کاریگەری قۆناغی هەرزەکاری لەسەر داهاتووی مرۆڤ تەوەر

یوسف عوسمان حەمەد پسپۆڕی دەرونی :

یوسف عوسمان حەمەد: پسپۆڕی دەرونی

دەبێت ئەوەبزانین، کە هەرزەکارى یەکێکە لە گرنگترین قۆناغەکانى ژیان کە مرۆڤ پیایدا تێدەپەڕێت. ئەم قۆناغە دەکەوێتە نێوان دواهەمین قۆناغەکانى منداڵى و قۆناغى کامڵى ( مرحلە الرشید)و بە باڵغى دەست پێدەکات .

لە راستیدا قۆناغى هەرزەکارى، خێراترین قۆناغى ژیانى مرۆڤە لە دواى لە دایک بوون ، کە گەشە کردن تیایدا زۆر خێراو کوت و پڕە لە گۆڕانکارى ، بەڵام دووەهەم قۆناغە لە دواى قۆناغى  پێش لە دایک بوون، کە گەشە کردنى جەستەیى و فسیۆلۆجى تیایدا زۆر خێرایە.  بە تەواوى ناتوانرێت سەرەتاو کۆتایى قۆناغى هەرزەکارى بە مانگ و ساڵ دیارى بکرێت. لە بەر ئەوەى لە نێوان شەوو رۆژێکدا منداڵ یەکسەر نابێت بە هەرزەکار ، بەڵکو پرۆسەیەکى پلەپلەیە و ماوەیەکى دەوێ ، وەک چۆن گۆڕانى وەرزەکانى ساڵ لە سەرخۆو پلە بە پلەیە قۆناغی هەرزەکاریش بەم شێوەیەیە.

چوونە ناو قۆناغى هەرزەکارى پلە بە پلەیە، بەڵام ئەمەش ئەوە ناگەیەنێ کە ناتوانین هیچ ساڵ و کاتێک بۆ چوونە ناو قۆناغى هەرزەکارى دیارى بکەین، بەڵکو زۆر لە زانایان لەو بڕوایەدان کە لە دەوروبەرى (11) یان (12)ساڵى، ژمارەیەک لە منداڵان دەچنە ناو قۆناغى هەرزەکارى بە هەمان شێوەش لە دەورو بەرى (17) یان (18) ساڵان ماڵئاوایى لەو قۆناغە دەکەن، بەڵام ئەمە ئەوەناگەیەنێ کە هەموو منداڵان لەو کاتەدا دەچنە قۆناغى هەرزەکارى، بەڵکو ژمارەیەک لە منداڵان پێش یان دواى ئەو کاتە دەکەون .. سەرجەم پسپۆڕانى ئەو بوارە لەسەر ئەوە کۆکن کە تەمەنى هەرزەکارى شوناسى دیار نییە. لە بەر نائارامى گۆڕانکارى ( جەستەیی و دەرونى و عەقڵى و کۆمەڵایەتى ) بۆ یە زۆر جار تێکەڵییەک لە بیرو بۆچوونى ئەو هەرزەکارە دروست دەبێت،  کە رەنگە هەر خۆى لە بابەتە فکرى و سیاسییەکان تێبگات، بۆ نمونە رەنگە هەرزەکار لە بۆ چوونى سیاسی خۆى وابیر کاتە وە بە شەو رۆژێک هەموو شتەکان بگۆڕێت، بێ ئەوەى بیر لە ئالیەتى گۆڕانکارییەکان بکاتەوە، یان زەمەنى گۆڕانکارى دیاری بکات  واتە ناتوانرێت بائاسانى ئەو بیرو باوەڕانەى هەرزەکارهەیەتى پشتى پێ ببەسترێ و پۆلێن بکرێت.  لەوانە لە رۆژێک بە چەند بیرو رایەک سەرسام دەبێت و هەموویان قبوڵ دەکات ئەگەر بیرو باوەڕەکانیش دژ بەیەکترى بن . زانایان دەڵێن رەنگە بەهیچ شێوەیک ئەم بیرو باوەرانە لەگەڵ پەروەردەى خێزانى کۆک نەبێت.

گۆڕنکاری لە بیروباوەڕیدا لە داهاتوو، بێ گومان زۆر ئاسانە لەرێگاى کۆمەڵێک برادەران و راگەیاندن و یاخود بەرنامەی   میدیایی و یان لە ریگاى خوێندنەوەى کتێبێک، بیرو باوەڕى بگۆڕێت و بۆچوونى کۆنى بسڕێتەوە رەنگە پاوەرى ئەوەى هەبێت، خۆگونجاندن بکات لە گەڵ بیرورایەکى دیاریکراوى کۆمەڵگا،  ئەمەش  هەندێک لە زاناکان هەرزەکارى بە سەر چەند جۆرێکدا دابەش دەکەن، یەکێک لە دابەشکردنەکان ئەمانەى لاى خوارەوەن:

١.هەرزەکارى خۆگونجاو: مەبەست لەم جۆرە هەرزەکارییە ئەوەیە، کە تارادەیەک خۆى لەگەڵ ژینگە و دەورو بەرەکەیدا گونجاوەو هیچ گیرگرفت و ئەندێشەیەکى ئەو تۆى لەگەڵ کۆمەڵەکەیدا نییە. واتە هەرزەکار هەست بە بوون و ناسنامەى خۆى دەکات و کۆمەڵگا رێزى دەگرێت و پلەو پایەى گونجاوى خۆى داوەتێ، کە ئەمەش دەبێتە هۆى ئەوەى کە هەرزەکار لە خۆیى و کۆمەڵەکەى رازى بێت.

هەرزەکارى گۆشەگیرو دوورە پەرێز ، ئەم جۆرە هەرزەکارە تووشى گۆشە گیرى و دوورە پەرێزى و تەنیایى دەبێت و زۆر حەز بە ناو کۆمەڵ و دام و دەزگاکانى ناکات، بەڵکو هەست بە خەمۆکى و بێزارى و کەمى و شەرم دەکات، لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانیدا سەرکەوتوونییە ، لە جیاتى ئەوە جیهانێکى خەیاڵاوى و نمونەیى بۆ خۆى دروست دەکات و گرنگى بە لایەنى ئایینى و ئاکارى و ئەخلاقى دەدات و هەندێک جاریش نقومى جیهانى خەوو خەیاڵ و زیندەخەون دەبێت، کە لەوانەیە لە جیهانى واقعى دوور بخاتەوەو تووشى زۆر گیروگرفتى دەرونى کۆمەڵایەتى بکات.

٣.هەرزەکارى سەرەڕۆو شەڕخواز: ئەم جۆرە هەرزەکارانە رێگاى سەرەڕۆیى و شەڕخوازى دەگرنە بەرو دەست درێژى دەکەنە  سەر دایک و باوک و مامۆستا و کەسانى چوار دەورى، بە زۆر شێواز گوزارشت لەو یاخى بوون و سەرەڕۆییان یان دەکەن.

٤.هەرزەکارى لاسارو لادەر: ئەم جۆرە هەرزەکارانە بریتین لە سەرەڕۆو لاسارەکانى جۆرى دووهەم و سێهەم (گۆشەگیرو شەڕخوازەکان) هەر چەندە هەرزەکارانى دوورە پەرێز و سەرەڕۆى (دووهەم و سێهەم) نائاسایین و ناتوانن خۆیان لەگەڵ کۆمەڵەکەیان بسازێنن، بەڵام ناگەنە ئەو قۆناغەى کەبە تەواوى لە رێگەى ئاسایى و یاسایى دەربچن و مەترسیان لە سەر کۆمەڵ هەبێت ، بەڵام ئەم جۆرەیان مەتریسدارە دەبێت و زیان بە کۆمەڵ و دام و دەزگاکانى دەگەیەنێت و شێوازى ترسناک دەگرێتە بەر.

هەرزە کار لە تەمەنى هەرزەیی خۆیی دا، سەرسام دەبێت بە کۆمەڵێک بابەت و کاریگەرى دەبێت لەسەر دروستکردنى کەسایەتێکى تایبەتى خۆى،  رەنگە لە دواى تەمەنى گەنجێتى یان لە تافى کامڵ بووندا لە هەڵسوکەوتى یان بیرو بۆچوونەکانى  یان نوسینەکانى یان لە بەشێک لە ژیانى رەنگ بداتەوە، تەنانەت هەندێکجار کەسی سیاسی یان سەرکردە مۆرکى هەرزەکانى پێوە دیار دەبێت، بە پێى ژینگەى پەروەردەى و رێژەى کاریگەرى لەسەرى. هەر لەبەر ئەم هۆیە هەندێک لە زانایان لەو بڕوایەدان کە هەرزەکارى دیاردەیەکى کۆمەڵایەتییە، نەک بایۆلۆژى واتە گیروگرفت و جۆرى کەسایەتى هەرزەکار لە کۆمەڵگایە کەوە بۆ کۆمەڵگایەکى ترو لە کاتێکەوە بۆ کاتێکى تر دەگۆڕێ و هەموو هەرزەکارانى جیهان یەک جۆر گیرو گرفت و ئەرک و پێداویستیان نییە. بەڵکو بە پێى داب و نەریت و شارستانى و ئاستى رۆشنبیرى ئەو کۆمەڵگایەى کە تیایدا دەژى دەگۆڕىِ بە پێى چوونى ئەو زانایانە بە کۆمەڵگایەک، کە پڕ بێت لە بەرگری و بەربەست و ململانێ و کێ بڕکێ و چەوساندنەوەو جۆرەها بە هاو ئاکارو فەلسەفە و ئایدیۆلۆژیاى جیاجیا. ئەوا هەرزەکارى ئەو جۆرە کۆمەڵگایەنە زۆرى تووشى ململانێى دەرونى و گیروگرفت و نەخۆشى دەرونى و کۆمەڵایەتى دەبن، ئەگەر بەراورد بکرێت بە ئەو هەرزەکارانەى کەلە کۆمەڵگایەکى سادەو ساکار و دوور لە بەربەست و رێگردا دەژین و یەک جۆر فەلسەفە وئایدیۆلۆژیاو ئاین بەهاو ئاکارى کۆمەڵایەتیان هەیە.

لە بەر ئەوەى هەرزەکار لە کۆمەڵگاى ئاڵۆزو پڕلە گیروگرفتدا بەردەوام رووبەرووى ناخۆشى ململانێى دەبێتەوەو نازانێ لەو هەموو ئاین و فەلسەفەو داب و نەریتە کۆمەڵایەتیە جیاجیایانەى کۆمەڵگاکەى، کامیان هەڵبژێرێ و کامیان وازڵێ بهێنێ بەڵام کۆمەڵگاى سادەو ساکار هەرزەکار تووشى ئەو بارە دەروونیەى پێشوو نابێت. لە بەر ئەوەى یەک جۆرە ئاین و فەلسەفە و داب و نەریتى گشتى هەیە و پەیڕەوى دەکات و تووشى ململانێى هەڵبژاردن و کێ بڕکێ نابێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین

ئەمانەش ببینە