادیی و مافەکانی ژنان؛بەتایبەتی ئەشکەنجەدانی تاکـو مەرگ، وەک «دۆسیەکەی ژینا» و هەموو ئەو کچ و ژنانەی دیکە کە لە ماوەی ٤٣ ساڵی ڕابردوودا بوونەتە قوربانی سیاسەتی پیاوسالاری کۆماری ئیسلامیی ئێران و لەسێدارەدانی ئەو چالاکانەی بەجۆرێک لەجۆرەکان لەگەڵ سیاسەتی کۆماری ئیسلامیی نەدەھاتنەوە."  

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین