کارکردنی ژنانی عێراق لە ئۆنڵاین بە رێژەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت:

لە ئێستادا ژنانی عێراق بەهۆی بێکاری و مانەوەیان لە ماڵەوە، سوود لە کاتە بەتاڵەکانیان وەردەگرن و پرۆژەی بچووکی تایبەت بەخۆیان بەڕێوەدەبەن، ئەویش کارکردنە لە رێگای سۆشیال میدیاوە، کەلوپەلەکانیان لەو رێگەیەوە بە ئۆنڵاین بە خەڵک دەفرۆشن بەمەش قازانجێکی زۆر بەدەست دەهێنن.

ماڵپەڕی (ئەلعەرەبیە) لە راپۆرتێکدا رایدەگەیەنێت، ژنانی عێراق بەهۆی دەست بەتاڵی و بێکارییەوە روویان بازاڕی کارکردنی ئەلیکتڕۆنی کردووە، بەرهەمەکانیان لە لاپەڕە و پەیجەکانی تایبەت بە خۆیان بە خەڵکی دەناسێنن، و بە رێککەوتن لەگەڵ شۆفێری تەکسی بە دلیڤەری گەیاندن ئەنجام دەدەن و هاوکات ئەم کارە پێویستی بە ئینتەرنێتی بەردەوام هەیە.

لەم راپۆرتەدا خانمێک بەناوی تەبارەک ئەمجەد لەبارەی کارکردنی خۆی دەڵێت، "من دەرچووی زانکۆم و پێنج ساڵ لەمەو پێش خوێندنم تەواوکرد، زۆر بەدوای دەستکەوتنی کاری حکومی بووم بەڵام دامەزراندن نەبوو، هەروەها لە کەرتی تایبەت ئارەزووی کارکردم نەبوو، بەهۆی هەبوونی جیاکاری رەگەزی و هەراسانکردنی ئافرەتان، بۆیە بیرۆکەی ئەوەم بۆ هات پەیج دابنێم لە فەیسبووک و چەند لاپەڕەیەکم کردەوە، کە تێیدا جوانکاری خانمان لە سۆشیال میدیاوە دەفرۆشم، ئەم پەیجانە بوونەتە سەرچاوەی بژێوی ژیانم".

هەروەها تەبارەک زیاتر روونکردنەوە دەدات و ئاماژە بەوەدەکات، "ئەم کارە پێویستی بە سەرمایەی گەورە نییە، بەڵکو لە رێگای ئەنجامدانی گرێبەست لەگەڵ هەندێک لە بازرگانەکان و هەروەها دیارکردنی نرخی کاڵاکان لەلایەن ئەوانەوە دەکرێت، سەرەڕای ئەوەش ئەم کارە بۆتە سەرچاوەیەکی باشتری بژێوی ژیان بۆ شۆفێرانی تەکسی".

فرۆشتنی کاڵاکان جۆراوجۆرن، لەو بارەیەوە ژنێکی تر بەناوی عەلا ئەلحەمدانی کە دایکی سێ منداڵە و رایدەگەیەنێت، ئەو رۆژانە کاتە بەتاڵەکانی خۆی بەکاردەهێنێت بۆ رێکلام کردنی ئەو کتێبانەی کە لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دایدەنێت، هەروەها لە رێگای ماتۆسوارەکان دەیگەیەنێت بەو کەسانەی کە ئارەزووی دەکەن".

ئەلحەمدانی لە درێژەی قسەکانی باس لەوەدەکات، ئەم جۆرە بازاڕکردنە جگە لە سودە ئابوورییەکەی بۆ خاوەن پرۆژەکان، ئەو خێزانانەش لێی سودمەندبوون کە کاتی بازاڕکردنیان نییە یاخود لەبەر قەڵەباڵغی ناچنە دەرەوە، هەر لە ماڵەوە بە کاتێکی کەم ئەو بەرهەمانەی ئارەزوویان بۆی هەیە دەگاتە دەستیان.

هەناعودە خانمێکی عێراقی تەمەن 33 ساڵ ئەمیش بە هەمانشێوە لەلاپەرەی تایبەت بە کارەکەی خۆی گوڵ و پێداویستییەکانی ئاهەنگگێڕان دەفرۆشێت و دەڵێت، "سەرەتا لە یەکێک لە لاپەڕەکانی سۆشیال میدیا بینیم پەیجێک گوڵی گوڵەبەرۆژە دەفرۆشێت، سەرنجی راکێشام و بیرۆکەی ئەوەم بۆ هات کە منیش گوڵی گولەبەرۆژە بفرۆشم و هەر لە یەکەم رۆژەوە سەرکەوتنم بەدەستهێنا". 

هەنا دەشڵێت، "دواتر بە پێی کات بەرهەم و کاڵاکانم زیاتر کرد، وەکو پێداویستییەکانی ئاهەنگ و بووک و بۆنە خێزانییەکان و دەف و تەپڵ و...هتد، لە ئێستادا تیمێکی ژنانم داناوە و دەرفەتی کارم بۆ چەند خانمێکیش رەخساندووە، کە هەموویان دەرچووی زانکۆن".

لەوبارەیەوە سەلام سومەیسەم، شارەزا لە بواری ئابووریی عێراقی دەڵێت، "دوای ئەوەی شێوازی بازاڕکردن گۆڕانکاری بەسەرداهات بوو بە ئەلیکترۆنی، زۆرێک لە کۆمپانیا گەورەکان پەنایان بۆ ئەو پەیجانە بردووە بۆ رێکلام کردنی بەرهەمەکانیان و زیاتر فرۆشتنیان".

سومەیسەم ئاشکرایدەکات، "ئافرەتان هەست بە جیاکاری دەکەن لە دامودەزگاکانی حکومەت و کەرتی تایبەت، بۆیە زیاتر پەنایان بردووەتەوە بەر فرۆشتنی ئەلیکترۆنی".

بەگوێرەی دوایین ڕاپۆرتی دەزگای ناوەندی ئاماری حکومەتی عێراق، رێژەی بێکاری گەیشتە %16.5، ئەمەش بەزرترین ئاستە کە لە ساڵی 1991ەوە تا ئێستا تۆمارکرابێت. هەروەها دەرکەوتووە ساڵانە نزیکەی 300هەزار کەس لە عێراق دەچنە ناو بازاڕی کار و ژمارەی دەرچووانیش نزیکەی 100هەزار کەسە و  %30یان بێکارن.

ئا: هێما جەبار

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین