ژنى هەڵپەسێردراو لە نێوان یاسا و شەرعیەتدا دیمانە و راپۆرت

تایبەت بە نوچەنێت:

ناردنەوەى ئافرەت لەلایەن مێردەکەیەوە بەبێ ئەوەى تەقەڵاى بدات، پێیدەڵێن "ژنى هەڵپەسێردراو" مامۆستایەکى ئایینى دەڵێت، "ئەم جۆرە هاوسەرگیرییە خواى گەورە حەرامى کردووە"، مامۆستایەکى زانکۆش ئاماژە بەوەدەکات، "ئەگەر مێردەکەى بژێوى خێزانەکەى نەدات تووشى بەرپرسیاریێتى یاسایی دەبێت."

ژنى هەڵپەسێردراو چییە؟

پیاوێک هاوسەرەکەى ڕەوانەى ماڵى باوکى دەکاتەوە، پیاوە نە دەیهێنێتەوە لاى خۆى، نە  بڕیارى جیابوونەوە دەدات، هاوسەرەکەى لەو دۆخە بەجێدەهێڵێت، ئەمە پێدەگوترێت ژنى هەڵپەسێردراو.

دکتۆرە خەولە هەمزە شێخانى، مامۆستاى زانکۆ و شارەزا لە یاساى بارى کەسیێتى لەسەر ئەو حاڵەتە ڕوونکردنەوەى زیاتر بۆ نوچەنێت دەدات و دەڵێت، "لێرەدا مەبەست ئەو ئافرەتانەیە کە هاوسەرەکانیان  جێیان دەهێڵن کە نە لە پرۆسەی هاوسەرگیری دان و نە خاوەن هاوسەریشن، هاوسەرەکانیان تەڵاقیان نادەن بۆ ئەوەی ئازاد بن و شوو بکەنەوە، ئەوانە پێیان دەگوترێت ‌ئافرەتی هەڵپەسێردراو ( الزوجە المعلقە) ، ئینجا هۆکاری بەجێ هێشتنەکەی تەنها سەفەرکردنی پیاو نییە، بۆ دەرەوەی وڵات لەوانەیە ژنێکی تری هێنابێت و ژن و منداڵەکانی ناردبێتەوە ماڵی باوکی، لێیان نەپرسێتەوە".

ژنى هەڵپەسێردراو لە نێوان یاسا و كولتووردا

بە گوتەى دکتۆرە خەولە هەمزە، ئافرەت بۆى هەیە لەم حاڵەتە، "یاسایی باری کەسی عێراقی ژمارە (١٨٨) بۆ ساڵی (١٩٥٩) ئافرەت لەو حاڵەتە، بە پێی بەندی (٤٣) بڕگە (٢) هاتووە، بۆی هەیە داوای جیابوونەوە بکات، ئەگەر هاوسەرەکەی بۆ ماوەی ساڵێک زیاتر لێی دوور بوو، سەرەڕای ئەوەی بژێویشی بدات."

ئەگەر پیاوەکە ژنى دووەمی هێنا بێت و بژێوی ژنی یەکەمی نەدا، بە پێی بەندی (٥) ئەم یاسایە دەگرێتەوە کە پیاوەکە سەرپێچی ئەو خاڵە دەکات، "کە بەڵێن دەدات یەکسانی بکات لە نێوان ژنەکانی بەڵێنەکەی جێبەجێ نەکرد ئەوە بە بەندکردن سزا دەدرێت کە کەمتر نەبێ لە شەش مانگ و زیاتر نەبێ لە ساڵێک یان بە پێ ژماردن بە ١٠ ملیۆن دینار سزا دەدرێت."

بە بۆچوونى دکتۆرە خەولە هەمزە، "ئەگەر چی ئەو  یاسایانە گرێنتی ژنی هەڵپەسێردراو دەکەن داوای جیابوونەوەی دادگایی بکات، بەڵام زۆرجار ژنەکە تێچووی ئەو داوایەی نییە بچێتە دادگا، یان چەند ساڵانێک بەسەر جێهێشتنەکەی دەروات کە دەرفەتی شووکردنەوە و منداڵ بوونی نامێنێت، یاسای باری کەسی هیچ قەرەبوو کردنەوەی بۆ ئەو حاڵەتە دانەناوە و چەندەها حاڵەتی وا هەبووە، تەنها دادوەر حوکمی جیابوونەوەی دادگایی داوە، لێرەدا زیان مەندی یەکەم و کۆتایش خودی ئافرەتەکە بووە، بۆیە ئەوەی بە توندوتیژی دژی ژن دادەنرێت لە یاسا و لە شەرعیش، چونکە ئەوە ستەمە لە ژنەکە دەکرێت، خوای گەورەش مافی تەڵاقی داوە بە پیاو، بەڵام بەشێوەیەک بەکاری بهێنێت کە ستەم لە ژنەکە نەکات خوای گەورە دەفەرموێت (الطَّلَاقُ مَرَّتَانِ فَإِمْسَاكٌ بِمَعْرُوفٍ أَوْ تَسْرِيحٌ بِإِحْسَانٍ)."

سەبارەت بە دواین پڕۆژەیاساى توندوتیژى خێزانى، کە ئاراستەى پەرلەمانى کوردستان کراوە و بەشێک لە ماددەکانى ئەو پڕۆژەیاسایە پەیوەستە بەو جۆرە هاوسەرگیرییە، هاوژین زیبا چالاکوانی بواری ئافرەتان، سەرپەرشتیاری فێمێنیزمی رۆشنگەری دەڵێت "ئەو پرۆژە یاسایەی باس لە جۆری ئەو مامەڵانە دەکات، کە هەڵەن بەرامبەر بە ژنان ئەنجام دەدرێن و بە توندوتیژی نەناسێندراون، لە کاتێکدا ئەگەر کەسانێکیش هەبن بڵێن ئەو توندتیژیانە نەماون یان بوونیان نییە، راستی کۆمەڵ و ژیانی ژنان ئەوە نیشان دەدات، بەڵگەش بۆ ئەم قسەیە ژن کوشتنی بەردەوامە لە کۆمەڵی کوردیدا، بێگومان چۆن هاوسەرگیری پێویستە بە رەزامەندی هەردوو لەیەن ئەنجام بدرێت جیابونەوەش پێویستە بە رەزامەندی هەردوو لایەن بێت چ ژن چ پیاو، لە کاتێکدا هەموومان ئەوە دەزانین بڕیاری جیابوونەوە لە کوردستان لە لای پیاوانەوەیە لە دادگا، واتا ئەگەر ژنەکە لە هاوسەرگیرییەکە رازیش نەبێت، دەبێت پیاوەکە بڕیاری کۆتایی بدات." 

ژنى هەڵپەسێردراو بەپێى شەرع دروست نییە

مامۆستا تاریق نانەکەلی بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "بۆ ئەو بابەتانە ئێمە دەچینەوە سەر ئایتەکانی قورئانی پیرۆز، خوای گەورە باسی ئەو ئافرەتانەی کردووە بە (معلق) دەمێننەوە، کە پیاوەکانیان نە تەڵاقیان دەدەن و نە دەشیانگرنە خۆیان، خوای گەورە لە ئایەتێکی قورئاندا دەفەرموێت (وَإِذَا طَلَّقْتُمُ النِّسَاءَ فَبَلَغْنَ أَجَلَهُنَّ فَأَمْسِكُوهُنَّ بِمَعْرُوفٍ)، یان تەڵاقیان بدەن یانیش بیانگەرێنەوە لای خۆتان زیانیان پێمەگەینن، لەڕووی شەرعیەوە ئەو جۆرە مامەڵەکردنە بەرامبەر بە ئافرەتان حەرامە و جائیز نییە، ئەو ئافرەتە دەتوانێ بچێتە لای دادوەر و داوای مافی خۆی بکات لە رووی شەرعیەوە دادوەر دەتوانێ بڕیار لەسەر جیابوونەوەکەی بدات، ئەو جۆرە مامەڵەیە نەک هەر بە توندوتیژی بەرامبەر بەژن دادەنرێت، بەڵکو زوڵمێکە بەرامبەر بە ئافرەت دەکرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین