توێژەرێکى کۆمەڵایەتی: رووداوەکەى هوانە هیچ پاساوێک هەڵناگرێ دیمانە و راپۆرت

چنار خۆشناو ـ تایبەت بە نوچەنێت:

دەستدرێژکردنەسەر کچێک لە ناوچەى هوانەى سلێمانى، لەلایەن چەند کەسێکەوە کاردانەوەى زۆرى لە دواى خۆیدا هێنا و سکرتێرى یەکێتى ئافرەتانى کوردستان دەڵێت، "ئەمجۆرە ڕەفتانە بە کۆمەڵگەى کوردى نامۆیە."

ڕۆژى هەینى (30/کانوونى یەکەم/2022) لە ناوچەى هوانەى پارێزگاى سلێمانى، لە کاتى بەڕێوەچوونى پێشبڕکێى ماتۆڕسوارى، دەیان کەس هێرشیان کردەسەر کەچێک، ئەمەیش کاردانەوەى حکومەت و میدیاى بەدواى خۆیدا هێنا. 

د. ڤیان سلێمان سکرتێری یەکێتی ئافرەتانى کوردستان لە لێدوانێکى تایبەت بەنوچەنێت دەڵێت، "ئەو رەفتارە نامرۆڤانەی، کە لەلایەن کۆمەڵێک گەنجی نابەرپرسیارەوە ئەنجامدرا بە تووندی ئیدانەی دەکەین، وە ئەم جۆرە رەفتارانە بە کۆمەڵگای کوردی نامۆن."

بە بۆچوونى د. ڤیان سلێمان، رووداوەکەى هوانە گوزارشت لە لە "کولتوورى کوردى و پەروەردەى سلێمانى ناکات، سلێمانى شاری رۆشنبیرییە، ئێمە و کوردستانیان هەمیشە شانازیمان بە مێژووی درەوشاوەی ئەم شارە خۆشەویستە کردییە، شانازیمان بە هەڵکەوتنی کۆمەڵێک کەسایەتى کردووە، سلێمانی شاری حەپسەخانی نەقیب و ناهیدە شێخ سەلام و شاری دەیان ئافرەتی شۆڕشگێڕو ئافرەتی ئازادیخوازی ئەم ووڵاتەیە."

ئەو بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "ئەم کۆمەڵە کەسە رەوتێکە دەیانەوێت، ئەو دەڤەرە بشێوێنن، هەندێ هۆکار وایکردووە کۆمەڵێک رەوتی توندڕەو بە شێوازی جۆراوجۆر لەم ناوچەیە سەرهەڵبدات، ئەمە زەنگێکی مەتریسیدارە، بۆیە دەبێ تەواوی دەزگا پەیوەندیدارەکان و رۆشنبیران بە ئاگا بهێننەوە، پێداچوونەوە بەو روداوانە بکەن، کە لەم ناوچەیە روویداوە پێکەوە چارەسەری گونجاو بدۆزنەوە."

سەبارەت بەرپرسیاریێتى یاسایى بکەرانى رووداوەکە، ئاورینگ شێخ عەلی دادنووس و چالاکوان دەڵێت، "سەبارەت بە سزای ئەو کەسانەی ئەو کارە ناشیرینەیان بەرامبەر بە ئەم ئافرەتە ئەنجامداوە لە شوێنێکی گشتی، ئەو مادەیەی کە شمولی ئەو تاوانبارانەش دەکات، بە بۆچونی من مادەی (402) ی یاسای سزاکانی عێراقییە، کە باس لەوەدەکات هەر کەسێک لە شوێنێکی گشتی، دەست درێژی بکاتە سەر ئافرەت، نامووسی لەکەدار بکات بە پێی ماددەی (402)ی سزای یاسای سزادانی عێراقی سزا بدرێت."

د. ڤیان سلێمان: رووداوەکەى هوانە نامۆیە بە کۆمەڵگەى کوردى

محەمەد حەمە ئەمین، توێژەری کۆمەڵایەتی، لە بارەى دەستدرێژکردنە سەر ئەو کچە تایبەت بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "ئەم رووداوە هیچ پاساوێک هەڵناگرێ، جا ئەوەی کە پێی دەڵێن ئەمە شوێنی ئەو ئافرەتە نەبوو، یاخود جل و بەرگی گونجاو نەبوو، ئەمە هیچ پاساوێک هەڵناگرێت، لەبەر ئەمە پێموایە ئەو قسەییەی کە دەگوترێت، لەسەر ئەو ئافرەتە بە شێوەیەکی کۆتایی ئەم قسەییە رەت بکرێتەوە، کار لەسەر رەهەندەکانیتر بکرێت.

ئەو توێژەرە کۆمەڵایەتییە زیاتر ڕوونیدەکاتەوە و دەڵێت، "لە ڕاستیدا بابەتى دەستدرێژی کردن چەند دیوێکی هەیە کە دەبێت هەمووی شیبکرێتەوە، کاری جدی لەسەر بکرێت، بەشێکی پەیوەندی بە پەروەردەی تاک و بە پەروەردەی خێزان هەیە، بەشێکیتر پەیوەندی بە حکومەت و لایەنی بەرپرس هەیە، لەم ناوچەیە، بەشێکیتر پەیوەندی بە ئەو فەزایە گشتییە هەیە، کە دروستکراوە، لە ژن بەرامبەر پیاو، یاخود پیاو بەرامبەر بەژن."

محەمەد حەمە ئەمین ئاماژە بەوەدەکات، "نەوەى ئێستا، زۆر وریا و زیرەکن، زۆر باش دەزانن تەکنەلۆژیا بە کاربێنن، زمان دەزانن، بەڵام دوورن لە پەروەردەیەکی تەندروست و بەها باڵاکانی پەروەردە  فێر نەکراون، کە چۆن رێزی ئافرەت و مامۆستا و ریش سپی بگرن، ئەم نەوەیە هەموو شتێکیان باشە، بەڵام پەروەردەیەکی خراپیان هەیە، لە سیستەمی پەروەردەشدا دەڵێت، پەروەردە و فێرکردن، ئەوان پەروەردەیان نییە، هەرچی نەوەی پێشترە، پەروەردەیەکی باشیان هەبوو، فێرکردنێکی خراپیان هەبوو، ئەمە جیاوازییەکەیە، بۆ ئەوەى رووداوەکەى ناوچەی هوانە دووبارە نەبێتەوە، بەڕاستی پێویستە لە پەروەردەی تاکەوە، لە خێزانەوە، کە یەکەمین دامەزراوەی کۆمەڵایەتی پەروەردەى تاکە، لە وێوە دەست پێبکەین."

لەگەڵ ئەوەى ئەو توێژەرە حکومەت بە یەکێک لە هۆکارەکان دەزانێ، کە وەک پێیویست نەتیوانیوە هەلى کار بۆ گەنجان دابین بکات و وەک خۆى دەڵێت، "لە بێکاری مرۆڤ بیری بۆ زۆر شت دەڕوات، با نموونەیەک بێنمەوە ئەگەر سەیری قەزاو ناحییەکانی خۆمان بکەین، لە دارەتوو لە بنەسڵاوە، لە کەسنەزان، لەم دەورەبەرانە ئاوەدانییەکی وەکو ناوشاریان پێناگات، گەنجەکانیان سەرەڕۆترن، بۆ لەبەر ئەوەی ئاوەندانی کاریگەرییەکی لا شعوری لەسەر بیرکردنەوەی ئینسان دروست دەکات، بە تایبەت لە ڕووى ئەو خزمەتگوزاریانەى پەیوەنديى ڕاستەوخۆى بە گەنجەوە هەیە."

دەربارەى بڵابوونەوە و بەکارهێنانى ماتۆڕسکیل لەلایەن گەنجانەوە، داوا دەکات ڕێکبخرێنەوە و بڵاوبوونەوەى ماتۆڕسکیلێکی زۆر و بێشومار لە شارەکان کێشە دروست دەکات، "ئەم ماتۆڕسکیلانە نە ژمارەیان هەیە نە تۆمار کراون، شەوڕۆژ بە کۆڵانەکان، بە سەوتێکی بەرز دەسوڕێنەوە، خەڵکیان بێزارکردووە، بوونەتە ئازاردانی خەڵک سەڕەرای ئەوەی گیانی خۆشیان، لە مەترسیدایە، حکومەتی هەرێم پێویستە پلانێکی وورد دابنێت، بۆ رێکخستنەوەی ئەم ماتۆرسکیلانە، گەنجێک تازە پێگەیشتوە رەنگە هەندێک پارە کۆبکاتەوە بە نهێنی ماتۆرەکە بکرێت، ئیتر ژیانی خۆی و دەورەبەرەکەش دەخاتە مەترسییەوە، دەزانین هەندێ لەم ماتۆڕانە بۆ کاروکەسابەت بەکار دێت، بەڵام دەبێت حکومەت لایەنی کەم خەڵک دوورخاتەوەتە و بەرنامەیەکى بۆ ئە هەموو ماتۆڕسکیلە هەبێ، چونکە پشکی شێری ئەم بابەتە بەر حکومەت دەکەوێت، بەتایبەت حکومەتی خۆجەیی لە سلێمانی، لێت ناشارمەوە کە بابەتی خزمەتگوزاری لە پاشەکشیەکی گەورەدایە، بابەتی بێکاری لە هەڵکشانێکی زۆردایە، بەپێی ئامارەکان کەبەردەستن زۆرترین ئەوگەنجانەی کە کۆچی هەندەران دەکەن، لە سنورەکانی سلێمانینن بەتایبەتی لەناوچەی رانیە و پشدەرو هەڵەبجە."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین