عێراق گرنگی بە دەرفەتی کارکردن بۆ ژنان لە بازاڕی کاردا نادات دیمانە و راپۆرت

هێما جه‌بار، نوچه‌نێت

ماڵپەڕی شەفەق نیوز رایدەگەیەنێت، دەرفەتی کارکردن بۆ ژنانی عێراق لە بازاڕی کاردا کەمە، وێڕای ئەوەی ژنان بە نزیکەی نیوەی دانیشتوانی عێراق پێکدەهێنن، بەڵام بە هۆی هەبوونی کۆسپ و رێگرییەکانی دابونەریت لەبەردەمیان، رێژەی ژنانی کارکەر لە %15 تێپەڕناکات.

رۆژی (حەوتی تشرینی دووەمی/2022) ئاژانسی هەواڵی شەفەق نیوز بڵاویکردووەتەوە، نەبوونی دەرفەتی کارکردن بۆ ژنان وایکردووە رێژەی ژنانی کارکەر لە عێراق زۆر کەم بێت، لەگەڵ ئەوەی %49ی کۆی دانیشتوانی عێراق لە ژنان پێکدێت، تەنیا %15یان لە بازاڕی کاردان.

%85ی ژنانی عێراق لە کارکردن بێبەشن


ئەم ئاژانسە روونیکردووەتەوە، "%85ی ژنان لە کارکردن بێبەشن، کۆمەڵێک هۆکار هەن کێشە و ئاستەنگی لە بەردەمیان دروستکردووە، هۆکارەکانیش پەیوەستن بە دابونەریتی کۆمەڵایەتی و هەروەها نەبوونی پلانێکی تۆکمە و شکستهێنانی سیاسەتەکانی حکومەتی عێراق".

هەر لە بڵاوکراوەی ئەو ماڵپەرەدا خانمێک بەناوی ئیبتیهال ئەلعەبودی باس لە چیرۆکی سەرکەوتنی خۆی دەکات و دەڵێت، "لە ساڵی 2000 بەدواوە کارم لەسەر پرۆژەیەک کردووە بۆ خزمەتکردنی ژنان و پیاوانی بێکار، تا لەناو قەیرانەکانیشدا دەرفەتێکیان هەبێت بۆ دۆزینەوەی هەلی کار، چێشتخانەیەکم دانا لە شاری کوت(واست) بەناوی خاڵۆزاکانم (خالاتی)".

ئەلعەبودی لە درێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوە کردووە، "لە ماوەی کارکردنمدا گرفت و کێشەی زۆر رووبەڕووم بووەتەوە، کەسانێکی زۆر بە قسە و کردار شەڕیان لەگەڵ کردم، دوو جار پەیجی فەیسبووکەکەمیان هاککرد، بەمەش زیانێکی دارایی زۆرم بەرکەوت، بەڵام من هەر بەردەوام بووم و نەوەستام، داوا لە ژنان دەکەم هەموو هەوڵی خۆیان بدەن تا تواناکانی خۆیان بسەلمێنن".

دەربارەی کەرتی تایبەت لە توێژینەوەیەکی سەنتەری ئەلنەهرەین بۆ لێکۆڵینەوەی ستراتیجی دەرکەوتووە، "ژنان رێژەی %29ی کۆی کرێکارانی ئەم کەرتە پێکدەهێنن". هەر بە پێی داتاکانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، %7ی ئەو ژنانەی کە ئامادەن بۆ کارکردن سەرکەوتوو دەبن لە بەدەستهێنانی کارێکی راستەقینەدا".

رێکخراوی نێودەوڵەتی بواری کارکردن رایدەگەیەنێت، ئەگەر عێراق هەوڵبدات بۆ زیادکردنی رێژەی %25ی ژنان بۆ کارکردن، دەتوانێت زیاتر سوود لە توانا مرۆییەکان وەربگرێت و هاوکات بەرهەمی گشتیی ناوخۆی ساڵانەش بەرز دەبێتەوە بۆ (2527) دۆلار بۆ هەر تاکێک لە وڵاتدا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین