ڤیان سلێمان : كۆتاى ئافره‌تان شمشێرێكى دووسه‌ره‌یه‌ دیمانە و راپۆرت

چنار خۆشناو -تایبه‌ت به‌ نوچه‌نێت

د. ڤیان سلێمان سكرتێرى یه‌كێتى ئافره‌تانى كوردستان له‌ دیمانه‌یه‌كى له‌گه‌ڵ نوچه‌نێت، باس له‌ كۆتای ئافره‌تان ده‌كات و پێیوایه‌، ئه‌م كۆتایه‌ وه‌ك شمشێرێكى دووسه‌ره‌یه‌ له‌ یه‌ك كاتدا له‌ خزمه‌تى ژنان دایه‌ و زیانیشیان پێده‌گه‌ینێ. دووپاتیشى ده‌كاته‌وه‌ بۆ بارودۆخى ئه‌مڕۆى كوردستان ده‌كرێت كۆتاى ژنان خزمه‌تێك بكات. له‌ دیمانه‌كه‌یدا د. ڤیان سلێمان باس له‌ چه‌ندان بابه‌تى تریش ده‌كات.

نوچەنێت:  رۆڵی  ئافرەتانی سەرکردە چيیە، ئەرک و مافی چییە؟ 

د. ڤیان سلێمان: بۆ ئافرەت سەرکردە زۆر مانا دەگەیەنێت، سەرکردە جۆراوجۆرە، بەڵام یەک خاڵی هاوبەش کە لەنێوان پێناسەکانی هەموو پێناسەیەکی سەرکردە هەیە، ئەوەیە کە لە بارودۆخێکی دیاریکراودا دەتوانێت بە بڕیارێک بارودۆخەکە بە شێوازێک کە نزیک لە ئامانجەکەی بێت، نزیک لە بەرژەوەندییەکەی بێت، بەکار بێنێت. سەرکردە ئەوەیە دەتوانێت لە هەڵوێستەکاندا بڕیاری راست هەڵبژێرێت، بۆ ئەوەی کە تۆ بتوانێ یان ئافرەت بتوانێت، هەر چەندە ئافرەت خۆی سەرکردەیە، چونکە ئەگەر تەماشا بکەی و پەروەردەی ئافرەت بکەین، پەروەردەییەکی سەرکردانەیە، ئەگەر ئێمە تەماشای شێوازی پەروەردەی ئافرەت بکەین لەو روانگەیەوە ئایا لە پەروەردەکردنی کچانمان ئەوەی لەناو کولتووری ئێمەدا هەیە، ئێمە وا کچەکانمان پەروەردە دەکەین ببن بە سەرکردە، دەبینن کە پەروەردەی ئێمە بە شێوازێکە زیاتر ئافرەتمان پەروەردە کردووە کە بەڕێوەبەرێکی باش بن، نەک سەرکردەی باش بن، ئەمە خاڵێکی جەوهەرییە کە دەبێت ئێمە بە وردی لەسەری بوەستین.

بۆیە یەکەم خاڵ دەبێت لە پەروەردەوە دەستپێبکەین، هاوکات لە تێگەیاندن و پێگەیاندن و لە هەموو قۆناغەکاندا کە ئافرەت بتوانێ سەرکردە بێت، ئێمە چۆن دەتوانین زۆرترین ئافرەتی سەرکردە دروست بکەین، چۆن دەتوانین ئافرەتێکی کاریگەر دروست بکەین؟ چونکە سەرکردە کەسێکى کاریگەرە، ئەوەی کە پێویستی ئێمەیە لە کۆمەڵگەی ئێستادا، ئەوەیە ئافرەت بتوانێ رۆڵێکی کاریگەرتر ببینێ لەناو کۆمەڵگەدا، ئەو رۆڵ و کاریگەرییەی چۆن بێت، کەسایەتی ئافرەتی کوردستانی دەبێت وای لێبکرێت کە ئافرەت زیاتر بڕوای بە خۆی و تواناکانی خۆی بێنێت، پێناسەی خۆی لە چوارچێوەی جەستەی ژنێتی خۆی بهێنێتەدەر. ئەم هەنگاوە لە خودی ئافرەتەوە دەستپێدەکات، نابێت چاوەڕێی هیچ لایەنی تر بکات، دەبێ لەوە تێبگات پێویستە پێشەنگایەتی بکات و لە ئەرک و رۆڵەکانی خۆی لە چوارچێوە بایلۆجییەکەی دەربهێنێت، راستە ئافرەت منداڵی دەبێت، بەڵام نابێت رۆڵی دایکاییەتی وای لێبکات واز لە کەسێتی خۆی بێنێت، کە ئیتر تەنیا لە چوارچێوەی ماڵدا دەور ببدنێت، بۆیە دەبێت لەناو کۆمەڵگه‌دا لەناو فەزای گشتیدا دەور ببینێت. ئافرەت داوای پێگە و بەها دەکات، بەها و پێگە لەناو کۆمەڵگەدا دروست دەبن، لەناو کۆمەڵگادا رەنگدانەوەى لەسەر خێزان دەبێت، لەناو ماڵدا چەند پێگەیەکی دیاریکراو هەیە کە زیاتر پەیوەستە بە رووە بایلۆجیەکەی مرۆڤ، رووە بایلۆجیەکانی مرۆڤ چییە؟ پێگەی هاوسەرێتیە، دایکایەتییە، بۆیە ئەو رۆڵانە نابنە هۆی ئەوى کە ئافرەت بتوانێت دەورێکی کاریگەرتر ببینێت، بەپێی ئەو کولتوورە باوکسالارییە لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە، دەبنە هۆکاری ئەوەی کە ئافرەت تواناکانی بەدەرنەکەوێت، ئافرەت نەتوانێت دەورێکی زۆر کاریگەر لەناو کۆمەڵگەدا ببینێت، بۆیە گرنگە ئافرەت بە دوای پێگە و بەهای خۆی لەناو کۆمەڵگەدا ببینێت، بۆیە پەیوەندی هاوسەرێتی، رۆڵی دایکایەتی، تەواوی رۆڵە خێزانیەکان نەبنە بەربەست لەوەى تەنیا ئافرەت لەوەدا نەتوانێت هاوشێوەی پیاو بێت و چاولێکەری پێشەنگایەتی پیاودا بکات، چونکە ئەو پێگە و بەهایانەی کە پیاو پێیگەیشتووە، لەناو کۆمەڵگەدا بە دەستی هێناوە، نەک لە چوارچێوەی خێزاندا، بۆیە ئافرەت دەبێت چاولێکەری پیاو بکات لەوەدا، بتوانێ بەهای خۆی پێگەی خۆی لەناو کۆمەڵگەدا ببینێت، ئەمە تەنیا ئەو کاتەیە کە ئافرەت لە چوارچێوەی پێناسەی ژنێتی خۆی بێتەدەرێ و تەماشای خۆی بکات وەکو مرۆڤێک وەکو مرۆڤێکی خاوەن توانا خاوەن هزر.

د. ڤیان سلێمان : ئافرەت خۆی سەرکردەیە

نوچەنێت: با بێینە سەر بابەتی کۆنگرەی ( 14 ) ى پارتى، رێژەی ئافرەتان و سیستەمی کۆتا کە رێژەیەک ئافرەت دەنێرێتە کۆنگرە، ئایا پێتان باشە کۆتا هەبێت بۆ ئافرەتان، پێتانوا نییە غەدر لەژن دەکرێ ئایا کۆتا لە زیانی ئافرەتە یا لە قازانجی ئافرەتە، ئەم کۆتایە کەی کۆتایی پێدێت؟

د. ڤیان سلێمان: سەبارەت بە ئافرەتان، بڕیارێکی زێڕین بوو کە  لەلایەن جەنابی سەرۆک مه‌سعود بارزانى و سەرکردایەتی پارتی دراوە، کە ٪25ى کۆنگرەی ئەم جارەی پارتی ئافرەت دەتوانێ بەشداری بکات، بڕیاردانی ئافرەت بۆ حزبەکەی خۆی بەڕاستی هەنگاوێکی زۆر گرنگە، چونکە کۆنگرە یەکێکە لە گرنگترین هەنگاوەکانی بوژاندنەوە، هەنگاوەکانی نوێبونەوەی هەر حیزبێکدا، ئەمە نیشانەی ئەوەیە کە بەشداری و دنیای بینی ئافرەت لە کاری سیاسیدا دەتوانێ کاریگەریەکی زۆر گرنگی هەبێ لە داهاتوی پارتی، دەسکەوتێکی باشە بۆ ئەم قۆناغەیە، بەڵام ئایا کۆتا لە زیانی ئافرەتە یان لە قازانجی ئافرەتە؟ بەپێی ئەو بارودۆخەی کوردستان تێدایە، کۆتا وەکو شمشێری دووسەرە وایە، لایەنی ئەرێنی و نەرێنی خۆی هەیە، لایەنە ئەرێنیەکەی لەوەدایە کە دەرفەت دەڕەخسێنێت، بۆ ئافرەت کە بتوانێ مومارەسەی مافەکانی خۆی بکات، بەشداری بکات، بوونی هەبێت، لایەنە نەرێنیەکە لەوەدایە کە لەڕاستی ئافرەت روحی کێبڕکێکردن لەناو ئافرەتدا دەکوژێت، لایەنە نەرێنیەکەی دیکە، لەوەدایە کە وەکو خێرپێکردنێک ئافرەت لەسەر ئەساسی توانا و هێز، کێبڕکێ دروست نایەتە ناو رێژەکە، بەڵام بۆ ئێستای ئێمە بەڵی پێویستیە، ئێمە کاردەکەین بۆ ئەوەی کە ئافرتان ئەوەندە بەهێز ببن، ئەم کولتوورە نەمێنێ، هەم لەلایەن خودی ئافرەتەوە کە کاری سیاسیدا بە پێشینەی پیاو دەزانێ، زیاتر خۆی لەم کارەیە دەدات و کار لەسەر ئەوەش دەکەین کە لەڕاستی ئافرەتی بە توانا دروست ببێت و خۆی بتوانێ بێت لەناو کاری سیاسیدا کار بکات، کێبڕکێ لەگەڵ پیاواندا بکات، بەڵام کەى ئەم ئامانجەی ئێمە جێبەجێ دەبێت؟ ئەو قۆناغەیە قۆناغی پشتبەستن بە کۆتا کۆتایی پێ دێت، ئەوە هێشتا دیار نییە، بۆیە وەکو پێویستییەکە بۆ ئەم قۆناغەی ئێمە، بۆ ئەوەی لەڕاستی هەم ئافرەت باوەڕ بە تواناکانی خۆی بهێنێت لەسەر ئەساسی توانا بێت کێبڕکێی پیاوان بکات، هەمیش ئەو باوەڕە لەلای پیاویش دروست ببێت، کە ئافرەتیش هاوشانی ئەوە.

نوچەنێت: هەموارکردنەوەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان و ئافرەت کە لە پەرلەمان دانیشتنی لەسەر کرا، ئایا وەکو رێکخراوێکی داکۆکیکار لە ئافرەت و مافەکانیان چۆن لە هەموارکردنەوەی ئەم پڕۆژە یاساییە دەڕوانن، ئایا رۆڵی دەبێت لە کەمکردنەوەی توندوتیژی بەرانبەر خێزان؟

د.ڤیان سلێمان: هەمواری یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی خێزان یاسای ژمارە (هەشتی ساڵی 2011) یەکێکە لەو یاسایانەی کە وەکو تاکی کوردستانی و ئافرەتێک شانازی پێوەدەکەین، کە لە هەرێمی کوردستان بۆ پاراستنی ئافرەتان ئەم یاسایە لە پەرلەمانی کوردستان دەرچووە و ماوەی (11) ساڵە کاری پێدەکرێ. یاسای ژمارە (هەشتی ساڵی 2011) بێگومان هەر یاسایەک ماوەیەکی زۆر کاری پێبکرێت، کۆمەڵێک کەموکورتی لەسەر دەبێت، پێویستی بە هەمواركردنه‌وه‌ دەبێت، ئەم یاسایەش پێویستی بە کۆمەڵێک هەموارکردن هەیە، ئەم هەموارکردنانە دوای دیراسەیەکی توندوتۆڵ لەلایەن رێکخراوەکان و حکومەتەوە ئینجا چووه‌ته‌ پەرلەمانی کوردستان.  هەموارەکان لە جێگەی خۆیدابوون، ئێمە لەگەڵ هەمواری یاسایەکەین، بەڵام ئەوەی کە زۆر زۆر گرنگە رێزگرتن لە بۆچوونى بەرانبەر زۆر گرنگە، بەڵام بۆچوونى زۆرینە دەخوات، دەبێت هەمیشە ئێمە رێز لە بۆچوونى زۆرینە بگرین.

بەڵام گرنگترین شت ئەوەیە کە ئێمە کە دەبێت بزانین سوودەکانی ئەم هەموارە چیین؟ زیانەکانی چیین؟ ئەگەر رێژەی سوودەکان زیاتر بوو لە رێژەی زیانەکان بێگومان دەبێت لەگەڵی بین، رێزی بگرین. وەکو یەکێتی ئافرەتانی کوردستان بەڵێ پشتگیری یاساکە دەکەین، لەگەڵ ئەوەی کە سوودەکانی ئەم هەموارەیە زۆر زۆر زیاترە و زیانی تێدا نابینینەوە، هەندێ لایەنی توندڕەو لەڕاستی هەندێ خاڵیان قۆستۆتەوە پەیامی ئێمە بۆ ئەو لایەنانە بە دژایەتیکردن، بە پەیامی توندڕەوانە و بە وشەی نابەجێ و هێرشکردنەسەر ئەم یاسایە یان پاساوهێنانەوەی نادروست، هیچ شتێک بە ئاڕاستەی باش ناڕوات، دواندنی عەقڵانی رێگا چارەسەرە، بفەرموون با هەموومان پێکەوە دانیشین با بە هەموومان کاری لەسەر بکەین، کولتوورە جوانەکەی کوردستان، بەوەدا بە درێژایی مێژوو بەوە بەناوبانگە کە هەمیشە میانڕەوە جێگای توندڕەوی  تێدا نابێتەوە.

لە کابینەکانی رابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێشخەریەکی بێ وێنەدا، دەرگای بەڕووی ئافرەتان کرایەوە

رێز و خۆشەویستی لە سیما گرنگەکانی کۆمەڵگەی ئێمەیە، نابێت بهێڵین ئەو بنەمایانە لەناو ئێمەدا تێک بچێت، بۆیە هەڕەشەکردن بۆیە هێڕشبردنێکی توند بە ئاڕاستەی نەشیاو نەگونجاو دوور لە ئادابی گشتی کۆمەڵگە رێگاکان چارەسەر ناکات، دەبێت بزانین چ شتێکمان پێویستە، ئێمە دەبێت خۆمان بین، ئێمە نابێت چاولێکەری شتی هاوردەکراو بکەین، لەهەر لایەنێکەوە، یان لەژێر هەر ناوێکەوە بێت، چ لە دەوڵەتانی دەوروبەر و نەتەوەکانی داگیرکاری ئێمە بێت، چ چاولێکەری وڵاتانی ئەوروپا و دەرەوە بێت، دەبێت ئەو یاسایانەی کە بۆ سوودی ئێستای ئێمە و نەوەکانی داهاتوومان دەگونجێ کارى پێ بکەین.

ئێمە زۆر کێشەی ترمان هەیە، بابەتی تەکەنەلۆجیا یەکێک لەو کێشانە لەناو کۆمەڵگەی کوردستانیدا پێویستی بەوە هەیە لە رێگەی یاسایەک مامەڵەی لەگەڵ بکەی، یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی پێشوی خێزانی کۆمەڵێک خاڵی تێدا هەیە، کە پێویستی بە گۆڕانکاری هەیە، بۆ ئەوەی تۆ بتوانی روحی ئاشتی و پێکەوەیی لەناو کۆمەڵگەی کوردستانیدا بەهێز بکەین، هەمواری یاساکە لەپێناو بەرژەوەندی تاکی کوردستانی و بەهێزکردنی بنیادی خێزانە، راستەڕێکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هاوسەرانە، بۆ ئەوە نییە توندوتیژییەکی زیاتر دروست بکات، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە هەموو ئەو تۆمەتانەی بە ناوى دژایەتیکردنی ئاین ئاراستەى دەکرێ، بەڵام هیچ ئاینێک و مرۆڤێکی دیندار نییە لەگەڵ توندوتیژی بێت، ئاین هەمیشە بۆ پەیامی پێکەوە ژیانە، یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیش بۆ ئەوەیە کە بەڕێگەی یاسا رێگە لە توندوتیژی مرۆڤەکان بەرانبەر بەیەکەوە بهێنێت.

نوچەنێت: سەرۆک نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەمیشە پاڵپشتی ئافرەتان بووە، خەمخۆری ئافرەت بووە پشتیوانی خۆی بۆ سەرخستنی ئافرەتان دەربڕیوە، بەڕێزتان لەم بارەیەوە چۆن دەڕوانە هەڵوێستی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی؟

د. ڤیان سلێمان: سەرکردایەتی پارتی، رێبازی پیرۆزی بارزانی، رێبازی یەکسانییە. لە مەنهەجی قوتابخانەی بارزاندا جیاوازی ناخرێتە نێوان ئافرەت و پیاو، گرنگی بەپێکەوە ژیان و خۆشەویستی دەدات، گرنگی بەرێز دەدات گرنگی بە قبوڵکردنی جیاوازییەکان دەدات، ئەمە ئەو بنەمایانەن کە تاک لەسەری لەناو قوتابخانەی بارزانی پەروەردە دەکرێت، بێگومان جەنابی سەرۆک و هەردوو لوتکەکە، جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی و جەنابی کاک مەسرور بارزانی، کە دەرچووانی ئەم قوتابخانەن بێگومان لەسایەی سەری هەردووکیان، کە جەنابی کاک نێچیرڤان بارزانی دەرچووی قوتابخانەی رێبازی بارزانییە، لە کابینەکانی رابردووی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دەستپێشخەریەکی بێ وێنەدا، دەرگای بەڕووی ئافرەتان کردەوە، ئەو پێکەوەییە و یەکسانیەی ناو رێبازی بارزانیدا نەقڵی ناو کابینەکانی یەک لەدوای یەکەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کرد، هەم لە رێگەی یاساوە، هەم بە شێوەیەکی جێبەجێکاری لەناو پێکهاتەکەی حکومەتدا، بەردەوام هەوڵی دەدا رێژەی ئافرەت زۆرتر بێت، ئەو بوارانەی کە لەبەردەم ئافرەتاندا بە هۆی ژنێتیان قەدەغەکرا بۆیان بکرێتەوە، یەکێک لەوانە ئەوە بوو دەرفەتیدا ریژەیەکی زۆر ئافرەتان لە یەکێک لە قۆناغەکان کۆلیژی پۆلیس تایبەت بکرێ بە ئافرەت، رێژەیەکی زۆر ئافرەتی لێ دەرچوون، ئافرەتان رێچکەشکێنیان کردووە، ئێستاش ژمارەیەکی یەکجار زۆر دەبینین لە هێزەکانی ناوخۆدا پۆلیسمان هەیە، کۆمەڵێک بابەتی دیکە، لەڕاستی هاندانێکی یەکجار زۆریان دەکرد، ئەو رێچکەیە بەردەوامە هەم لەسەر پاڵپشتی حکومەت هەم لەسەر ئاستی جێبەجێکاری و هەم لەسەر ئاستی پشتیوانی یاسایی، هەم لەسەر ئاستی راگەیاندا کە گرنگی بەو بوارەدا بدرێت، ئێستاش لەناو کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا وەک بینیتان یاسای بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی بوو، کە پشتگیری کردنى وتەکانی وەزیری ناوخۆ بوو لەو یاسایە، کە تەمسیلی حکومەتی دەکرد لەوەدا چۆن پاڵپشتی ئافرەتان و نەهێشتنی توندوتیژی بوو، لە بەرانبەر کۆمەڵە پەرلەمانتار، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە کە ئەو رێبازەیە لەناو حکومەتدا لەسەر دەستی بەڕێز قوتابییەکی دیکەی رێبازی بارزانی بەردەوامی دەبێت و ئێمەی ئافرەتانی کوردستان لەڕاستی خۆشبەختین، ئەمە کە ئەو پاڵپشتیەمان، لەلایەن لوتکەی دەسەڵاتی حزبێک و دەسەڵاتی حکومەت لە ئێمەدا دەگرێتەوە وئاسۆمان روونە بۆ کچەکانی داهاتوومان.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین