د. نەجات محەمەد فەرەج: هەردوو بەرە لە دژایەتیدا زەرەر دەکەن دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت: ئافرەتان

نەجات محەمەد فەرەج، پڕۆفیسۆر لەبەشی کۆمەڵناسی، کۆلێژی زانستە مرۆییەکانی زانکۆی سلێمانی لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت دەڵێت: لە بنەڕەتدا چەمکی جێندەر ئاماژەیەکی کۆمەڵایەتی و شارستانییە، لە جیاتی دژایەتی پێویستە هەوڵبدەن لێی تێبگەن.

نوچەنێت: جێندەر چییە؟

ئەو پێگەیەی کە دەدرێ بە ژن و پیاو، چۆن لە ناو کۆمەڵگەدا دەیخوێنینەوە، سەیری ژن و پیاو دەکەین وەک ئەوەی دوو مرۆڤن، بە دابڕاوی لە رەگەزی سێکسی واتە نێر و مێ، لە بنەڕەتدا چەمکی جێندەر ئاماژەیەکی کۆمەڵایەتی و شارستانییە.

لەلایەکی دیکەوە، ئاماژەیە بە دەرکەوتن و هەڵسوکەوت کردنی ژن و پیاو، بەشێوەی وابەستە بە کۆمەڵگەوە، بۆ نمونە ژن بەوجۆرە هەڵسوکەوت دەکات کە کۆمەڵگە دەیەوێت. پیاو بە هەمان جۆر، کەواتە هزری کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە پێمان دەڵێت، چۆن بیربکەینەوە. ژێرخانی کۆمەڵایەتی، پێوەر و کلتوری کۆمەڵگە و تابۆکان، رۆڵی کۆمەڵایەتی تاکەکان دەستنیشان دەکات. کەواتە چەمکی جێندەر یان رۆڵی کۆمەڵایەتی ئاماژەیە بۆ ئەو سیما و نیشانانەی کە کۆمەڵگە دایڕشتووە بۆ هەریەک لە پیاوێتی و ژنێتی.

بۆیە دەشتوانین بڵێین، جێندەر بەو جیاکارییانە دەگوترێت، کە لە نێوان ئینتیمای سێکسی، واتە بایۆلۆژی و ناوەڕۆکە کلتوری و بە کۆمەڵایەتی بوونەکانی لەناو بە کۆمەڵایەتیبوونەکانی ئەم بە ئیتیمابوونەدا هەیە. 

بەپێی ئەو هزرە باوانەی کە لەناو کۆمەڵگەی ئێمەدا هەیە، ژن دەکرێت بە پاشکۆی ماڵ، منداڵ و خێزان، زۆرجار پیاو کە باسی ژنەکەی دەکات دەڵێت، مناڵەکان یان ماڵەوەمان، بەڵام پیاو لە بوارە گشتییەکاندا پێناسە دەکرێن وەکو: کار، ئابوری و سیاسەت. زۆر پەسەندکراوە لای ئێمە کە باس لە ژن بکەی باس لە لایەنی سۆزداری بکەی، دەڵێن ژن بە سۆزدارییەوە بڕیاردەدا، بەڵام پیاو لۆژیکییانە بڕیاردەدات.

کەواتە مەرج نییە جیاوازی لە نێوان جێندەر یان جۆری کۆمەڵایەتیدا، تەنیا دەربڕی جیاوازییە بایۆلۆژییەکانی نێر و مێ بێت، بەڵکو بەشێوەیەکی بنەڕەتی ئاماژەیەکە بۆ تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ ژن و پیاو، کلتوری کۆمەڵگەکە. واتە کلتوری کۆمەڵگەکە چۆن دەڕوانێتە جۆری کۆمەڵایەتی.

واتە وا سەیری ژن دەکرێت لە چەمکی جێندەردا کە دەبێ رۆڵە کۆمەڵایەتییەکەی دەستکاری بکرێت، چونکە ژن بووەتە قوربانی، بەڵام من پێموایە کە قوربانی هەبوو جەلادەکەش هەر قوربانییە و کۆمەڵگە ئەو رۆڵەی داوەتێ. 

نوچەنێت: چەند ساڵێکە لێرە کار لەسەر جێندەر دەکرێت و بەکارهێنراوە، بۆچی لەم کاتەدا ئەم مشتومڕەی لەسەر دروستبوو؟

د. نەجات: لە ساڵی ٢٠٠٨ چەمکی جێندەر چووە پەرلەمانی کوردستان و باسی لەسەر کرا، ئەو کاتەش کە باس وخواسی لێکەوتەوە، دوای ئەوە سەنتەرێکی جێندەر لە سلێمانی دامەزرێنرا ساڵی ٢٠٠١ بوو، ئەوکاتە من سەرۆکی بەشی کۆمەڵناسی بووم. یەکەم سەنتەر بۆ جێندەر لە بەشی کۆمەڵناسی دانرا، من بوومە سەرۆکی ئەم سەنتەرەش، ئەم سەنتەرە یەکەم سەنتەری ئەکادیمی و زانستی بوو لە کوردستان. پێش ئەوە سەنتەری تر هەبوون بەڵام ئەکادیمی نەبوون؛ ئەم سەنتەرە بە مەبەستی پەیداکردنی هوشیاری بوو، بە چەمک و بابەتی جێندەر، چونکە ناڕوونی و نا تێگەیشتنێک هەبوو بۆ جێندەر لەو کاتەدا. 

"ئێستا سەرلەقاندنی زۆر بۆ بێگانە هەیە"

دواتر لەگەڵ سێ خانمە دکتۆرەی تر، لە ماوەی سێ ساڵدا کۆمەڵێک چالاکیمان ئەنجامدا، یەکێک لە کارە گرنگەکانمان ئەوە بوو کە بابەتێکمان بۆ خوێندن لە بەشی کۆمەڵناسی دانا بەناوی جێندەر و کۆمەڵناسی، بابەتەکەش ئەم چوارەمان هەر یەکی بابەتێکی جێندەرمان گوتەوە، کە دەچووینە ئەم محازەرەیە وەکو ئەوە بوو بچین بۆ شەڕ، ئەوەندە هیلاک دەبووین. 

خاڵێکی دیکە ئەوەیە هەر بابەتێک پەیوەندی بە سێکسەوە هەبێت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا دەوروژێنرێت، زوو دووبەرەکی لێدەکەوێتەوە و زۆر باس دەکرێت، چونکە لە بنەمادا لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کەبتێکی سێکسی زۆر هەیە. ئەم کەبتە وایکردووە کە تەنیا وروژاندنی ئەم بابەتانەی پەیوەندی بە سێکسەوە هەیە، خۆی چێژ بەخش بێت؛ لە سەرەتاشەوە هەروابوو.

هۆکارێکی تر، ناهوشیاری و نەزانینە دەربارەی چەمکەکە، هەروەها هەوڵنەدان بۆ تێگەیشتن لە چەمکەکە، بەپێی کلتور و باکگراوند و ناسنامەی کۆمەڵگەکان، دەناسێنرێ، مەرج نییە ئەو جێندەرەی کە لە ئەوروپا دەخوێنرێت من بێم بە هەمان شێوە جێندەر لە کوردستان بیخوێنم یان بە هەمان شێوە مامەڵەی لەگەڵ بکەم، لە ئەوروپا بەشێوازێک مامەڵە لەگەڵ خێزان دەکرێت، ئێمە بەشێوەیەکی تر مامەڵەی لەگەڵ دەکەین. نانخواردن لە ئەوروپا جۆرێک و لە کوردستان بە جۆرێکی تر؛ لە بابەتی دینیش هەروایە.

من پێموانییە لەم کاتەدا خودی بابەتی جێندەر هۆکاری ئەم مشتومڕەیە، بەڵکو بۆ لێدانە لە کۆمەڵێک کەس و دژایەتی هەندێ کەسە. ئەمەش بۆ بەرژەوەندی تایبەتی کەسانی ناو کۆمەڵگە لە دژی یەکتری دەگەڕێتەوە. بۆئەوانەی کە بەبێ مەبەست دەکەونە ناو ئەم شەڕەوە باشترە لە جیاتی دژایەتی، بێن چەمکەکە بناسن و زانیاری لەسەر کۆبکەنەوە. هوشیاری بەرامبەر پەیدا بکەن و لێیتێبگەن و بیهێنن بە بەری کۆمەڵگەی خۆمان بیدرون. 

کاتێک ئێمە لەو سەنتەرە کارمان دەکرد لە بەریتانیا، لەناو زانکۆی لەندەن گوتمان، کۆمەڵگەی کوردی تێڕوانینمان لە کۆمەڵگەی بەریتانی جیاوازە؛ بەرامبەر ئەم قسەیە رێزیان لێگرتین گوتیان ئێوە ناسنامەی نەتەوەیی خۆتان هەیە، تەنانەت پێمان گوتن ئێمە تەحەفوزمان لەسەر فڵانە خاڵ هەیە لە پەیماننامەی پەکین، چونکە دژ بە کلتوری کۆمەڵگەی ئێمەیە رێزیان لێگرتین. بەداخەوە ئێستا سەربادان بۆ بەرنامەی بیگانەکان زۆرە و دێین لەسەر بەرژەوەندی ئەوان دژایەتی یەکتر دەکەین. دەبێ بزانین لە دووبەرەکیدا هەردوولا بەهەمان ئەندازە پریشکیان بەردەکەوێ.

نوچەنێت: پێتوایە ئەمە تەنیا بۆ دژایەتی هەندێ کەسە یان بۆ هەموو ئەو کەسانەیە کە بەرگری لە فکری ئازاد دەکەن و ئازادیخوازن، هەروەها باسی یەکسانی دەکەن؟ 

د. نەجات: من وەکو خۆم، دژی یەکسانی ژن و پیاوم، چونکە کە کۆمەڵگەمان یەکسان کرد واتە ئێمە کۆمەڵگەمان کرد بە یەکجۆر. ژیانیش بەیەک جۆر ناڕوات بەڵکو بەو دووجۆرەوە بەردەوامە. لە خێزانێکدا دایک ببێ بە باوک و باوک ببێ بە دایک ئەم خێزانە چی لێدێت؟

نوچەنێت: بەڵام ئێمە باسی یەکسانی دەکەین لە ئەرک و ماف، لە رەخساندنی بوارودەرفەتی یەکسان بۆ هەردوولا لەسەر بنەمای توانا و لێهاتووی نەک لەسەر بنەمای نێر و مێ.

د. نەجات: کەواتە لەم کاتەدا ئێمە ناڵێین یەکسانی جێندەری بەڵکو دەتوانین بڵێین دادپەروەری جێندەری، چونکە ئەو دەرفەتانەی بۆ نمونە بۆ هەلیکار هەیە هەموو ژنێک ناتوانێ ئەنجامی بدات، بۆ پیاوانیش بەهەمان شێوەیە. کەواتە من ناتوانم هەمان ماف بدەم بە هەموو ژنێک یان هەموو پیاوێک، دەبێ ماف دان بە پێی ئەرک و کارەکەی خۆی بێت. کەواتە یەکسانی بەم تێگەیشتنە لە رووی کۆمەڵایەتی و ژیانەوە گونجاو نییە؛ ژیان بەم جیاوازییەوە جوانە.

راستە کۆمەڵێک دەرفەت و دەرگا، لەسەر بنەمای نێر بوون بۆ پیاوان دەکرێتەوە لەسەر ژنان دادەخرێت؛ هەمووژنێک ناتوانێ ئەو ئەرکەی لەسەریەتی جێبەجێی بکات و هەموو پیاوێکیش ناتوانێت، کەواتە دەبێ باس لە دادپەروەری بکەین.

دادپەروەری واتە هەرکەس بەپێی توانانی خۆی ئەرک ببینێت، ئەگەر ژنێک ئەرکەکەی لە پیاوێک باشتر راپەڕاند، کەواتە دەبێ مافی زیاتر بدرێت بە ژنەکە نەک بدرێت بە پیاوەکە، لەبەرئەوەی ئەو پیاوە. نابێ ئێمە ئیش لەسەر ئەوە بکەین ژن بکەین بە پیاو، ژن بەژنێتییەوە جوانە. پێویستە دەرفەت بڕەخسێنین هەرکەس بەپێی توانای خۆی ئەرک وەربگرێت، بۆچی؟ بۆ ئەوەی ژن جوان بکەین بیکەین بە پیاو، بۆچی پیاو ئەکەین بە نمونە، لەم معادەلەیە ئەرکێک دراوە بە پیاو کە ئەویش زەرەری کردووە، بەرپرسیارێتییەک دراوە بە پیاو کە مرۆڤبوونی خۆی لە دەستداوە. 

نوچەنێت: کەواتە پێتوایە باسکردن و پەیڕەوکردنی یەکسانی، دەبێتە هۆی لە دەستدانی خەسڵەتەکانی ئافرەتان؟

"لە کۆمەڵگەی ئێمە لە جیاتی تێگەیشتن 
ئیش لەسەر وروژاندن دەکرێت،
 هەموو خەریکی بەرژەوەندی تایبەتین"

د. نەجات: بەڵێ دەبێتە هۆکاری لەدەستدانی خەسڵەتەکانی ژنان، چونکە ئێمە هەندێ رۆڵی کۆمەڵایەتیمان هەیە، بۆ نمونە خێزانێک کە باوک لە دەست دەدات، دایک ناتوانێت جێگەی باوک پڕبکاتەوە، کە دایکیش لەدەست بدات باوک ناتوانێ جێگەی دایک پڕبکاتەوە؛ ئەمەش مانای ئەوە نییە، بێین دەرفەتەکان لە ژن بسەنرێتەوە. ژن هەیە دەتوانێ ماڵیش بەڕێوەبەرێت و کاری سیاسیش بکات. ژن هەیە ناتوانێت و تەنیا کاری ماڵی پێ دەکرێت. کەواتە ئەمە بەپێی توانای کەسەکانە. بۆ پیاوانیش هەمان شتە ئایا هەموو پیاوێک دەتوانێ سیاسی بێت؟

بەڵام لە کۆمەڵگەی ئێمە لە جیاتی تێگەیشتن ئیش لەسەر وروژاندن دەکرێت. هەموو خەریکی بەرژەوەندی تایبەتین.

نوچەنێت: جیا لە دژایەتی کەسی بە رای ئێوە ئامانجە پۆپۆلیستەکەش رۆڵی نییە لەوەی ئەمجۆرە بابەتانە بوروژێنن؟ بۆ نمونە کەس هەیە دەڵێت جێندەر واتە "هاوسەرگیری نێر و نێر، مێ و مێ، پیاو و سەیارە یان ژن و ئاژەڵ". ئەمە زۆر خوێندرایەوە و قسەی لەسەرکرا.

د. نەجات: من دەڵێم ئەوە ناهوشیارییە بەو چەمکە، لە جیاتی بێن چەمکەکە بناسن دێن دژایەتی دەکەن، چونکە دژایەتییەکە ئاسانترە. دێن کامە بابەت هەستیارە و لەگەڵ کلتوری کۆمەڵگە ناگونجێ ئەوە دەکەنە پێناسەی چەمکەکە، چونکە لە بنەمادا ئامانجەکە چەواشەکردنە و کۆمەڵگەکە بەم چەمکە ناهوشیارە؛ زۆرینەی خەڵک سادەیە و بەم سادەییە ناتوانن بە دوای چەمکەکەدا بچن؛ بۆیە یەکسەر بەو لێکدانەوانە کاریگەر دەبن، بەڵام بەبێ ئەوەی ئاگایان لە خۆیان بێت بانگەشە بۆ ئەم چەمکە دەکەن، خۆیان بە خەڵک دەڵێن ئەم شتەش هەیە. 

نوچەنێت: لەو سەردەمی پەرەسەندنی تەکنەلۆژیادا ئایا دەتوانین کلتور یان چەمکێکمان بە دڵ نەبوو رێگە لە هاتنی بۆ ناو کۆمەڵگە بگرین؟

د. نەجات: پێمان خۆشبێ یاننا سنورەکان کراونەتەوە. ئایا چۆن کۆمەڵگەیەک دەتوانێ ناسنامەی کلتوری خۆی بپارێزێت. پاراستنی ناسنامەی کلتوریش مانای چەقبەستویی نییە، چونکە کلتوریش لە گۆڕان و گەشەکردن دایە. گرنگ ئەو خاڵەیە کە ئایا ئەم کۆمەڵگە چەند هوشیار و هۆشمەندە بەم شتە نوێیانە، کە دێنە ناویەوە دەبێت بە بەری خۆی بیدورێت. ئەمە هوشیاری پێویستە ویستی گۆڕانکاریش دەبی لە ناوخودی کۆمەڵگەوە دەربکەوێت. بۆ نمونە بتەوێ خۆت بگۆڕیت یەکێکی تر ناتوانێ ئەوە بکات، تەنیا ئەو کاتە نەبێ، کە خۆت ویستی گۆڕانکاریت تێدا بێت.

ئەم کۆمەڵگایانەی کە بێئاگان لە بە جیهانیبوون، بە دڵنیاییەوە بەرەو شێوان و ناجێگیری دەڕۆن. ئاسایشی کۆمەڵایەتییان تێکدەچێت ئەگەر وریا نەبن، لە هەموو ئەو چەمک و مۆدێلە تازانەی کە بەهۆی جیهانگیرییەوە دێنە ناوەوە، بە دڵنیاییەوە زیان لە ناسنامەی کلتوری دەدات.

نوچەنێت: هاوشانی ئەم مشتومڕەی لەسەر چەمکی جێندەر، هەندێ کەمپەین و ئیمزا کۆکردنەوە هەیە بۆ جیاکردنەوەی کچان و کوڕان لە ناوەندەکانی خوێندن. بەرای ئێوە ئامانج گەڕاندەوەی کۆمەڵگەیە یان ئەم جیاکردنەوەیە سرووشتییە؟ بەتایبەت لە کۆمەڵگەی ئێمەدا کە لە لادێکانەوە نێر و مێ لە کار و ماڵیش تێکەڵبوون.

د.نەجات: ئەگەر فکری ئازاد بنەماکەی راست بێت، هیچ هێزێک نییە بەری پێبگرێ، چونکە هوشیاری کپ ناکرێت. لێرە و لەوێ هاشوهوشێک دەربارەی دەکرێت، بەڵام کاریگەری نابێت. 

بابەتی تێکەڵکردن، بنەمای پەروەردەیی دەوێت، ئەگەر بە سرووشتی پەروەردەت کردوون، ئەو مەودای ئازادییەی بە کوڕەکەت داوە بە کچەکەشت داوە، واتە کەسایەتی کچەکەشت بەهێز کردووە؛ بۆیە لێیان ناترسێ ئەگەر لە ژوورێکیشدا بە یەکەوە بن، بەڵام کە لە بنەمادا بێ هوشیاری بوون، ئەوا لە هەر جێگەیەک ئاسایی نابن. ئەو ترسە لەسەر کچ هەموو تواناکانی ئیفلیج دەکات. 

ئەمانە کێشەیەکن کە دروست دەکرێن، وەکو رووتکردنەوە و داپۆشینی ئافرەت، هەردووکی بنەماکەی ‌غەریزەی سێکسییە و هیچی راست نییە. 

بۆیە باشترە لە بنەمادا سرووشتی پەروەردە بکرێن و تێکەڵ بن. کەسایەتی هەردوولا بەهێز بکرێن، بەپێی یاسا سرووشتییەکە ژن و پیاو جیانەکراوەتەوە. دەبێ سنور لە ناوەوە بە پەروەردە دروستبکرێت نەک لە دەرەوە، بەڵام ئێمە دەمانەوێ کۆت و بەند بە سەر کچ و کوڕدا بسەپێنین، وادەزانین دەیانپارێزین، نازانین زیانیان لێدەدەین.

ئەمە بۆ ملکەچ کردنی بەشە سادەکەی کۆمەڵگەیە لە پێناوی پاراستنیاندا. دەبێ بزانین هەموو شتێ بە ترس سەپێنرا، ئەنجامەکەی پێچەوانە دەبێت، ئەگەر بە خۆشەویستییەوە کرا، ئەوا ئەنجامی باش دەدات بە دەستەوە. سرووشتی مرۆڤ ترسەکان تاقیدەکاتەوە، تۆ کە کچ بڵێی نابێ تێکەڵ بی، ئەوا کوڕ دەکەیت بە بابەتێکی خۆش و گرنگ لای کچەکەت.

نوچەنێت: کۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی مێژووی لە توندوتیژی دەر‌حەق بە ژن هەیە. چەندین ئافرەت لەسەر پەیوەندی خۆشەویستی کوژراون و بەردباران کراون، بەڵام ئەمە بنەبڕ نەبووە و پەیوەندی خۆشەویستی هەرهەیە. دەتەوێ بڵێی بەهۆی ئەوەیە کە ترس ئەنجامی پێچەوانە دەدات بەدەستەوە؟

د. نەجات: بەڵێ بە دڵنیاییەوە، قەت توندوتیژی چارەسەری هیچ شتێک ناکات. ئێمە دژایەتی سێکس دەکەین لەگەڵ ئەوەی سێکس بنەڕەتی ژیانی مرۆڤایەتییە. یەکێک لە مامۆستاکان دەڵێت: تەواوی ئەم گەردونە خۆی پرۆسەیەکی سێکسییە. ئەی کەواتە ئێمە بۆچی دژایەتی دەکەین؟

"ئاوات و خولیای تاکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموو حەز و خولیای سێکسە، 
هەموو هەڵسوکەوتێکی لەسەر ئەم بنەمایەیە، 
ئەی خێرە نامانەوێ پەروەردەیەکی سێکسی هەبێت و نامانەوێ لێی تێبگەین"

نوچەنێت: دەتوانین بڵێن ئێمە لەم بابەتەدا ئیزدواجین بە ئاشکرا دژایەتی و بە دزییەوە حەزمان لێیەتی؟

د. نەجات: ئێمە کە خوڵقاوین پێویستمان بە سێکسە، سێکس غەریزەیە، بابەتێکی فترییە.

نوچەنێت: بەڵام ئێمە بەردەوام دژی غەریزەکان کاردەکەین؟

د.نەجات: بەڵێ، ئێمە سەرکوتی دەکەین. دەبێ هوشیاریمان بەم بابەتە هەبێت و ئاگاییمان هەبێت بۆ ئەوەی کە سێکس بنەڕەتی ژیانە، پێویستە پەروەردەی سێکسیمان هەبێت، لە منداڵییەوە منداڵەکانمان پەروەردەی سێکسی بکەین. 

ئاوات و خولیای تاکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەموو حەز و خولیای سێکسە، هەموو هەڵسوکەوتێکی لەسەر ئەم بنەمایەیە، ئەی خێرە نامانەوێ پەروەردەیەکی سێکسی هەبێت و نامانەوێ لێی تێبگەین. 

نوچەنێت: دوای ئەو تێکگیرانەی کە لەسەر چەمکی جێندەر دروستبوو، لە ناوچەی هوانە لە سلێمانی هێرشکرایە سەر کچێکی گەنج، پێتوایە ئەم گفتوگۆیە توندانەی کۆمەڵگەی کردووەتە دووبەرە، کاریگەری لەسەر تێکچوونی ئاسایشی کۆمەڵایەتی هەیە؟ لەگەڵ ئەوەی هیچ یاسایەک نییە ئەوەی قەدەغە کردبێت کە ئافرەت بڕواتە شوێنێکی گشتی.

د. نەجات: پەروەردە کلتورییەکەمان وایە. لە کاتی گەشتێکی مەیدانی بەشی کۆمەڵناسی، لەوێ بەشێک هەیە پێی دەگوترێت بەشی ئەحکامە قورسەکان، ئەم بەشە حوکمی لە سێدارەدانیان هەبوو، بەڵام جێبەجێ نەکرابوو، کە چووین کوڕێک گوتی من دەمەوێ لە جیاتی هەمووان قسە بکەم.

گوتی "من خوشکی خۆم کوشتووە؛ لە منداڵییەوە کە پەروەردە کراوم، هەموو گەورەکان بە منیان گوت شەرەفی خوشک و کچی پور و ئامۆزاکانت شەرەفی تۆیە و دەبێ پارێزگاری لێبکەی؛ لە قوتابخانەش مامۆستا پێی گوتم، ئافرەتانی خێزانەکەت شەرەفی تۆن؛ کاتێک من خوشکەکەم شتێکی کرد من کوشتم، دادگایەکم بۆ قوتکتراوەتەوە و پێم دەڵێن، تۆ تاوانت کردووە و سزاکەت لەسێدارەدانە؛ دەتوانم تێمبگەیەنن ئەمە مانای چی؟

کەواتە ئێمە کوڕەکانمان بۆ وا تێگەیاندووە، کە بە توندوتیژی هەڵسوکەوت بکات، بەرپرسیارێتییەکمان خستۆتە سەرشانی، کە دایک و خوشک و پور و پورزا، تۆ بەرپرسیاری لە پاراستنیان؛ ئێ ئەم کوڕە چی کردووە تا بەرپرسی بکەین لە رەفتاری ئەم هەموو کەسە. بۆ بابەتی ئەم کچەش پێویستی بە لێکۆڵینەوە. 

بەڵام دەبێ هەموو توندوتیژییەک رەتبکەینەوە ئەگەر ئەم کوڕە گەنجانە هوشیارییان هەبوایە، بەمجۆرە مامەڵەیان نەدەکرد؛ ئەمە بەزاندنی سنوری بەرامبەرە، بە چ مافێک ئەوان دادگایی دەکەن؟

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین