ژنە کوردێک یەکەم ڕێکخراوى ژنانى لە عێراق دامەزراند دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت:

ئاسیا ژنێکی رۆشنبیر و چالاکی بواری مافەکانی ژنان بووە لە عێراق، کە جێدەستی لە دامەزراندنی یەکەم رێکخراوی ژناندا دیارە، لەو رێگەیەوە هەوڵی داوە زۆرینەی مافە زەوتکراوەکانی ژنان بگەڕێنێتەوە.

ئاسیا تۆفیق وەهبی لە (1901) لە بەغدا لە دایکبووە، کچی پیاوێکی بازرگان و رۆشنبیری شاری سلێمانی بووە، ناوی رەزا ئەلدیزەلی بوو، هاندەر و پاڵپشتییەکی زۆری بۆ کچەکەی هەبووە لە فێرکردن و خوێندنیدا، لە دواى (1927) هاوسەرگیری لەگەڵ تۆفیق وەهبی دەکات، کە ئەویش بە هەمانشێوە پیاوێکی نوسەر و رۆشنبیر بووە بە هاوکاری پیاوەکەی توانی رێگای سەرکەوتن بگرێتەبەر و دەست بکات بە چالاکییەکانی، هاوسەرەکەی  یارمەتیدەرێکی باشى بووە بۆ کارەکانی و دەرفەتی زۆرى بۆ رەخساندووە تا کەسایەتییەکی دیاری نێو کۆمەڵگا بێت، ئاسیا زۆر بە دابونەریتی رۆژئاواییەکان و ئەوروپیەکان کاریگەر بووە، بۆیە لەسەر شێوازی  ئەوان نازناوی هاوسەرەکەی هەڵگرتبوو.

دەربارەی دامەزراندنی رێکخراوی ژنان کە بە هاوکاری هاوسەرەکەی و لەگەڵ چەند ژنێکی تر، یەکەم رێکخراوی ژنانیان لە عێراق دامەزراند لە (1923)، بە ناوی (ئەلجەمعیە ئەلنەهزە ئەلعیراقیە)، لە چوارچێوەی ئەو رێکخراوەدا  هەوڵیدا ژنانی عێراق بەرەو پێشەوە ببات و لە پەیوەندییەکی باشدابوو لەگەڵ ژنانی ناوچەکانی رۆژهەڵات، وەکو میسر و تورکیا.

ئاسیا خۆی سەرۆکایەتی ئەو رێکخراوەی دەکرد، لە ئاداری (1945) کاری لەگەڵ چەند خاتوونێکی عێراقی دەکرد کە رۆڵێکی دیاریان لە بزوتنەوەکانی ژنانی ئەو سەردەمە هەبووە ئەوانیش وەکو (هاوسەری شێخ ئەحمەد ئەلداود، هاوسەری جەعفەر ئەلعەسکەری، خاتوو ئەسما سیدقی ئەلزەهاوی، خوشکی شاعیر جەمیل سیدقی ئەلزەهاوی، هاوژینی عەبد ئەلڕەحمان ئەلحەیدەری).

لە گرنگترین کارەکانی کە لەو یەکێتییەدا ئەنجامی داوە، بریتیبوون لە کارکردن لەسەر پەیوەندییە هاوبەشەکانی نێوان کۆمەڵەکانی ژنان لە عێراق، هەروەها کاری لەسەر بەڵگەنامەی پەیوەندییە نەتەوەییەکان و کولتوورییەکانی کۆمەڵەکانی ژنان لە وڵاتە عەرەبی و جیهانییەکاندا کردووە، جگە لەوەش هەوڵ و کۆششێکی زۆریداوە بۆ دانپێدانان بە مافەکانی ژن و مافی خاوەندارێتی ماڵ و موڵک، هەوڵیشیدا لە کاتی جیابوونەوەدا پێدانی منداڵ بە گوێرەی گونجاندنی دۆخی دایک و باوکەکە بێت، داوای پێدانی مافی سیاسەت و پلە و پۆستی باڵای بۆ ژن دەکرد، هەورەها دەستەبەرکردنی مافی هەڵبژاردن و چەندین کاروباری کۆمەڵایەتی تر. بەشداری کۆبوونەوە و کۆنفرانسە جیهانییەکانی کردووە وەک کۆنفرانسی ژنان لە بەیروت لە (1955) و لە سوریا لە (1957).

تۆفیق وەهەبى و خێزانەکەى 

ئاسیا تۆفیق وەهبی جگە لەو رێکخراوە بەشدارییەکی کارای نێو رێکخراو و دامەزراوەی تر بووە، وەک سەرۆکایەتیی لقی ژنانی کۆمەڵەی پاراستنی منداڵانی کردووە، سەرۆک و دامەزرێنەری کۆمەڵەی بەرەنگاربوونەوەی نەخۆشییە کۆمەڵایەتییەکان بووە و ئەندامی کۆمەڵەی(مانگی سوور) بووە، چەندین خەڵاتی بەرزی لەلایەن رێکخراوە عەرەبی و نێودەوڵەتی و جیهانییەکان وەرگرتووە.

گۆڤاری یەكێتی ژنانی عێراق

کۆمەڵەی یەکێتی ژنان گۆڤارێکی دەرکردووە، کە ئاسیا تۆفیق وەهبی سەرنووسەری گۆڤارەکە بووە، کە گۆڤارێکی مانگانەی کۆمەڵایەتی بووە، یەکەمین ژمارەی ئەو گۆڤارە لە (1)ی ئایاری (1950) لە بەغدا دەرچوو، کە بابەتەکانی دەربارەی رۆشنبیری نێوان هەردوو رەگەزەکە و دەربارەی ژنی نوسەر و چەندین بابەتی تری لە خۆ گرتبوو.

ئاسیا تۆفیق وەهبی لە پێشەکی ئەو گۆڤارەدا وتارێکی خۆی نوسیبوو لە ژێر ناونیشانی (ئەلنەهزە ئەلنیسائیە فی ئەلعراق)، لە وتارەکەدا ئاماژەی بەوەداوە، ئێمە بە تەواوی باوەڕمان بەوە هەیە کە مافی ڕەوای هەموو ژنێکە بەشدارییەکی کارای نێو قەوارە ساسییەکان بێت، چاومان لەوەیە مافە زەوتکراوەکانی ژنان بەدەستبهێنینەوە، جگە لەوەی ئەو گۆڤارە دوو بەشی تری هەبوو وەک بەشی (ژن لە جیهاندا) کە لەلایەن عیسمەت ئەلسەعیدەوە بەرێوەدەبردرا، و هەروەها بەشی (ژنی بەناوبانگ) لەلایەن دکتۆرە نورە زەیتون سەرپەرشتی دەکرا.

ئاسیا لە رێگەی بابەتەکانی لە گۆڤاری یەکێتی ژنان هەوڵی بەهێزکردنی ڕۆڵی یەکێتی ژنانی عێراقی دەدا، هەرچەند دوای چوار ساڵ لە کارکردنی چالاکییەکان ئەو گۆڤارە وەستا، بەڵام لە (1958) ئاسیا تۆفیق دوبارە دەستی کردووەتەوە بە کاردن تێیدا. دواجار لە (8)ی ئایاری (1960) ئەو گۆڤارە بە تەواوەی دەوەستێت، لە گرنگترین ئەو وتارانەی کە لەو گۆڤارەدا بڵاویکردووەتەوە وەکو، (ئەلنەهزە ئەلنیسائییە فی ئەلعراق)، هەروەها وتارێکی تری بەناوی (ئەلنیساء ئەلعراقییە) و وتارێکیشی بەناوی (کەیف تەئسس ئەلئتیحاد ئەلنیسائی)، هەموو ئەمانە لە (1950-1952) نوسراون. لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی زۆری کردووە دەربارەی خزمەتی ژنان لەبواری کەرتی گشتیدا لە (1950).

لە ساڵی (1954) کار و چالاکییەکانی یەکێتی ژنان بە یەکجاری وەستا، بەڵام جارێکی تر بە سەرۆکایەتی ئاسیا تۆفیق وەهبی رێکخراوێکی تر لە ژێر ناوی (ئەلجەمعیە ئەلئتیحاد ئەلنیسائیە) دامەزراوە، بە ئەندامبوونی هەر یەک لە (بەتول عەبدوڵڵا حافز، عەززە ئەلئیستربادی، ئامینە ئەلسر، حەسیبە ئەمین خالس، زەفیرە جەعفەر، فەتح ئەلدەبونی، عەفیفە ئەلبوستانی، عائیشە خوندە، مەردیە ئەلپاچەچی)، هاوکات ئەو کۆمەڵگەیە داوای دەکرد کە ژنان مافە سیاسی و یاساییەکانیان پێبدرێت، و ئاسیا تۆفیق لەو یەکێتیەدا گەنجانی هان دەدا بۆ نوسین و وتاری تایبەت بەخۆیان.

ئاسیا زۆریش سەرکەوتوو بووە لە بەستن و رێکخستنی کۆنفڕانسی ژنانی عەرەب، هەروەها زۆر بانگهێشتنامەی کۆنفڕانسە نێودەوڵەتییەکانی بۆدەهات بەهۆی ئەو ناوبانگە زۆرەی کە هەیبوو، وە ئەو کار و چالاکییانەی کە ئەنجامی دەدا بۆ پێشەنگبوون و بەرەوپێشچوونی ژنان.

دەربارەی کۆچی دواییکردنەکەی ئاسیا تۆفیق وەهبی لە (1980) لە لەندەن کۆچی دواییکرد کە لە (1958)ەوە لەگەڵ هاوسەرەکەی لەوێدا ژیاوە، دواتر لەسەر وەسیەتی خۆی تەرمەکەی گواسترایەوە بۆ بەغدا و لە گۆڕستانی حەزرەتی قەدریە بە خاک سپێدردرا.

ئا: هێما جەبار

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین