موحسین عوسمان: بۆ رزگاربوون لەم گرفتانە دەبێ عەقڵی پیاو ئازاد بکرێت دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت

نوسەر و روناکبیر موحسین عوسمان، لە گفتوگۆیەکی نوچەنێت، سەبارەت بە چەمکی جێندەر دەڵێت: ئێمە کاتێک چەمکەکان هاوردە دەکەین سەیری کلتور و باکگراوند ناکەین، بەڵکو زیاتر رووکەش و ئارەزووە، بۆیە ناتوانین لە کات و شوێنی خۆی بەکاریان بێنین.

نوچەنێت: جێندەر چییە؟ 

موحسین عوسمان: پێناسەی "ناسنامەی جێندەری ــ Gender Identity" چەمکێکی کەسایەتیە، کە تاک دەسنیشانی خۆی وەک نێر و مێ دەکات. دیارە ئەمەش بەستراوە، بە چەمکی "رۆڵی جێندەر ــ Gender Role"، کە وەک کۆمەڵێک روخساری کەسایەتی دەرەوە، وەک رەنگدانەوەی "ناسنامەی جێندەری" دەکات. هەروەها جێندەر بەواتای فەرهەنگی، چەمکێکە بەمانای رەگەزی نێر و مێ دێت، بەڵام ئەم چەمکە دوای ئازادی تاک و بزووتنەوەی تەڤگەری فێمینستی لە رۆژئاوا، چووەتە بواری یەکسانی رەگەزی نێر و مێ.

نوچەنێت: ساڵانێکە لێرە ئەم چەمکە بەکاردەهێنرێت و مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، بۆچی لەم دواییە ئەم تەوژم و دژایەتیە دەستیپێکرد؟

موحسین عوسمان: کورد هەمیشە کێشەی لە بەکارهێنانی چەمکەکان هەیە، چونکە ئێمە چەمک بەبێ کلتور، مێژوو و فەلسەفەی چەمکەکە وەردەگرین، بێ ئەوەی ئەم چەمکە بۆ ئاستی خۆمان دیزاین بکەین، هەروەها ئەم شەڕ و ناکۆکییەی لەسەر چەمکەکان دەکرێت، هێشتا بەرمایەی شەڕی ئۆلدار و سیکولارە، بەڵام بە فۆرمێکی تر. ئەم ناکۆکییەی ئێستا لە نێوان هەردوولا دەکرێت، دەرئەنجامی کێشەی ترە، بەڵام چارە و تۆڵەسەندنەوە لە رێگای ئەم چەمکە دەکرێت. لەبەرئەوە، پێویستە کۆنفرانس و دیداری جددی لەسەر واتا و بنەمای سەرهەڵدانی ئەم چەمکە بکرێت. کەواتە زانا و شارەزایانی کورد، دووبارە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو چەمکانە کە ساڵانێکە بەکاردێنین، بێ ئەوەی لە ئاست و توانای کۆمەڵگەی ئێمە دیزاینکرا بێت.

“ئێمە چەمک بەبێ کلتور، مێژوو و فەلسەفەی چەمکەکە وەردەگرین، 
بێ ئەوەی ئەم چەمکە بۆ ئاستی خۆمان دیزاین بکەین”

نوچەنێت: بۆچی ئەو تەوژمەی دژایەتی ئەم چەمکە دەکات تەنیا جەخت لەسەر هاوڕەگەزبازی دەکاتەوە؟ بۆ نمونە دەڵێن مانای "هاوسەرگیری ژن و ژن و پیاو و پیاوە"؟

موحسین عوسمان: هەمیشە عەقڵی کۆن، لە هەموو گۆڕانکاری و مۆدێلی نوێ دەترسێت، ئەم جۆرە عەقڵە هێشتا لە ئاستی ناکۆکی و خەونی "دار السلام" و "دار الحرب" دەرباز نەبووە. تا ئێستاش، سیستەمی بیرکردنەوەی هەندێک خەڵک و گروپ لەسەر ژن وەک پەراسوی چەپ تەماشا دەکرێت، لەبەرئەوە، ژن وەک نێو بوونەوەر تەماشا دەکرێت! دیارە ئەم جۆرە عەقڵە لە پێش پرۆسێسی مێژوو و دەوڵەت دەژین، ئەمەش پێویستی بە لابۆرێکی پاککردنی ئەم جۆرە عەقڵانە هەیە. دوای بزووتنەوەی ژنان لە جیهاندا دروستبوو، چەمکی سێکس بۆ جێندەر گۆڕدرا، کە چەمکی سێکس بە واتایەکی بایۆلۆژیە، بەڵام چەمکی جێندەر بۆ جیاوازی هەردوو رەگەز لە بواری رۆشنبیری و کۆمەڵایەتیدا بەکاردێت.

سایکۆلۆژی و فێمینستییەکان، بۆ هەڵوەشاندنی بنەمای کلاسیکی رۆشنبیری مرۆڤایەتی و جێبەجێکردنی داخوازی دادپەرەوەری هاودەنگن، بەڵام جیاوازی تێگەیشتنی بواری سایکۆلۆژی دەبینرێت. دادپەروەری دەربازبوونە لە سەرکوتکردنی سێکسی، کە دەسەڵاتی رۆشنبیری ئودیپوس و چەمکی کلاسیکی/ ئایینی خێزانییە. بەڵام دیتن و تێگەیشتنی لێکۆڵینەوەی فێمینستی بۆ دادپەرەوەرییە، دەربازبوون لە ئاراستەکردنی نێرانی/ مێرانی لەسەر سێکس و رۆشنبیرییە، کەواتە هەردوولا نا تەندروستی و گرفتەکانی رۆشنبیری جیهانی وەک یەک دەبینن، بەڵام لە دەستنیشانکردندا جیاوازن.

کێشەی نێربازی و مێبازی، مێژوویەکی دێرین لە ئەزموونی مرۆڤایەتی دا هەیە، بەشێک لەم دیاردەیە، کێشەی هاوسەنگی لە نێوان هۆرمۆنی نێر و مێ دا هەیە.

لە رۆژئاوا دوای رێنیسانسی یەکەم/ ئیتاڵیا و دووەم/ فەرەنسا، ململانێ لە نێوان دوو سەنتەر "مرۆڤ و دراو/ دەسەڵات" دروستبووە، بەڵام چونکە هێشتا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست رێنیسانس، ریفۆرم و شۆرش لە هیچ بوارێکدا دروست نەبووە. لەبەرئەوە، هێشتا ململانێ لە نێوان چوار سەنتەر "خودا، سەرۆک/ سوڵتان، پارە و نێر" دەکرێت. کەواتە عەقڵی خەڵکی کۆنەپەرست و مۆدێرن نەیتوانیەوە بەشێوەیەکی یەکسانی و مەدەنی رەفتار لەگەڵ رەگەزی مێر/ نێر بکرێت، چونکە هێشتا هوشیاری خەڵکی ئەم ناوچەیە لە سنوری "ژن وەک ناقسەی عەقڵ" دەرباز نەبووە.

چارەسەری ئەم کێشەیە بە شۆڕشێکی هزری لەسەر عەقڵی تاک و کۆمەڵگا بەگشتی دەوەستێت. راستە ئەمەش لەوانەیە ئێستا زەحمەت بێت، بەڵام بەبێ ئەم شۆڕشە، ئێمە هەمیشە لە بازنەیەکی داخراودا بیر دەکەینەوە و دەجۆڵێینەوە. بەداخەوە ئەو هەموو کەناڵی راگەیاندنە، زانکۆ و رێکخراوەکانی پەیوەست بەم کێشەیە، رۆڵی خۆیان نەبینیوە. لە کۆتایدا دەتوانم بڵێم، ئەمڕۆ جیهان بە تێکڕا کەوتووەتە بەر شاڵاوی پۆپولیستی و ئەناڕشستی، کە تەڤگەرێکە هەموو نرخ و بەهاکانی کۆمەڵگە لەناو دەبەن.

نوچەنێت: لە هەندێ ناوچە هاوشانی دژایەتی ئەم چەمکە هەوڵ دەدرا ئیمزا بۆ جیاکردنەوەی کوڕ و کچان، لە ناوەندەکانی خوێندن، پێتوایە هەوڵێک هەیە بۆ پاشەکشێ بەو پێشکەوتنانەی لە هەرێمی کوردستان بەدەستهاتووە؟

موحسین عوسمان: باوەڕدارانی هەر ئایینێک پێیان وایە، کە تەنیا راستی و دروستی لای ئەوانە، هەروەها ئەم باوەڕدارانە بەپێی رێنمیا ئایین رەفتار دەکەن. ئەگەر تەماشای ئەزموونی تاڵیبان و داعش بکەین، هەمان تێگەیشتن و تێڕوانیان هەیە. ئەگەر تێگەیشتنی مرۆڤ، ژن وەک سەرچاوەی هەموو کیشەکانی ئەخلاقی بێت، ئەوە سرووشتییە کچ و کوڕ یان ژن و پیاو لێک جیا بکرێنەوە. دیسان کێشەی بەکارهێنانی هزر و مۆدێلی دەرهاوێشتەی، کە لە دەرەوە دێت، ئێمە بە نەزانین و ترسەوە رەفتاری لەگەڵ دەکەین، بۆ نموونە باوەڕدارانی کۆمۆنیست و سێکولاری ئەم دەڤەرە، ناتوانن بەتەواوی وەک سێکولار بیربکەنەوە یان رەفتار بکەن، بەڵکو نیوە بە نیوە رەفتاریان لەگەڵ ئەم چەمکانە کردووە. بەهەمان شێوە هەردوو پارتی دەسەڵاتداری/ حکومەت بە ناو سێکولار، بەڵام بە واقع زۆر لە گروپ و پارتە ئیسلامیەکان زیاتر پێگیری بە ئایین دەکەن. سەرباری ئەوە تا ئێستا ئەم هەرێمە دەستووری نییە، کە رێگا بەم جۆرە عەقڵانە بدات یان رێگر بێت. بە کورتیەکەی، جۆرێک لە ئەنارشستی لە هەموو بوارەکان دروستبووە. ئیسلامیەکانیش دەرفەتی ناکۆکی نێوان یەکێتی و پارتی بەکار دێنن.

"ئەمڕۆ باندۆری گەورەی گلۆباڵ و سۆسیاڵ میدیا،
 زۆر لە توانای کلتور و ئایین بەهێزترە"

نوچەنێت: پێتوایە لەم سەردەمەی پەرەسەندنی تەکنەلۆژیا، دەتوانرێ رووبەڕووبوونەوە لۆکالێیەکان چەند کاریگەرییان هەبێت؟

موحسین عوسمان: دوای بە گوندبوونی جیهان، چەمکی دەرەوە و ناوەوە یان جیهانی و لۆکاڵی نەماوە، بەڵکو لە رێگای کەناڵەکانی تەکنەلۆژیا، هەر رووداوێک هەبێت بە ئاسانی و خێرا لەم گوندە جیهانیەوە بڵاودەبێتەوە.

کورد هەمیشە لە کات و شوێنی هەڵە خەبات و کار دەکات، چونکە ئەمڕۆ باندۆری گەورەی گلۆباڵ و سۆسیاڵ میدیا، زۆر لە توانای کلتور و ئایین بەهێزترە. هەروەها ئەم شۆڕشەی تەکنەلۆژیا، واتای بۆ سنور و دیوار نەهشتووە. کەواتە ئەوەی پێویستە ئێمە بکەین، چۆن دەتوانین ئاراستەی نەوەی نوێ بکەین، چونکە شەڕکردن لەگەڵ ئەم هێرش و شۆڕشی گلۆباڵ دەرئەنجام دۆڕاندنە.

نوچەنێت: دوای دروستکردنی ئەو تێکگیرانەی لەسەر چەمکی جێندەر دروستبوو، لە هوانە لە سلێمانی لە شوێنێکی گشتی پەلاماری کچێکی گەنج دراو لییدرا، پێتوایە ئەمە وادەکات ئیتر ئاسایشی کۆمەڵایەتی ژنان بخرێتە مەترسی و خەڵک هان بدرێت بۆ پەلاماردانیان؟

موحسین عوسمان: ئەوەی لە هوانەی سلێمانی روویدا، بەردەوامی زنجیرەیەک لە تیرۆر و دژایەتی کردنی ژنە، ئەم رەفتارە دەرئەنجامی سەردەستی عەقڵی کۆنە، کە هێشتا لە سەردەمی ئەشکەوت دەژیت. بەڕاستی، تاکو لەم ناوچەیە عەقڵی پیاو ئازاد نەکرێت، مەحاڵە هیچ بوونەوەرێک لەم دەڤەرەیە بتوانیت ئازاد بێت. کێشەی ئێمە کێشەی ئاست و توانای کۆمەڵگەیە، لەبەرئەوە تاکو کار لەسەر پەروەردە و ئاراستەکردنێکی تەندروست و واقعی تاک/ خێزان نەکرێت. ناتوانین بیر لە ئازادبوونی ژن بکەین، چونکە کۆمەڵگە وەک جەستەیەکە، هەر بەشێکی ئەم جەسەتە تەندروست نەبێت کارتێکردنی لەسەر هەموو جەستە دەکات. چارەسەری ئەم کێشەیە، پێویستی بەرێنیسانس، ریفۆرم و شۆڕش لە بواری کومەڵگەیە. 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین