سەبیحە شێخ داود یەکەم کچی عێراقی خوێندنی زانکۆی تەواوکرد دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت:

سەبیحە شێخ داود، یەکەم کچ بووە لە عێراق توانى کۆلێژى یاسا تەواو بکات و ببێت بە پارێزەر، جگە لەوانەش بە زیرەکی خۆی توانی چەندین رۆڵ و ئەرکی تر بەڕێوەببات.

لە خێزانێکی رۆشنبیر لە (1920) لە بەغدا لە دایک بووە، باوکی بەڕێوەبەری وەزارەتی ئەقاف بووە، دایکیشی نازیە، جێگری سەرۆکی یەکەمین رێکخراو بوو بەناوی (نادي النهضة النسائیة)، ئەو رێکخراوە بە سەرۆکایەتی ئەسما زەهاوی سەرپەرشتی دەکرا.

سەبیحە بە هاوکاری پاڵپشتییەکانی باوکی توانیویەتی سەرکەوتوو بێت لە خوێندنەکەى. هەر لە منداڵییەوە خولیای خوێندن و خوێندنەوەی هەبووە، جگە لەوەش لە تەمەنێکی زووەوە بەشدار دەبێت لە چالاکییەکانی تایبەت بە ژنان و ئەو کاتەش لە کۆمەڵگا چەمکی فێمێنیزم و فێمێنیست هەمیشە رەتدەکرایەوە و کاردانەوەکان لە هەمبەر ئەو دوو چەمکە نەرێنی بوون.

ئەو قوتابخانەیەی کە سەبیحە تیایدا دەیخوێند ژمارەی قوتابییەکانی لە هەشت کچ تێپەڕی نەکردووە و هەمیشە رووبەرووی رەخنەی توند دەکرانەوە لەلایەن کۆمەڵگاوە، بۆیە وەزارەتی پەروەردە بڕیاریدا ئاگاداری کاروانى یەکەمی کچە خوێندکارە دەرچووەکان بێت.

بەم هەوڵەی وەزارەتی پەروەردە ژمارەی کچە قوتابییەکان بۆ قۆناغی ناوەندی لە (1929-1930) بۆ (45) قوتابی زیادیکرد، هەروەها لە (1939-1940) بۆ (2120) قوتابی زیادیکرد، تا وایلێهات لە (1957-1958) ژمارەکە بە رێژەیەکی بەرچاو بەرز بووەوە و گەیشتە (12885) هەزار قوتابی.

بەڵام ئەو کاتە کۆمەڵگەى عێراقى بە گشتی ئەقڵ کراوە نەبوون لە بەرامبەر چوونی کچان بۆ زانکۆ، بۆیە کاتێک سەبیحە لە (1936) خوێندنی ئامادەیی تەواو کرد، خۆی ئامادە دەکات بۆ خوێندنى کۆلێژى یاسا، بەڵام لەلایەن کەسە نزیکەکانی بنەماڵەکەی رێگریی لێدەکرێت و ڕووبەڕووی ناڕەزایەتی دەبێتەوە. باوکی پاڵپشتی لێدەکات و وەڵامیان دەداتەوە دەڵێت، "کچەکەم دەچێتە کۆلێژ".

لە ئەنجام دەچێتە کۆلێژ و دایکی لەگەڵ خۆی دەبات بە هۆکاری ترس لە دەوروبەرەکەی، هەروەها بووە یەکەم کچە خوێندکاری بەشی یاسا، واتە تاکە کچ بوو لە نێو (180) قوتابی.

دوای ئەوەی سەبیحە وەک یەکەم کچی عێراقی ئەو ڕێچکە و بەربەستەی شکاند بەهێز و توانا و لیهاتوویی خۆی، ئەمەش وایکرد بەشەکانى زانکۆ بکەونە کێبڕکێ لەگەڵ یەک بۆ وەرگرتنی قوتابییە کچەکان، ژمارەکە تادەهات بەرزتر دەبووەوە، بەو پێیەی لە (1939-1940) لە خوێندنی باڵا تەنیا یەک قوتابی کچ هەبووە. بۆ ساڵی دواتر بوو بە (11) قوتابی، و لە (1947-1948) بۆ (62) قوتابی بەرزبووەوە، بە هەمان شێوە بۆ ساڵی دواتر بوو بە (80) قوتابی.

ئەم ئافرتە بە زیرەکی خۆی چەندین ئەرک و ڕۆڵ ببینێت، وەک پارێزەر، بەڕێوەبەری نەخۆشخانە، سەرۆک بەش، سەرپەشتیاری پەروەردەیی، جگە لەوانەش وەک چالاکوانێک ڕووبەڕووی دابەنوریت بووەتەوە بە تایبەت لادانی سەرپۆشی بە زۆرە ملێ.

لە (1956) پۆستی دادوەری وەردەگرێت، کە لەو کاتەدا ئەو پۆستە تەنیا بۆ پیاوان دانرابوو. لە (1958) دەبێتە ئەندامی (عضو محکمة الاحداث) دادگای نەجەوانان، بەمەبەستی زیاتر بەدیهێنانی مافەکانی ژنانی عێراق و گەیشتن بە ئامانجەکانیان.

پیشەی مامۆستایەتی پێبەخشراوە لە یەکێک لە قوتابخانەکانی کچان وانەبێژ بووە، جگە لەوەش پاڵنەر بووە بۆ کردنەوەی ژمارەیەکی زۆری قوتابخانە لە شارەکانی عێراق، بە تایبەتی کاتێک بووە پشکنەر لە وەزارەتی پەروەردەی عێراق، بەهۆی وەرگرتنی ئەو پۆستە هەمیشە بانگەوازی دەکرد بۆ بەشداریکردنی ژنان و کچان لە خوێندن.

سەبیحە ژنێکی رۆشنبیر و کتێب دۆست بووە، لەبواری نووسین وخوێندنەوە پڕ ئەزموون بووە، لەم رووەوە هیوا بەخش بووە بۆ ژنانی دەوروبەری، نوسەری کتێببێکی بەناوبانگە بە ناوی (آول الطریقة في النهضة النسویة في العراق)، لەو کتێبەدا باسی لە کار و چالاکییەکانی خۆی کردووە، هەروەها پێشەکی و بابەتەکانی بەشێوەیەکی گشتی لەو کتێبەدا بریتی بوون لە (پەروەردەی فێمێنیزمی، شەڕی کۆمەڵگەی عێراقی لەگەڵ حیجاب، باسکردن لەو رۆشنبیر و داکۆکیکارانەی کە لە شۆڕشەکانی ژنان لەسەدەی بیستەمدا سەرکەوتنی گەورەیان بەدەستهێناوە...).

هەروەها هۆڵێکی ئەدەبی و رۆشنبیری دامەزراندبوو، نووسەر و ڕۆشنبیرانی ناسراوی کۆمەڵگە لە ژن و پیاوان تێیدا کۆدەبوونەوە. سەبیحە وەک نوێنەرى ژنانی عێراقی دەکرد و بەشداری کۆنفڕانسی ژنانی عەرەبی کرد لە ساڵی (1952) لە بەغدا بەڕێوەچوو، ئەم کۆنفڕانسەش لەلایەن ئاسیا تۆفیق سەرۆکی ئەو کاتی یەکێتی ژنانی عێراقی بوو دەستیپێکرد، لە کۆتاییدا سەبیحە شێخ داود لە (1975) هەر لە بەغدا کۆچی دوایی دەکات.

ئا: هێما جەبار

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین