كاتالین نۆڤاك: له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى باسى پاراستنى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌سیحیه‌كانمان كرد کوردستانی

نوچه‌نێت

كاتالین نۆڤاك سه‌رۆكى هه‌نگاریا باس له‌ سه‌ردانه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى بۆ كوردستان ده‌كات و ده‌ڵێ، "له‌گه‌ڵ نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان باسى پاراستنى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌سیحیه‌كانمان كرد".

ئه‌مڕۆ هه‌ینى نۆى كانوونى یه‌كه‌مى 2022 له‌ هه‌ولێر سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له‌ كاتالین نۆڤاك كرد و كه‌ یه‌كه‌م سه‌رۆكى هه‌نگاریایه‌ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كات و بڕیاره‌ سه‌ردانه‌كه‌ى دوو رۆژ بخایه‌نێ. 

له‌سه‌ر ئامانجى سه‌ردانه‌كه‌ى نۆڤاك تویتێكى بڵاوكردووه‌ته‌وه‌ و تێیدا ده‌ڵێ، "له‌ هه‌ولێر له‌ لایه‌ن نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازییه‌كى گه‌رمم لێكرا و باسى پاراستنى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌سیحیه‌كانمان كرد".

ئه‌مڕۆ نۆڤاك سه‌ردانى ده‌شتى نه‌ینه‌واى كرد و چه‌ند كه‌نیسه‌یه‌كى دێرینى له‌ ئه‌لقۆش و تلسقۆف به‌سه‌ر كرده‌وه‌.جگه‌له‌ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى ئه‌م كه‌نیسانه‌، سه‌ردانه‌كه‌ى نۆڤاك ره‌هه‌ندێكى سیاسى هه‌یه‌ و سه‌رۆكایه‌تى هه‌رێمى كوردستان دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ له‌ راگه‌یێندراوێكدا گوتى، "دواى به‌سه‌ركردنه‌وه‌ى هێزه‌كانى وڵاته‌كه‌ى و ئەو پڕۆژە مرۆییانه‌ى کە بە سەرپەرشتیی بەرنامەی هاریکاریی هەنگاری لە عێراق و هەرێـمی کوردستان جێبەجێ کراون، بڕیاره‌ ئێواره‌ى ئه‌مڕۆ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ خاتوو کاتالین نۆڤاک سه‌رۆكى هه‌نگاریا كۆببنه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ هه‌نگاریا، هاریكاریى هاوبه‌ش و دۆخى عێراق و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى تاوتوێ بكه‌ن".

نۆڤاك كه‌ وه‌ك كه‌سایه‌تییه‌كى كاریگه‌رى وڵاته‌كه‌ى و ئه‌وروپا داده‌نرێت، له‌ ساڵى 1977 له‌ دایكبووه‌ و له‌ ئایارى رابردوو وه‌ك یه‌كه‌م سه‌رۆك له‌ مێژووى هه‌نگاریا هه‌ڵبژێردرا.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین