چەند هۆکارێک جیابوونەوەی هاوسەرانی لە عێراق زیادکردووە دیمانە و راپۆرت

هێما جه‌بار، نوچه‌نێت

راپۆرتێکی فەڕەنسی ئەو هۆکارانە رووندەکاتەوە کە رێخۆشکەر بوون بۆ بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوەی هاوسەران لە عێراق، باس لەوەش ده‌كات کە زۆرترین کێشە خێزانییەکان پەیوەندی بە لایەنی ئابووری و کۆمەڵایەتییەوە هەیە.

رۆژی (چواری تشرینی دووەمی/2022) ماڵپەڕی (بغداد الیوم) بڵاویکردووەتەوە، کەوا راپۆرتێکی فەڕەنسی ئاماژەی بەو هۆکارانە کردووە کە جیابوونەوەی هاوسەرانی لە عێراق زیادکردووە.

ئەو ئاژانسە روونیدەکاتەوە، ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق، لێکۆڵینەوەیەکی ناوخۆی ئەنجامداوە و پشتڕاستی کردووەتەوە بەرزبوونەوەی رێژەی جیابوونەوە لەم ماوەی دواییدا دەگەڕێتەوە بۆ خراپی دۆخی دارایی و ئابووری خێزانەکان.

هەر لەو راپۆرتەدا دەرکەوتووە نەبوونی خانووی هاوبەش لەنێوان هاوسەران کێشەی خێزانی زیاتر قووڵ کردووەتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی ئەو قەیرانەوە دروست بووە کە ئێستا لە وڵاتەکەدا هەیە و هاوکات لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی خانووبەرە. ئاماژە بەوەش کراوە نەبوونی هەلی کار و دابەزینی توانای ئابووری، حاڵەتەکانی جیابوونەوەی توندتر کردووە.

ههنا ئه‌دوار چالاکوانێکی بواری مافی ئافرەتان باس لە هۆکارێکی تر دەکات و دەڵێت، "یەکێکی تر لە هۆکارە سەرەکییەکان ئەنجامدانی هاوسەرگیری پێشوەختەیە".

هەروەها لەم راپۆرتەدا باس لە خراپی سایتەکانی ئۆنڵاین کراوە کە رۆڵیان هەبووە لە زیادکردنی رێژەی جیابوونەوە، هەر لەو بارەیەوە لە چوارى  تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، وەزارەتى په‌یوه‌ندییه‌كان ئاماژەی بە مەترسی ماڵپەڕە پۆرنۆگرافییەکان كردووه‌، راستەوخۆ هه‌یام یاسری وەزیری پەیوەندییەکانی عێراق رایگەیاند، کەوا سانسۆر دەخاتە سەر سایتە سێکسییەکان و ئەمەش لەناو کۆمەڵگەی عێراقی و بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان مشتومڕێکی زۆری لێکەوتەوە.

ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بەپێی ئەنجامەکان ئاشکرای کردووە دۆسییەکانی جیابوونەوە لە ئەمساڵدا بەراورد بە ساڵی 2021 بۆ رێژەیەکی بێ وێنە بەرزبووەتەوە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین