ئیبارتین؛ یەکەمین ژنە رۆژنامەنووسی فەڕەنسی دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت:

ئیبارتین یەکەمین ژنە رۆژنامەنووسی فەڕەنسی و دامەزرێنەری رۆژنامەی هاووڵاتیبوون بوو، وەک ژنێکی خوێندەوار و بوێر، سەرکەوتنێکی گەورەی لە بواری رۆژنامەگەریدا تۆمارکردووە.

ئیبارتین ئۆکلار لە (1848) لە شارۆچکەیەکی بچووکی پارێزگای ئەلی لە فەڕەنسا لە دایکبووە، باوکی جووتیارێکی دەوڵەمەند و بەرگریکارێکی توندی کۆماری وڵاتەکەی بووە، دایکیشی رووبەرووی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بووەتەوە.

ئەو لە ئەنجامی ئەو پێشێلکاری و سوکایەتیی و چەوساندنەوانەی کە بەرانبەر بە ژن کراوە، بوو بە دیارترین داکۆکیکاری سەرسەختی مافی ژنان.

لەگەڵ ئەوەی لە بنەماڵەیەکی نەریتپارێز لە دایکبووە، بەڵام هۆشیاری ئەم ژنە ڕۆژنامەنووسە دەربارەی پرسی ژن لە منداڵییەوە تێیدا بەرجەستەبووە، وەک زۆربەی چالاکوانە دیارەکانی ئەو سەردەمە، خەبات و بڵاوکردنەوە رۆشنبیری لە کۆمەڵگا و ئەنجامدانی چالاکی کارێکی ئاسان نەبوو، چونکە بەربەستەکانی دابونەریت و کۆمەڵگا زۆربوون.

هەمیشە وەک یەکەمین چالاکوانەکان بەشداری زۆرێک لە کۆبوونەوە و گردبوونەوەکانی دەکرد بۆ راگەیاندنی وتار و پەیامەکانی خۆی بۆ خەڵک، لە وتارێکدا لە کۆنفرانسی کرێکارانی سۆسیالیستی لە مارسیلییا لە (1879) بۆ بەدەستهێنانی مافی بەشداریکردنی ژنان لە هەڵبژاردنەکاندا گوتی، "ژنان پێویستیتان بەوەیە بەرانبەر ئەو کەسانە بوەستن کە داوای یەکسانی دەکەن لە داهاتوودا، بەڵام لە ئێستادا ئاستەنگتان بۆ دروست دەکەن". لە درێژەی قسەکانیدا گوتیشی، "ئەی ژنانی فەڕەنسا، لەم مەیدانەدا پێتان دەڵێم ئەوانەی ئێستا مافی یەکسانیتان ڕەتدەکەنەوە، لە داهاتوودا ئینکاری ئەم مافە دەکەن، بۆیە دەبێت پشت بەخۆمان ببەستین و دەستبەرداری داواکانمان نەبین".

لە (1869) ئیبارتین میراتەکەی لە دایک و باوکی وەردەگرێت و توانى لە رووی داراییەوە سەربەخۆ بێت، ئەمەیش وایکرد گەشتێک بۆ پاریس بکات، سەرەتا لە دێر ژیان بەسەر دەبات، بەڵام زۆر ناخایەنێت بەهۆی هەبوونی بیروباوەڕی فێمێنیزمی دەردەکرێت.

دوای ئەوە روو لە رۆژنامەگەری دەکات و ساڵانێک لە رۆژنامەی (داهاتووی ژنان) کاردەکات، لە ژێر دەستی نووسەری ناسراوى فەرەنسى ڤیکتور هوگۆ، کە ماوەیەک بوو ئاشنایی لەگەڵ پەیداکردبوو نامەنووسی لەگەڵ ئاڵوگۆڕ دەکرد، هەر لە ڕێگەی رۆژنامەگەرییەوە زیاتر چڕ بووەوە لەسەر وەرگرتنی زانیاری دەربارەی بزوتنەوە خەباتگێڕە جەماوەرییەکانی ئەو سەردەمە بۆ داواکردنی مافەکانی ژنان، بەتایبەتی مافی دەنگدان.

ڤیکتور هوگۆ بۆ یەکەمجار ئیبارتینی بە تیمی سەرنووسەری رۆژنامەی (داهاتووی ژنان) ناساند، کە رۆژنامەیەکی سیاسی بوو، ئەو نووسەر ەباوەڕى بە دۆزی فێمێنیست هەبوو، یەکەم کەس بوو کە دەرفەتیان بەم ژنە دا و رێگایان بۆ واڵاکردن بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکانی.

ئیبارتین باوەڕی بە مافی خوێندن و یەکسانی کۆمەڵایەتی و مافی یەکسانی ژنان لەکاتی هاوسەرگیری و جیابوونەوە هەبووە، هەروەها باوەڕى بە سەربەخۆیی ئابووری و مافی دەنگدان و خۆ کاندیدکردنیان بۆ هەڵبژاردن، کە هەموو ئەمانە لە وتارەکانی رەنگدانەوەی هەبوو، بۆیە بەردەوام رووبەرووی کێشە دەبووەوە، رۆژنامە گشتی و بەربڵاوەکان ترسیان لە بڵاوکردنەوەی وتارەکانی ئیبارتین هەبوو بەهۆی هەبوونی کاردانەوەی نەرێنی بۆ نووسینەکانی، هەرچەندە بە ژنێکی رۆشنبیر ناوبانگێکی زۆری دەرکردبوو، بەڵام هەر سەرنووسەرێک بابەتەکانی بڵاوکردبایەوە بە لێشاو سەرنجی سووکایەتیان بۆ دەنارد.

هەر بۆیەش لە (1877) ئیبارتین نامەیەکی کراوەی سەبارەت بە مافی دەنگدان لە ژێر ناوی (ژنی دەنگدەر) نووسی، بەڵام سەرنووسەری ئەو رۆژنامەیەی کە بابەتەکەی بۆ بڵاوکردەوە ناوی نامەکەی گۆڕی بۆ (بەیاننامەی ئەم خانمانە)، لەو کاتەدا روونبووەوە کە سەرسەخت بوو لە دەربڕینی دیدگا و بیروباوەڕی خۆی لە نووسینەکانییدا بۆ رۆژنامەکان، بەمجۆرەش بەشێکی زۆری رۆژنامەنووسانی پیاو لە دژی دەوەستانەوە ڕکابەراتیان دەکرد لە پاریس.

دامەزراندنی رۆژنامەی هاووڵاتیبوون

دوای ئەوەی ئیبارتین لە لێدوان و رەفتاری سەرنووسەرانی ئەو رۆژنامانەی کە تێیدا کاریدەکرد بێزار و هەراسان بوو، هەروەها لە سیاسییەکانیش کە گوێیان بە داواکارییەکانیان نەدەدا، بۆیە لە (13)ی شوباتی (1881) بڕیاری دامەزراندنی رۆژنامەی (هاووڵاتیبوونی)دا. لەگەڵ ئەوەش بوو بە شوێنی کۆبوونەوەی دیارترین کەسایەتییە فێمێنیستەکانی ئەو سەردەمە، وەک کارۆلین و ڕێمی و ماری باشکرتسێڤ.

پاشان ئیبارتین بۆ یەکەمجار بڕیاریدا لە ڕۆڵی بەڕێوەبەری و سەرنوسەرییەوە ببێت بە پەیامنێری مەیدانی و گەشت ئەنجامدا بدات و فەڕەنسا جێبهێڵێت، بۆ ئەوەی چاوێک بە دۆخ و مافی ژنان ببەخشێت لە جیهاندا. لە (1888) لە جەزائیر لەگەڵ هاوسەرەکەی نیشتەجێبوو، لەوێدا وەک دادوەری ئاشتی دەستنیشانکرا و لەو ماوەی ئەو ساڵانەدا لێکۆڵینەوەیەکی مەیدانی قووڵی لەسەر مافەکانی ژنان ئەنجامدا.

رۆژنامەی هاووڵاتیبوون لە (1891) بەهۆی نەبوونی بودجەوە چالاکییەکانی وەستا، بەڵام زۆرێک لە ژنە ڕۆژنامەنووسی تر دەرکەوتن کە هەمان ڕێچکەی ئەویان گرتەبەر و چەندین رۆژنامەی تریان دامەزراند وەک، رۆژنامەی (ئەلمەرعا و ئەلشەقرا).

ئیبارتین لە (1914) کۆچی دوایی دەکات، بەبێ ئەوەی خۆی شایەتحاڵی سەرکەوتنی خەباتەکانی ببێت بۆ مافی دەنگدانی ژنان، مافێک کە تا (1944) بۆ ژنان لە فەڕەنسا دانیپێدانەنرا. 

ئا: هێما جەبار

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین