فەزیلە شۆرش: لە رۆژئاوا جەستەی ئافرەت شەرەف نییە دیمانە و راپۆرت

تایبەت بە نوچەنێت:

بەرپرسى ئەنجوومەنى ئەوروپاى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان لە دیمانەیەکى تایبەتدا لەگەڵ نوچەنێت، تیشک دەخاتەسەر کاروچالاکییەکانى ئەنجوومەنەکەیان بۆ رەوەندى کورد لە ئەوروپا. 

فەزیلە شۆرش، بەرپرسى ئەنجوومەنى ئەوروپاى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان لە درێژەى دیمانەکەدا، باس لەوەدەکات، چەندین چالاکییان بۆ کوردانى ئەوروپا ئەنجامداوە بۆ ئەوەى هەستى نەتەوایەتى کاڵ نەبێتەوە و زمانى کوردى نەتەوەکەیان لەبیر نەکەن.

سەبارەت بە کوشتنى ئافرەتان لە جیهان و هەرێمى کوردستانیش دەڵێت، "لە رۆژئاوا جەستەی ئافرەت شەرەف نییە، لای خۆمان جەستەی ژن واتا شەرەف."

 

دەقی دیمانەى ماڵپەڕ نوچەنێت فەزیلە شۆرش، بەرپرسی ئەنجومەنی ئەوروپای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان:

نوچەنێت: فەزیلە شۆرش کێیە؟ کارو چالاکییەکانی فەزیلە شۆرش چی بووە تا ئێستا؟

فەزیلە شۆرش: من فەزیلە فەتاح لطیف ناسراوم بە فەزیلە شۆرش، لە (2007) بوومە ئەندامی  ستافی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە ئۆفیسی ئەوروپا، لە کۆتایى (2012) بوومە بەرپرسی ئۆفیسی ئەوروپای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بەڵام لە کۆنگرەی هەشتەم ئەو ناوە گۆرا، بوو بە ئەنجوومەنی ئەوروپای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، من لە (2007) کار لەو رێکخراوە دەکەم بۆ باشتر کردنی رەوشی ئافرەتان، ئامانجمان بەدیار خستنی هێز و توانای ئافرەتانی کوردە لە ئەوروپا.

نوچەنێت: ماوەی چەندە ئەنجومەنی ئەوروپای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دامەزراوە، کارو چالاکییەکانی ئەو ئەنجوومەنە چین؟

فەزیلە شۆرش: ئەنجوومەنی ئەوروپای یەکێتی ئافرەتانی کوردستان لە (2007) دامەزراوە بە فەرمی، هەتا ئێستا لە کاروچالاکییەکانی بەردەوامە، لە رێگەی کۆر و سیمینار کارمان کردووە، ئەو کاتەی کە پەتای کۆرۆناش بڵاو بووەوە بە شێوەی ئۆنلاین کارو چالاکییەکانی ئێمە بەرێوە چووە، بۆ هۆشیارکردنەوەی ئافرەتان.

هەروەها ئێمە گرنگیمان بە زمانی کوردی داوە بۆ نەوەی کورد لە ئەوروپا بۆ ئەو خێزانە کوردانەی کە لەئەوروپا نیشتەجێن، هەروەها تێکەڵاوبوونیان لەگەڵ ئەو کۆمەڵگە نوێیەی کە ژیانیان لەگەڵدا دەکەن و سوود وەرگرتنیان لەو کۆمەلگەیە، بەتایبەتی لەبارەی ئەو سیستەمە باشەی ئەوروپا بۆ گرنگی دان  بە تاکی کومەڵگە کە هەیەتی لە هەموو رووێکەوە.

ناتوانین  کۆپی ئەزموونی ئەوروپا بۆ هەرێمی کوردستان بگوازینەوە، چونکە هەندێ یاساى لەگەڵ کۆمەڵگەى ئێمە ناگونجێ

نوچەنێت: وەک باست کرد کار بۆ ئەوە دەکەن کە کولتووری نەتەوەی خۆمان لەناو خێزانە کوردەکاندا کاڵ نەبێتەوە گرنگی پێبدرێت، بۆ ئەوەی منداڵی کورد لە ئەوروپا لەگەڵ کولتووری کوردەواری ئاشنا بێ، بەچ رێگایەک ئەوە دەکەن؟

فەزیلە شۆرش: ئێمە بەردەوام یادە نەتەوەییەکان لە بیر ناکەین گرنگی پێ دەدەین تاکو رۆڵی کورد ئەگەرچی لە خاکەکەی خۆی دوورە، بەڵام بە یادکردەنەوەی ئەو یادە نەتەوەیانە تاکی کورد هەست بەبوونی کوردایەتی خۆی دەکات. لە لایەکی تریش ئێمە بەردەوام کۆرسی خولی زمانی کوردی دەکەینەوە، بەتایبەت بۆ ئەو منداڵە کوردانەی کە لە ئەوروپا لە دایک دەبن بۆ ئەوەی لە زمانی دایکیان بێ بەش نەبن.

پیاوانی کورد لە ئەوروپاش خاوەنی هەمان عەقلیەتی پیاوانی ئێرەن، زۆر شتیان پێ قبووڵ ناکرێ

نوچەنێت: وەک بەرپرسی ئەنجوومەنی ئەوروپا یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، تا ئێستا چۆن کارتانکردووە بۆ ئەوە کردووە بۆ گواستنەوەى ئەزموونى ئەوروپا، لە بوارى بەرگریکردن لە ئافرەتان و خێزان بۆ هەرێمی کوردستان، وەک دیارە ئێمە ئەزموونێکی باشمان لەو رووەوە نییە بۆ بەرگریکردن و داکوکیکردن لە مافی ئافرەتان، کە بەداخەوە کوشتنی بە ئەنقەست رووی لە هەڵکشان کردووە، بەتایبەت کوشتنی ئافرەت؟

فەزیلە شۆرش: ئێمە بەردەوام هەوڵمان داوە ئەو ئەزموونە باشەی وڵاتانی رۆژئاوا بگوازینەوە بۆ هەرێمی کوردستان، ئەویش ئەو لایەنەی کە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێمە دەگونجێ، چونکە ئێمە دەبێ ئەوەش بڵێین کە هەموو یاساکانی ئەوێ لەگەڵ کۆمەلگەی ئێمە ناگونجێ، ئەنجام داب ونەریتی کۆمەڵگەی کوردی قبووڵی هەندێ ئەو یاسایانەی رۆژئاوا ناکات، ئێمە تێکەڵاویمان لەگەڵ رێکخراوەکانی هۆڵەندی و ئەڵمانی هەیە کە تایبەتن بەو بوارە، بێگومان ئەوان خاوەن ئەزموونێکی باش و دوورو درێژن بۆ بەرگریکردن لە مافی ئافرەتان.

بەڵام سەبارەت بە کوشتنی ئافرەت یان کوشتن بە شێوەیەکی گشتی، ئەوە لە هەموو دوونیادا هەیە تا ئێستا نەتوانراوە لە هیچ وڵاتێک و لە هیچ شوێنێک رێگری لە کوشتن کرا بێت، بەڵام هۆکارەکەی جیاییە، بۆ نموونە لە هەرێمی کوردستان ئافرەت کوژراوە لەسەر چاتی مۆبایل، یان لەسەر پەیوەندیێکی خۆشەویستی ئافرەت کوژراوە، یان هەبوونی ناکۆکی نێوان پیاو و ژن کە زۆرجار کۆتاییەکەی کوشتنی ژنەکە بووە. لە رۆژئاوا جەستەی ئافرەت شەرەف نییە لای خۆمان جەستەی ژن واتا شەرەف، ئێمە لە هەموو کۆڕ و کۆبوونەوەکان باس لەوە دەکەین کە شەرەف لە کوشتنی ژن نییە.

ئێمە دەبێ باس لەوەش بکەین سەرەڕای هەبوونی ئەو هەموو رێکخراوە تایبەتانەی کە بۆ بەرگریکردن لە مافی ژنان هەن لە ئەوروپا، هێشتا پێشێلکاری بەرامبەر مافی ئافرەتان دەکرێت، بۆ نموونە لە هەندێ سێکتەری کار کردن مووچەی ئافرەت لەگەڵ مووچەی پیاوان یەکسان نییە، جیاوازە واتا ئەو کارەی ئافرەتێک دەیکات هەمان کار کە پیاوێک دەیکات جیاوازی لە مووچەکانیان دا هەیە، بە هۆکاری ئەوەی ئافرەت منداڵی دەبێت  دادەبرێت لەسەر کارەکەی، بۆیە نابێ مووچەیان وەک یەک بێت یان لە زۆر شوێنی پارککردنی ئۆتۆمبێل دەبینین لەوێش جیاوازی هەیە، شوێن بۆ ئافرەتان جیا کراوەتەوە، بە بیانووی ئەوەی ئافرەتان لەگەڵ منداڵەکانیان بازاڕ دەکەن، باشە زۆرجاریش پیاوان بازاڕ لەگەڵ منداڵەکانیان دەکەن، سەیر دەکەین ئەو شتانە زۆر وردن ئەگەر لێکدانەوەیان بۆ بکەین، بەڵام لەهەمان کاتدا جیاوازیان لەنێوان ئافرەت و پیاو کردووە.

تەنانەت لە وەرگرتنی پۆستی باڵا دەبینین لە هەرێمی کوردستان کە ئەو دیارەدیە هەیە کە ئافرەتان ناتوانن ئەو پۆستە گەورانە  بەدەست بێنن بە هەمان شێوە ئەو لە رۆژئاواش هەیە، کە ئافرەتان ناتوانن بگەن بەو پۆستانە. کەواتە سەرەڕای هەبوونی ئەو هەموو یەکسانییە کە لە رۆژ ئاوا هەیە هێشتا جیاوازی لە نێوان ئافرەت و پیاو هەیە،  بەڵام بە رێژەیەکی کەم، چونکە زۆر ئافرەت هەن بە بەرێوەبەری گشتی کار دەکەن یان وەکو وەزیر، یان سەرۆک وەزیران، لە رۆژئاواش ئافرەتان دەیانەوێت لەو بارەیەوە رێژەیان زیاتر بکرێت و یەکسان بن، لەبەر ئەوەیە رێکخراوەکانی ئافرەتان ژمارەیان زۆرە لە ئەوروپا کە داوای مافی ئافرەتان دەکەن داوای یەکسانییەکی تەواو دەکەن لە زۆر بواردا، ئێمە وەکو ئەنجوومەنی ئەوروپای یەکێتی ئافرەتان بەردەوام ئەو هەوڵە دەدەین، بەڵام ناتوانین  کۆپی ئەزموونی ئەوی بۆ هەرێمی کوردستان بگوازینەوە، بەڵکو دەبێ کار بکەین بۆ ئەوەی بزانین کامە یاسا لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێمە گونجاوە، چونکە زۆر یاسایان هەیە لەگەڵ کۆمەڵگەی ئێمە ناگونجێ.

نوچەنێت: وەک دەزانین لە ئەوروپا چەندین رێکخراوی تایبەت هەن بۆ بەرگریکردن لە مافەکانی ئافرەتان و خێزان ئایا ئەنجوومەنی ئەوروپاى یەکێتی ئافرەتان چۆن یارمەتی ئەو ئافرەتانە دەدەن کە تووشی گرفتێک یاخود رووبەڕوى تووندوتیژی دەبنەوە؟

فەزیلە شۆرش: جیاوازیێکی بەرچاو هەیە لە هەبوونی ئەو هەمووە رێکخراوانەی تایبەتن بە مافی ئافرەتان، جگە لەوەش لەوێ پزیشکی تایبەت بە هەموو خێزانێک هەیە، بۆ هەر کێشەیەک و نەخۆشیەک ئەوان دەبێ سەردانی پزیشکی تایبەت بە خێزانی خۆیان بکەن، ئیدی لەوێ ئەو پزیشکە دەیانێرێتە لای ئەو ڕێکخراوەی کە تایبەتە بەو کێشەیە کە هەیانە، ئێمە وەکو ئەنجوومەنی ئەوروپا یەکێتی ئافرەتان گوێ لەو ئافرەتانە دەگرین کە کێشەکانیان دەهێنە لای ئێمە، دەیەوێت لەناو خۆماندا چارەی بکەین، یارمەتی دەدەین هەتا کێشەکەی چارەسەر دەبێت، بەڵام دەبێ ئەوەش بڵێین کە پیاوانی ئێمە ئەگەر لە ئەوروپاشن خاوەنی هەمان عەقلیەتی پیاوانی ئێرەن کە زۆر شتیان پێ قبووڵ ناکرێ، بۆیە دەبینین زۆرینەی خێزانەکان لە ئەورۆپا تووشی کێشە و گرفت دەبنەوە.

پێم باشە باس لەوەش بکەم کە هەندێ لە ئافرەتان لە ئەوروپا تووشی ئەو کێشەیە بوونەتەوە ئەویش ئەوەیە کە پیاوەکانیان دێنەوە کوردستان و ژنێکی تر دەهێنن و ئەو ئافرەتەش لە ئەوروپا ئاگای لە هیچ نییە، لە پڕ پێی راگەیاندراوە کە پیاوەکەی لە کوردستان ژنێکی تری هێناوە، ئێمە بۆ ئەو بابەتانە راستەوخۆ پەیوەندیمان لەگەڵ یەکێتی ئافرەتانی کوردستان دەبێت بۆ چارەسەرکردنی کێشەکەی.

نوچەنێت: رێژەی ئەندامانی ئافرەتان چەندە، ئایا بە رێژەیەکی باش ئافرەتان بوونەتە ئەندام لە ئەنجوومەنی ئەوروپا یەکێتی ئافرەتان؟

فەزیلە شۆرش: ئێمە دەبێ بڵێین کێشەی بە ئەندام بوونی ئافرەتان لە ئەوروپا ئەوەیە کە شوێنەکان لەیەک دوورن، بۆ نموونە رەنگە لە گوندێکی ئەوێ سێ خێزانی کورد هەبێ، لەنێوان ئەو شوێن و شوێنێکی تر  رەنگە پێویست بکات سێ کاتژمێر بە ئۆتۆمبێل برۆی هەتا دەگەیە ئەو شوێنە، کە خێزانی کوردی تێدا بێت. لەبەر پەرت و بڵاوی خێزانەکان و هاووڵاتییە کوردەکان کە هەر یەکەو لە شوێنێکن ئەوە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام لە رێگەی پەیوەندی کردنەوە دەتوانین لێیان نزیک بینەوە قسەیان لەگەڵ بکەین و بزانین داخوازیان چییە و پێیان باشە ببن بە ئەندام لە ئەنجوومەنی ئەوروپا یەکێتی ئافرەتان.

کوشتن بە شێوەیەکی گشتی لە هەموو دوونیادا هەیە تائێستا نەتوانراوە لە هیچ وڵاتێک رێگری لە کوشتن بکرێ

نوچەنێت: کارو پلانتان بۆ باشتر کردنی رەوشی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان چییە. چۆن دەتوانن یارمەتیان بدەن؟

فەزیلە شۆرش: ئێمە لە ئیستادا لە گۆنگرەی یەکێتی ئافرەتانی کوردستان نزیک دەبینەوە، کە ئەویش گۆنگرەی (٩) دەبێت بۆ یەکێتی ئافرەتانی کوردستان، بێگومان لە دوای کۆنگرەش ئێمە کار و پلانی خۆمان دەبێت بۆ باشتر کردنی پێگە و ژیانی ئافرەتانی کوردستان بە گشتی، ئێمە لە هەموو پلانەکانمان جەختمان لەوە کردوە ببینە پردێک لە نێوان ئەوروپا و کوردستان بتوانین ئەزموونی ئەوروپا بە شیوەیەکی رێک بۆ کوردستان بگوازینەوە کە لەگەڵ یاساکان وکلتوری هەرێمی کوردستان بگونجێ نەک کۆپی ئەزموونی ئەوێ بۆ ئێرە، ئێمە دەمانەوێ ئافرەتان لەوە هۆشیار بکەینەوە کە هەندێ یاسا لەوێ هەیە لەگەڵ کلتوری کورد جیاوازی هەیە کە ئەوەش دەبێتە هەڵگری کێشە بۆ خودی ئافرەتەکە، بەڵام دووپاتی دەکەمەوە کە ئێمە زیاتر ئیش لەسەر گوازتنەوەی ئەو بەشە ئەزموونە دەکەین کە لایەنی باشی بۆ ئافرەتان هەیە.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین