پلاسخارت بە هۆی ژمارەی ژنە وەزیرەکان رەخنە لە حکومەتى عێراق دەگرێت دیمانە و راپۆرت

هێما جه‌بار، نوچه‌نێت

نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان، لەگەڵ پێکهاتنی حکومەتی نوێ لە عێراق و کەمی ژمارەی ژنە وەزیرەکان رەخنە لە دەسەڵات و حکومەتی عێراق دەگرێت، سەرەڕای بوونی بێ وێنەیی بەشداری ژنان لە پەرلەمان، بەڵام بە پێویستی دەزانێت لە کۆی گشتی دەسەڵاتی سیاسی پیاوسالاری عێراق، کاربکرێت بۆ بەدیهێنانی یەکسانی جێندەری.

ئەمڕۆ پێنجشەممە (3/تشرینی دووەم/2022) ماڵپەڕی (القدس العربی) بڵاویکردەوە، جینین پلاسخارت نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە حکومەتی عێراق دەکات بەشداری سیاسی ژنان بەرز بکاتەوە لە دامەزراوەکانی عێراقدا و دەڵێت، "ئێمە پێویستمان بە نوێنەرایەتی ژنانە کە رەنگدانەوەی هەموو کچان و ژنان بێت بە هەموو هەمەجۆریی و تواناکانیان، و لە هەموو دۆخە کولتووری، کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسییەکاندا".

هاوکات رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە،  یونامى راپۆرتێكى له‌سه‌ر بڕیاری 1325 ئه‌نجومه‌نى ئاسایش بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌ ساڵی 2000 ده‌ركراوه‌، تایبه‌ت به‌ زیاترکردنی بەشداری ژنان لە پرۆسەی سیاسى و بڕیاردان.

رێژه‌ى ئافره‌تان له‌ په‌رله‌مانى عێراق
زۆر له‌سه‌رووى رێژه‌ى كۆتایه‌
 

مایەی سەرنجە هەفتەی رابردوو لە عێراق، لەگەڵ پێکهێنانی حکومەتی نوێی محەمەد شیاع سودانی، لە کۆی 21 وەزیر تەنیا سێ دانەیان ژن بوون ئەوانیش (تەیف سامی وەزیری دارایی، هەیام عەبود وەزیری پەیوەندیەکان، ئیڤان فایق وەزیری کۆچ و کۆچبەران)، ئەم رێژەیەش بەراورد بە بەشداری ژنان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق زۆر کەمترە، ژنانی عێراق خاوەنی 96 کورسی ئەنجومەنی نوێنەرانن لە پەرلەمان، بە پێی دەسەڵاتی دادوەری لە عێراق ژنان %25 ی دەسەڵات پێکدەهێنن، دەردەکەوێت ئەم رێژەیە سەرووی کۆتای  ژنانە.

جینین پلاسخارت رایدەگەیەنێت "بەتەنیا زیادکردن و هاندان بۆ نوێنەرایەتی ژنان بەس نییە، بەڵکو ژنانی پەرلەمانتار بە بێ گوێدانە پەیوەندییە سیاسییەکان، پێویستە کار بۆ ئەوە بکەن کە نوێنەرایەتی ژنان لە پۆستە باڵا و کاریگەرەکانی حکومەت و پارتە سیاسییەکان پێگەی ژن بەهێزتر بکەن، حکومەتی نوێی عێراقیش دەتوانێت سوود لەو بەهێزیەی ژنان لە پەرلەمان وەربگرێت".

شایەنی باسە، بڕیاری 1325ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بە کۆی دەنگ لە 31ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2000 سەبارەت بە ژنان و ئاشتی و ئاسایش پەسەندکرا، ئەم بڕیارنامەیە لەسەر ئاستی جیهانی داوا لەلایەنەکان دەکات ڕێز لە مافی ژنان بگیرێت و بەشداربووێکی کارای نێو قەوارە سیاسیەکان بێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین