جارێكى تر ماكرۆن هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر ئه‌ردۆغان هەواڵ

نوچه‌نێت

هه‌رچه‌نده‌ ماوه‌یه‌ك بوو گرژییه‌كانى نێوانیان هێور ببووه‌وه‌، جارێكى تر ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكى فه‌ڕه‌نسا هێرشى كرده‌ سه‌ر ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغانى سه‌رۆكى توركیا و به‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانى فڕه‌نسا تۆمه‌تبارى ده‌كات.

به‌گوێره‌ى هه‌واڵێكى ماڵپه‌ڕى كه‌ناڵى حوڕه‌، دوێنێ سێشه‌ممه‌ 23ى ئادار ئیمانوێل ماكرۆن سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا له دیمانه‌یه‌كى تایبه‌تی‌ له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی فرانس 5، گوتی، "ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا هه‌وڵ ده‌دات بۆ دروستكردنی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر رایگشتی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتوو".

له‌ به‌شێكى تر قسه‌كانی ماكرۆن گوتی، "هه‌ڕه‌شه‌كانی ئه‌ردۆغان شاراوه‌ نین، بۆیه‌ پێویسته‌ ئێمه‌ زۆر راشكاو بین".

ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تی هه‌وڵه‌كانى ئه‌نقه‌ره‌ بۆ دروستكردنی كاریگه‌ریی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنه‌كانی فه‌ڕه‌نسا، سه‌رۆكی فه‌ڕه‌نسا هیچ روونكردنه‌وه‌یه‌كی زیاتری نه‌دا. به‌ڵام به‌گوێره‌ی ماڵپه‌ری بلۆمبێرگ توركیا له‌ فه‌ڕه‌نسا له‌ رێگه‌ی قوتابخانه‌كانی و مزگه‌وته‌كان و رێكخراوه‌كانی خاوه‌ن هه‌ژموونێكى زۆره‌.

له‌به‌شێكی تری قسه‌كانی ئیمانوێل ماكرۆن گوتی، "گفتوگۆ له‌گه‌ڵ توركیا پێویسته‌، ئه‌نقه‌ڕه‌ ئه‌ندامه‌ له‌ هاوپه‌یمانی باكووری ئه‌تڵه‌سی (ناتۆ) هاوبه‌شێكی سه‌ره‌كی بازرگانی و نه‌هێشتنی كۆچی نایاساییه‌ له‌ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ئه‌وروپا".

له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی فه‌ڕه‌نسا 2017 ماكرۆن رووسیای تۆمه‌تباركردن به‌ ده‌ستواردن له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ی زانیاری هه‌ڵه.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین