د. شوکریە ڕەسوڵ: وشەى جێندەر زەق کراوەتەوە و زۆرجار بازرگانى پێوە دەکەن دیمانە و راپۆرت

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

د. شوکریە ڕەسوڵ، نووسەر و ئەندامى پێشووى پەرلەمانى کوردستان، پێیوایە ئەوانەى ترس و گومان دەخەنەسەر جێندەر، کەسانێکن بە دیدێکى سیاسى سەیرى ئەم بابەتە دەکەن و لە دونیایى خۆیانەوە لێکدانەوەى بۆ دەکەن. بە بۆچوونى د. شوکریە ڕەسووڵ ئیسلامیى سیاسى و خەڵکانى تر تەنها لە ڕووە سێکسییەکەوە سەیرى چەمکى جێندەر و فێمێنزم دەکەن.

 

دەقى دیمانەى ماڵپەڕى نوچەنێت لەگەڵ د. شوکریە ڕەسوڵ، نووسەر و ئەندامى پەرلەمانى پێشووى کوردستان

نوچەنێت: جێندەر چییە، بۆچی بەترس و گومانەوە سەیری جێندەر دەکرێت، کێن ئەوانەی بەم جۆرە پێناسەی جێندەر دەکەن؟ 

د.شوکریە رەسوڵ: سوپاس بۆ ئەم چاوپێکەوتنە، ئەگەر وورد بینەوە، لە وشەی فێمێنزم و لە ووشەی جێندەر، دەبینین ئەم دوو وشەیە، دوو زاراوەی بێگانەن، واتە بەزمانی کوردی ئەگەر فێمێنزم ناوی بنێین ئافرەتیزم، ئەگەرچی  جێندەریش تا ئێستا ناوێکی وای بۆ نەدۆزراوەتەوە، کە دەلالەت دەکاتە سەر مافی ژن و پیاو، یەکسانیان لە ئەرک و مافیان، تا ئێستا بەتەوای ئەوەش ساغ نەبۆتەوە، کە ئایا هەر ئەمە دەگەیەنێ یان لایەنیتر دەگەیەنێت،  ئەمە ناو بەناو زەق دەکرێتەوە بە تایبەتی زاراوەی جێندەر، زۆر جار بازرگانی بەم ووشەیە دەکرێت، لەلایەن ئەوانەی ئیسلامی سیاسین، ئەوانەی کەوا توندڕەون، ئەوانەی کەوا دنیا لە پێشکەوتن و زانست و زانیاری تەکنەلۆژیا نابینن، کە گۆڕانکارییەکی گەورە، لە ژێر خانی ئابوریی وسەرخانی رۆشنبیری دەکرێت، رۆژ بەڕۆژ ئەمانە فراوانتر دەبن، بابەتی فێمێنزم بێت، بابەتی جێندەر بێت، ئیتر ئەمان دێن بەدونیای خۆیان لێکی دەدەنەوە، لەناو ئەوانەی باوەڕیان زیاتر بە "فەلسەفەی ئایدیالیزمە" جێندەر دەبەستنەوە بە (جنس).

نوچەنێت: بۆ بەس بابەتی جنس زەق دەکەنەوە؟ خۆ جێندەر کۆمەڵێک بابەت لە خۆ دەگرێ لەسەر پرسی ژن، ئەرک و ماف کە سەرەکیترین مافی ژنە لە هەموو کایەکانی نێوکۆمەڵگادا، بۆ تەنها لایەنی سێکسیەکە دراوەتە پاڵ وشەکە؟ 

 د.شوکریە ڕەسوڵ: ئەگەر ووردبینەوە ئەمە بۆچونێکی تایبەتییە، زۆر کەس وا لێکی دەداتەوە کە جێندەر بریتیە لە ئەرک وماف، ئەم لایەنەش کە پێویستە ئازادییەک هەبێت، لە رووی مومارەسەی بابەتی جنسییەوە، لەناو داب ونەریتی کوردەواری بابەتی سێکس شتێکی نامۆیە، چونکە ئێمە کۆمەڵگایەکی ئیسلامی خوازین، کورد باوەڕێکی تەواوی بە ئاینی ئیسلام هەیە، ئایینی ئیسلام ئێستا بەداخەوە زۆر زۆر توند کراوە، جاران هەموو کەسوکارمان، هەموو ئەرکەکانی ئیسلامییان جێبەجێ دەکرد، بەڵام ئێستا کۆمەڵێک خەڵک دروست بوون، دەتوانم بڵێم ئیسلامیان ناشیرن کردووە، بە تێگەیشتنی خۆیان ووشەی جێندەر لێکدەدەنەوە، تەنها لایەنی سێکسەکە دەخەنە پاڵ وشەکە.

 باشە ئێوە بۆ نایەن، لایەنی ئەرک و ماف لە کارو لە فەرمانگەکان و لەو شوێنە دیبلۆماسیانە کە پێویستە، جێ پەنجەی ژنی تێدا دیار بێت، لە سیاسەتیشدا پێویستە ئافرەت ئەوەندە هەوڵبدات بگاتە بڕیاردانی سیاسی، لەدەستەڵاتیشدا، زۆربەی حزبە سیاسیەکانی کوردستانیش لەم روانگەیەوە جەخت دەکەنە سەر ئەوەی کە دەبێت، ئافرەت بەشدار بێت لە سیاسەت، لە رێگەی هەڵبژرادن و خۆپاڵاوتن، بگرە بۆ سەرکردایەتی حزبەکان رێگە پێدراو بن، ئەگەر ئێمە سەیری ئەو حزبە سیاسیە عەلمانیانە بکەین، ئەوان لەناو ناخی کۆمەڵگا هەڵقوڵاون، شتێکی تازەیان نەهێناوەتە ناو دونیای دەرەوە، نەیان هێناوەتە ناو کۆمەڵگای کوردییەوە، بەڵکو بەپێی داب ونەریتی کۆمەڵگای کوردی و پێشکەوتنەکان هەنگاو دەنێت، نە زۆر روودەچن بۆ ناو ئەو دنیایەی کە خەڵک بە لاڕێی دەبەن، نە دژی کولتوورن، نە دژی ئەم بابەتەش وەستاون، لەبەر ئەمە ئێمە هەمیشە هەوڵی میانڕەوێک بدەین لە نێوان ئەم دوو زاراوەیە، چی لە دونیا و کۆمەڵگای کوردەواری خۆمان دەگونجێت بۆ پێشکەوتنی ئافرەت.

داگای فیدراڵی ڕەزامەندى داوە پیاو بە ئارەزووی خۆی دەتوانێ ژنی دووەم بێنێت بێ گوێنەداتە بۆچوونی ژنی یەکەم باشە ژنی یەکەم مرۆڤ نییە

نوچەنێت: ئافرەتان چی بکەن بۆ بەدەست هێنانی ئەو ئەرک و ماف و یەکسانییەی کە دەیەوێت بەدەستی بێنێت، کە لە نێو بوارەکەدایە جا سیاسی بێت یاخود هەر بوارێک بێت، چۆن وا بکات لەو داب و نەریتە باوکسالارییە رزگاری بێت، چۆن هەوڵی بەدەست هێنانی مافی بدات؟

د. شوکریە رەسوڵ: دەبێت ئافرەت زۆر ووشیار بێت، هەمیشەو هەردەم بیر لەوە بکاتەوە، مادام کەسێکی چالاکی ناو کۆمەڵگایە، مادەم بڕیاری داوە بەشدار بێت لە بواری سیاسی، لە بواری کۆمەڵایەتی، زۆر بواریتر، دەبێت وا بیربکاتەوە کە خەتی سور نەبەزێنێت.

نوچەنێت: مەبەستت لەم هێڵە سوورە چییە؟

د. شوکریە رەسوڵ: مەبەستم ئەوەیە ئەوەی نەگونجاوە نەیکات، ئەوەی کە ئەشگونجێت هەوڵی بۆ بدات، بۆ خۆ بردنە پێشەوە، بۆ بەشداری بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی یاخود رۆشنبیری بێت، جا ئێمە لێرەدا دەتوانین بە پێی لێک تێگەیشتنی خۆمان، ئەم دوو زاراوەیە روون بکەینەوە، راستە فێمێنزم ئەگەر ئێمە باسی بکەین، ئێستا من قوتابییەکمان هەیە، سەرقاڵی  تاوتوێی نامەی ماجستێرە، لەسەر کۆمەڵێک چیرۆکی دەڤەری بادینان، لە رووی رەخنەی فێمێنزمەوە، ئەم ئافرەتە هەموو جۆرە فێمێنزمیەکانی داناوە هەندێک لەو ناوانەی، کە لەدونیای فێمێنزمە بەتایبەتی "هاوڕەگەز خوازی".

بەداخەوە ئێستا لە سلێمانی دەیانەوێ تۆمەت بخەنە پاڵ (چۆمان هەردی ) کە ئەم بابەتی ووروژاندوەو، ئەمە وانییە لە راستیدا، بەڵکو دەیانەوێ خەڵک مەشغوڵ بکەن، هەر کاتێک ووڵاتەکەمان بەرەو ئارامی دەچێت، شتێک دروست دەکەن، لەو دنیاییە دەیکەن بە ئاژاوەیەک، دروست دەبێت لە دونیای "هاوڕەگەز خوازییە" خێزان کە دەتوانین بڵێین چەقی دروست بوونی کۆمەڵگایە، بەپێی شەرع و بەپێی یاسا و ئایینی ئیسلام، ئەم خێزانە دروست دەبێت، ئەم خێزانە هەمیشە هەوڵدەدات بۆ پەروەردەیەکی تەندروست، هەوڵ نادات کە تۆ نەوەیەکی تازە دروست بکەیت، ئەم نەوەیە فڕەیدەیتە ناو کۆمەڵەوە، رەگەزی نێر و مێیەکە، چیان خواست بەبێ داب ونەریتەکە، بەبێ ئاوڕدانەوە، لە کەسوکار، لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتیەکانی ناو کەس وکار، ئەم لایەنانە، دەبێت ئێمە لەگەڵ کۆمەڵگاکەمان بگونجێین، ئەم جۆرە شتانەی کە دروست دەکرێت، لە دونیای فێمێنزم لای ئێمە رەفزکراوە، ئێمە هاورەگەزخوازیمان نییە، بگرە تەنانەت من دەگەڕێم بۆ زاراوەیەک کە بڵێین "ژن لە گەڵ ژن دەبێت چی پێ بوترێت، پیاو لەگەڵ پیاودا ئایا نێربازی پێ دەگوترێت، خۆ پیاو دەتوانێت لەگەڵ ئاژەڵیش بێت، خۆ ئاژەڵی مێمان هەیە، ئەی ئەمە ناوی دەنێی چی".

کەواتە دەڵێم بەداخەوە لە کاتێکدا ئێمە هەنگاو دەنێین بەرەو پێشەوە و چەسپاندنی یاسا، بەرەو ئاوڕدانەوە لە هێزوبازوی ژن و ئافرەتانمان، کۆمەڵێک ئاژاوە دروست دەکرێت، ئەمانە دەچنە ناو میدیاکانەوە ماس میدیاکانەوە، جێگەی داخە کۆمەڵێک مەلاش هاوکارن بۆ ئەم لایەنە، ئێستا جێگەی داخە بەبێ ئەوەی بگەڕێنەوە، بۆ دەستووری هەرێمی کوردستان، ئەوەتا لە بەغدا داوایان کردووە داگای فیدڕاڵی پیاو بە ئارەزوی خۆی دەتوانێ ژنی دووەم بێنێت بێ گوێنەداتە بۆچوونی ژنی یەکەم، باشە ژنی یەکەم مرۆڤ نییە، ژنی یەکەم هاوژیانی ئەو پیاوە نییە، ئایا هیچ مافێکی ئەوەی نییە، ئەویش بڕیارێک بدات، لێرەدا بەل بەلەیەکی گەورە دروست بووە، ئەوانەی کە دروستیشیان کردووە هەر ئەو کەسایەتیانەن، کە ئاژاوە دەخەنە ناو کۆمەڵگا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین