بەهار ‌عەلی: پێویستە ‌حکومەت بە دەنگی بەرز وەڵام بداتەوە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

بەهار عەلی، چالاکوانێکی فیمینیستە، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری رێکخراوی ئێمە، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت دەڵێت: هێزە ئیسلامییەکان دەیانەوێت دەستکەوت و خەباتی سی ساڵی بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان بسڕنەوە و کۆمەڵگە بەرنەوە دواوە بەڵام ناتوانن.

نوچەنێت: ماوەیەکە ئاڵۆزی و فەوزایەک لەسەر چەمکی جێندەر دروستکراوە، پێتوایە کێشەکە لەگەڵ چەمکە یان ناوەڕۆک؟ ئەگەر لە جیاتی چەمکی جێندەر بە هەمان ناوەڕۆکەوە چەمکێکی تر بەکاربێت هەموو ئەو تێکگیرانە دروست دەبێ؟

بەهار عەلی: سەرەتا دەبێ بزانین ئەوە فەوزا نییە، بەڵکو هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراوە لە لایەن هێزە ئیسلامییەکانەوە، بۆ شێواندنی هەموو ئەو دەستکەوتانەی کە لە ماوەی سی ساڵی رابرادوو، لە لایەن بزووتنەوەی ژنانی کوردستان کە بەشێکە لە بزووتنەوەی فیمینیزمی جیهانی بەدەستیانهێناوە.

ئەوان پاشکۆی هێزە ئیسلامییەکانی ناوچەکەن، خۆیان هیچ بەرنامە و ئەجێندایەکیان نییە تا ئێمە پێشبینیمان بۆیان هەبێت. 

"دەبێ بزانین ئەوە فەوزا نییە،
 بەڵکو هێرشێکی پلان بۆ داڕێژراوە
 لە لایەن هێزە ئیسلامییەکانەوە"

نوچەنێت: جێندەر چییە؟ ئەگەر پێناسەیەکی پوختی بکەی.

بەهار عەلی: ئەگەر بە پێی قاموسی کۆمەڵایەتی پێناسەی جێندەر بکەین، باسی پێکهاتە کۆمەڵایەتییە جیاوازەکانی ناو کۆمەڵگە دەکات، لەسەر بنەمای رەگەز، ئایین، پێگەی کۆمەڵایەتی، شوێن و تەمەن، کە هەموو ئەم بنەمایانە رۆڵی کەسێک دیاری دەکەن. ئەم چەمکە هەتا باس لە جیاوازی ژنان دەکات لە ناو خۆشیاندا. ژنێک کە خەڵکی گوندە پێداویستی و رۆڵی جیاوازە لە ژنێک کە خەڵکی شارە.

هەتا بە پێی پیشەکانیش رۆڵ و پێداویستییەکان جیاوازن، بۆیە چەمکێکە دیراسەی پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگە دەکات لەسەر ئەم بنەمایانەی باسمان کرد. کاتێک بەپێی بنەماکانی جێندەر کارت کرد، ئەوا کەس رووبەڕووی جیاکاری نابێتەوە. بۆ نموونە لە ساڵی ٢٠١٤ کە داعش هات، بۆچی ئێزدییەکانیان کردە ئامانج، لەبەرئەوەی کوردن و لە ناو ئەوانیشدا ئایینێک کە ئەوان دژین و پێیانوایە ئایینەکەیان ئیبراهیمی نییە، ویستیان لەناویان ببەن، کەواتە ئەگەر بە چاوێکی جێندەریانە بیخوێنینەوە لەسەر بنەمای جیاکاری رەگەزی و ئایینی بوو. 

ئەو تاوانانەی بەرامبەر ئێزدییەکان کردیان بەرامبەر خەڵکی تر نەکرا، بۆ نموونە لە موسڵ حوکمیان دەکرد، ئەوانەی کە راستەوخۆ دژ بە دەسەڵاتی ئەوان نەبوون مامەڵەیان لەگەڵیان ئاسایی بوو، ئەگەر سیاسەتی ئەوانیان جێبەجێکردبایە و لەوێ بژیت، بەڵام کاتێک ئێزدییەکان دەبوون بە موسوڵمانیش رازی نەبوون و هەر دەیانکوشتن.

نوچەنێت: پێتوایە ئەو تێکگیرانەی لەسەر چەمکی جێندەر دروستبووە بەرنامە بۆ داڕێژراوە، وەڵامی حکومەتی هەرێم چییە لەم بابەتە؟

بەهار عەلی: ئێمە چاودێری دۆخەکە دەکەین، هاوکات داواکارین لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، کە بە دەنگی بەرز وەڵامی هەبێت بۆ ئەم هێرشە بەرنامە بۆ داڕێژراوەی کە دەکرێتە سەر ژنان. 

"لە مینبەرەکانەوە هێرشدەکرێتە سەر کەسانی ئازادیخواز،
 پێویستە حکومەت پێیان بڵێت، ئەوەی ئەوان هەوڵی بۆ دەدەن 
لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژی حکومەتی هەرێم ناگونجێت"

من دوو لایەنی حکومەت دەبینم، لایەنێک ئەوەیە کە بەتەواوی هەموو ئەو هەوڵانە رەتدەکاتەوە، بەوەی کە هەموو ئەو دامودەزگایانەی حکومەت کە لەسەر قەزیەی ژن کار دەکەن، بەردەوامن لە کار و پرۆژەی خۆیان، بەڵام گلەیی ئێمە لە حکومەت ئەوەیە کە ئەوەی پێویستە بیکات ئەوەیە کە بە دەنگی بەرز وەڵام بداتەوە. هەموو پێشێلکارییە یاسایانە و ئەو هێرشە رێکخراوانە، لەلایەن سەرۆکی حکومەت، سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی پەرلەمان بە دەنگی بەرز وەڵام بدرێتەوە، چونکە دژی ئەو یاسایانەن کە خۆیان واژۆیان لەسەر کردوون.  بۆ نموونە کەسێک بەرپرسیارێتی و پێگەی دیاری هەیە لە کوردستان، بەبێ حسابکردن بۆ یاساکان دەچێت لە دەرەوەی دەسەڵاتی دادگاکانی هەرێم هاوسەرگیری دووەم و سێیەم ئەنجام دەدات، بەڵام لێپرسینەوەی لەگەڵ ناکرێت. 

بە بەرنامە هێرش دەکرێتە سەر ژنان و تۆماتبار دەکرێن، جۆرەها قسە و هێرش لە مینبەرەکانەوە دەکرێتە سەر کەسانی ئازادیخواز، پێویستە حکومەت پێیان بڵێت، ئەوەی ئەوان هەوڵی بۆ دەدەن لەگەڵ سیاسەت و ستراتیژی حکومەتی هەرێم ناگونجێت.

نوچەنێت: پێتوایە تا ئێستا روئیای حکومەتی هەرێم دەربارەی ئەم بابەتە روون نییە؟

بەهار عەلی: ئەگەر ستراتیژ و روئیای حکومەتی هەرێمی کوردستان بخوێنیتەوە تا ساڵی ٢٠٣٠، روئیایەکی مەدەنی عەلمانی دیموکراسییە، بۆیە پێویست دەکات بە دەنگی بەرز وەڵامی هەبێت؟

بۆ نموونە ئەو رووداوەی هوانە لە سلێمانی روویدا. کۆمەڵە گەنجێک کە هێرشیان کردە سەر کچێک تەنیا لەبەرئەوەی لەم شوێنە ئامادەبووە، کە هەندێ کەس بە دڵێان نییە. هیچ تابلۆیەکیش لە هیچ شوێنێک هەڵنەواسراوە بڵێن، ئەمە تەنیا بۆ پیاوانە و ژنان بۆیان نییە بێنە ئەم شوێنە، یاسایەکیش نییە قەدەغەی کردبێت. بۆیە ناکرێت کەس بە ئایدۆلۆژیای خۆی یاسا دابڕێژێت. 
ئێستا ١٦ کەس لەو هێرشکارانە دەستگیرکراون، کەواتە حکومەت دژی ئەم هێرشانەیە. 

نوچەنێت: ئێوە چاودێری ئەم کەیسە دەکەن؟ گەیشتووەتە کوێ؟

بەهار عەلی: ئەوەی تا ئەمڕۆ دەیزانین ئەمانە دەستگیرکراون و لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدان. هەندێجار وەڵامەکانی حکومەت شەرمنانەیە، چونکە ئێمە دەوڵەتی سەربەخۆمان نییە، عیراقیش دەوڵەتێکی مەزهەبی ئایینییە، هەرچەندە بە پێی دەستور وانییە، بەڵام بەردەوام لە بیانوو دەگەڕێت بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشتێک تۆمەتباربکات. بۆیە رەنگە حکومەتی هەرێم هەندێ موراعات بکات؛ لەگەڵ ئەوەشدا پێموایە دەبێ حکومەت بە دەنگی بەرز وەڵامی هەندێ دیاردەی نەشیاو بداتەوە، کە هێزە ئیسلامییەکان دروستی دەکەن. 

نوچەنێت: ئێستا کەشێک خەریکە دروست دەکرێت کە دەیانەوێ چالاکانی بواری مافەکانی ئافرەتان، ئازادیخواز و یەکسانیخوازان، یەکسان بکەن بە هاورەگەزخوازی، پێتوایە دەتوانرێ ئەوە بچەسپێنرێ لە کۆمەڵگەی کوردیدا؟

بەهار عەلی: ئامانجی ئەوان روونە و گەڕاندنەوەی کۆمەڵگەیە بۆ دواوەوە و لەدەستدانی دەستکەوتەکانە، واتە هەموو دەستکەوتە یاسایی و کۆمەڵایەتییەکان، لە پاڵ ئەمانەشدا هوشیارییەکی باش بۆ ژنان دروستبووە بە مافەکانیان، کە وەکو پێشتر هەموو پێشێلکارییەک قبوڵ ناکەن، ئەوان زۆر لەم هوشیارییە دەترسێن. 

یەکەمجاریشیان نییە ئەم هێرشانە بکەن، لەسەرەتای نەوەدەکان کە باسی ئازادیمان دەکرد و کۆڕ و سیمینارمان ئەنجام دەدا، ئەو هێزانە دەوری هۆڵەکانیان دەگرت و هوهایان لێ دەکێشاین و هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکردین، بەڵام وێڕای هەوڵەکانیان سەرکەوتوو نەبوون و ئەمجارەش هەروا دەبن. 

بە دڵنیاییەوە ئەم هێرشە ناتوانێ تەمەنی درێژبێت و کاتییە، خەڵكی کوردستان چێژی لە ئازادییەکان بینیوە ناتوانن بیگەڕێننەوە دواوە. گۆڕەپانێکی باش بۆ ئازادییەکان هەیە. پێویستە ئەوەش باس بکەم، کە پێشترئێمە باسی ئازادیمان دەکرد ئەوان هەڕەشەی کوشتنیان لێدەکردین، بەڵام ئێستا ئەوانیش باسی ئازادی دەکەن. باسی ماف و دیموکراسی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی دەکەن. کەواتە کاریگەریمان لەسەر ئەوانیش هەبووە.

خاڵێکی تری گرنگ ئەوەیە کە ژنانی حزبە ئیسلامییەکانیش لەم هەڵمەتە زیانمەند دەبن، چونکە بەهۆی خەباتی بزووتنەوەی ژنانەوە ئەوانیش چوونە پێگە و پۆستی بەرپرسیارێتی.

نوچەنێت: یەکەمجار نییە لە کوردستان کار لەسەر جێندەر دەکرێت، بۆچی لەم کاتەدا ئەم تێکگیرانەی لەسەر دروستبووە؟

بەهار عەلی: بەداخەوە هێزە ئیسلامییەکانی کوردستان، هەمیشە پاشکۆی هێزە ئیسلامییەکانی ناوچەکەن؛ خۆیان هیچ شتێکی خۆماڵییان نییە و هیچ ئەجێنداو بەرنامەیەکی سەربەخۆشیان نییە.
 ئەم هێرشەی ئێستا هەیە بەشێکە لەو کێشەیەی کە لە دوای مۆندیالەوە لە قەتەر، رووبەڕووی ئەو وڵاتە بووەوە. پێشتر قەتەر واژۆی لەسەر ئەوەکردبوو کە هەموو کەس بۆی هەیە بە مەبەستی سەیرکردنی یارییەکان سەردانی قەتەر بکات، بەڵام دواتر نەیهێشت هاوڕەگەزخوازەکان بچن؛ لەسەرئەوە رووبەڕووی رەخنەی جیهانی بووەوە. لەبەرامبەر ئەوەدا وڵاتانی کەنداو هێرشێکی رێکخراویان دژی هاوڕەگەزخوازەکان دەستپێکرد، بە مەبەستی پاڵشتی قەتەر، بۆیە ئەمە ئەجێندای وڵاتانی کەنداوە.

لە کوردستان کێشە و مەترسییەکی ئەوتۆ نییە لەسەر هاوڕەگەزخوازی، بۆیە دەیانەوێ بابەتی جێندەر بخەنە بازنەی هاوڕەگەزبازییەوە.

دەبێ بزانین کە لەوەتی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی هەیە، هاوڕەگەزبازیش هەیە. لە هەولێر و سلێمانی و باقی شارەکان شوێن هەیە بەوە دەناسرێتەوە.

لە هەڵەبجە بیرم دێ کە منداڵ بووم، ژنان کۆدەبوونەوە یەکێک لە ژنەکان بە گاڵەتەشەوە بوایە دەیویست ئەو عەمەلییە لەگەڵ ژنەکان بکات، ئەگەر ئەوکاتە نەماندەزانی و تێنەدەگەیشتین، ئێستا دەزانین رەنگە ئەو ژنە هاوڕەگەزخواز بووبێت.

ئێستا شێواندنێکی ئاشکرا هەیە، دەیانەوێ بە خەڵک بڵێن، جێندەر واتە هاوڕەگەزخوازی، شەرم لەوە ناکەن پێناسە و گوزارشتی درۆ بخەنەڕوو، هەیانە دەڵێت "جێندەر واتە هاوسەرگیری ژن لەگەڵ ژن، پیاو لەگەڵ پیاو یان لەگەڵ ئاژەڵ". کە دەیخوێنییەوە هەستدەکەی خەیاڵی فیلمەکانیان هێناوە و خەڵکی پێ چەواشە دەکەن، بەڵام ئەرکی هەموومانە راستییەکان بۆ کۆمەڵگە روون بکەینەوە.

نوچەنێت: ئێستا بێ دەنگییەک هەیە لە قەزیەی ژنان؟ ئایا پاشەکشەیە؟ هۆکاری ئەم بێدەنگییە چییە؟

بەهار عەلی: تا سەرەتای ٢٠١٤ پاڵپشتی گەورەی حکومەت لە رووی ماددی و مەعنەوییەوە بۆ رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەبوو، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بەهەمان شێوە، بەڵام لەگەڵ شەڕی داعش، ئەمە گۆڕا بۆ پاراستنی ئەم ژنانەی لە دەستی تیرۆر و داعش رزگاریان بووە. تا ئەو بەشە ئاساییە کە تۆ حاڵەتی فریاکەوتنت هەبوو جارێ بە دەنگ ئەوەوە دەچی، بەڵام تا ئێستاش لە هەندێ شوێن هەر ئەوە پێشینەیە. لەگەڵ ئەوەشدا خەریکە هەنگاو هەنگاو ئەوە ئاسایی دەبێتەوە.

نوچەنێت: پێتوانییە بەو بێ دەنگییە بوار بۆ هێرشکردنە سەر رێکخراوەکان و چالاکوانان رەخسێنراوە؟

بەهار عەلی: لە کوردستان زیاتر لە ٥٠٠٠ مزگەوت هەیە و مەلاش هەیە بە تەنیا کورسییەکی داناوە و کامێرایەکی هەیە و رۆژانە بە بێ گوێدانە هیچ پرەنسیپێک بەیانی تا ئێوارە قسە دەکات، ئەمانە هەمووی مینبەره بۆ ئەوان لە پاڵ ئەوەشدا هێزێکی کۆنەپەرست هەیە، کە لە هەموو شتێکی تازە دەترسێت، ئەوەش هەر خراونەتە بەرەی ئەوانەوە، وێڕای سۆشیال میدیا و پەیج و ئەکاونتەکانیان.

بۆ نموونە کاتێک هێرش دەکرێتە سەر ژنێک دەبینین کۆمێنت هەیە بۆ دە ژن نوسراوە، هەمان کۆمێنت کۆپی پێست کراوە، چونکە بەرنامەیە بۆ هێرشکردنە سەر ژنانی ئازادیخواز. 

پارتی و یەکێتی دوای ئەوان گۆڕان بەرپرسی یەکەمن لەو هێرش و سوکایەتییانە بە ژنان دەکرێت.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین