دکتۆرە بنار: بەهۆی خەتەنەکردنەوە ژنێک تەڵاق دەدرێت دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

خەتەنەکردن بریتییە لە بڕینی بەشێک یان زیاتر لە ئەندامی زاو و زێی ئافرەت، کە لە تەمەنی منداڵیدا کەسوکاری ئەنجامی دەدەن. وێڕای ئاگادارکردنەوەی پسپۆڕانی تەندروستی، تا ئێستا هەندێک خێزان لە هەندێ ناوچەی کوردستان ئەنجامی دەدەن.

دکتۆرە بنار ئەحمەد دزەیی، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان و منداڵنەبوون، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت سەبارەت بە کاریگەرییە دەرونی و تەندروستییەکانی خەتەنەکردن لەسەر ئافرەتان، ئاماژە بە رەوشی نەخۆشێک دەکات کە بەهۆی خەتەنەکردنەوە تووشی جیابوونەوە هاتووە، لەبەرئەوەی نەیتوانیوە ئەرکی ژن و مێردایەتی ئەنجامبدات.

دکتۆرە بنار دەڵێت "نەخۆشێک هات بۆ نەخۆشخانە و نەمانتوانی پشکنینی بۆ ئەنجام بدەین، لەبەرئەوەی لە کاتی خەتەنەکردنیدا بەشێكی زۆر لە کۆئەندامی زاووزێیان بڕیبوو، بەو هۆیەوە برینەکەی بە جۆرێک خۆی قەپات کردبووەوە کە کونی نەمابوو، هەر بەوهۆیەوە هاوسەرەکەشی لێی جیابووەوە". 

بەپێی یاسای ژمارە(٨)ی ساڵی ٢٠١١، خەتەنەکردنی مێینە وەک توندوتیژی دەرهەق بە منداڵانی کچ ناسێنرا، سزا بۆ ئەوکەسانە دیاریکراوە کە منداڵان خەتەنە دەکەن. 

بەڵام بەپێی زانیاری ئەفسەرێک لە بەڕێوەبەرایەتییەکی رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی خێزانی، تا ئێستا هیچ سکاڵایەک لەسەر خەتەنەکردنی منداڵانی کچ تۆمارنەکراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەیە کە خودی کەسە نزیکەکانی کچان، ئەم تاوانە ئەنجام دەدەن.

سەبارەت بە زیانە جەستەیی و دەرونییەکانی خەتەنەکردن دکتۆرە بنار رونیدەکاتەوە "زۆرجار ئەم منداڵانە توشی خوێن بەربوون دەبن. رێژەیەکیان تووشی کێشەی میزکردن دەبن. هەروەها رێژەیەکیان لە منداڵییەوە توشی هەوکردنی قوڵی کۆئەندامی زاووزێ دەبن. لەوکاتەوە کە ئەم تاوانەیان بەرامبەر ئەنجام دەدرێت توشی ترس و تۆقینێکی خەفەکراو دەبن، کە گەورەبوون، یەکەم کێشەی دەرونی ئەوەیە هەست دەکات دۆخێکی ناسروشتی هەیە؛ دۆخی دەرونی زۆر تێکدەچێت بێ ئەوەی هۆکارەکەی لا روون بێت. توشی ترسێکی زۆر و بەردەوام دەبن، هەندێجار لە میزکردنیش دەترسێن. بۆیە لە هاوسەرگیریش دەترسێن و هەندێکیان یەکەم شەوی بوکێنی وەکو فۆبیایە لایان". 

ئەم پسپۆڕەی نەخۆشییەکانی ئافرەتان، جەخت لەوە دەکاتەوە کە کێشەکانی خەتەنە لەسەر جەستە و دەرونی ژنان یەکجار زۆرن، هەندێجار کەسەکە تووشی نەخۆشییەک دەکات کە نازانرێت بەم هۆکارە توشبووە و دەڵێت "سەدا نەوەدی ئەوانەی کە خەتەنە دەکرێن ژیانی هاوسەرگیرییان ناسروشتی دەبێت، چونکە فشارێکی دەرونی زۆریان لەسەرە هەروەها ناتوانن ژیانێکی سروشتی ژن و مێردایەتی بەڕێبکەن چونکە بەهۆی ئازاری زۆرەوە ناتوانن سێکس بکەن، هەندێکیان شەرم دەکەن، چونکە ئەو ئەندامەیان بەم بڕێنە دەشێوێنرێت و ناشیرین دەبێت. هەندێکیان کونەکەی قەپات دەبێت بەهۆی زۆربڕینەوە". 

ئایا خەتەنەکردن دەبێتە هۆی منداڵنەبوون؟ دکتۆرە بنار گوتی "ئەوانەی خەتەنە دەکرێت توشی (عقم) دەبن واتە هەوکردنێکی قوڵ، ئەم هەوکردنە جۆرەها کێشە دروستدەکات. بەشێکیان منداڵیان نابێت و بەشێکیشیان ئەگەر منداڵیشیان بوو ناتوانن بە سروشتی پرۆسەکە ئەنجام بدەن و بە نەشتەرگەرییەوە منداڵیان دەبێت".

بۆ دەستنیشانکردنی خراپترین زیانی خەتەنە دکتۆرە بنار ئاماژە بە دۆخێ نەخۆشێک دەکات و دەڵێت "جارێک نەخۆشێک هاتەلام وئەندامی زاو و زێی کونی نەبوو؛ نە ئێمە دەمانتوانی پشکنینی بۆ بکەین نە پیاوەکە دەیتوانی سێکسی لەگەڵ بکات چونکە زۆریان بڕیبوو برینەکە قەپات ببو دواتر پیاوەکەی تەڵاقی دابوو".

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین