سەرۆک بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی فەڕەنسا و ئەڵمانیا لە عێراق کۆبووەوە کوردستانی

نوچەنێت:

شاندى هاوبەشى باڵیۆزخانەى فەرەنسا و ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ سەرۆک بارزانى دووپاتى دەکەنەوە، "فەڕەنسا و ئەڵمانیا بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی و ھاوبەشی و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان."

ئەمڕۆ یەکشەممە (21/کانوونى دووەم/2023) لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە ئیریک شۆڤالیێ باڵیۆزی فەڕەنسا لە عێراق و بەڕێز مارتین بێگەر باڵیۆزی ئەڵمانیا لە عێراق کرد. 

بەپێى ڕاگەیێندراوى بارەگاى بارزانى، "لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا باڵیۆزانی ھەردوو وڵات ئەوەیان خستەڕوو کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بە ھاوبەشی لەگەڵ یەکتر بایەخ بە بابەتە نێودەوڵەتیە گرنگەکان دەدەن بە تایبەت بارودۆخی عێراق و ھەرێمی کوردستان و بەلای ھەردوو وڵاتیشەوە سەقامگیری و بووژانەوەی ھەرێمی کوردستان گرنگییەکی تایبەتی ھەیە.

هەروەها شاندە هاوبەشەکە ئەوەشیان بە سەرۆک بارزانی گەیاند، "کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بە نیازی ئەوەن سەنتەرێکی ھاوبەشی کولتووری لە قەڵای ھەولێر دابمەزرێنن، ئەویش بە مەبەستی پێشخستنی پەیوەندییە کولتووری و زانستی و میللیەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و هەردوو وڵاتی ئەڵمانیا و فەڕەنسا."

بەپێى ڕاگەیێندراوەکە سەرۆک بارزانى، "پێزانینی بۆ بڕیاری پارلەمانی ئەڵمانیا ھەبوو لە بە جینوسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی شنگال و بە ھەنگاوێکی گرنگ و مێژوویی زانی. داواشی کرد لە پێناو بەدیھاتنی دادپەروەری و ساڕێژکردنەوەی برینی خوشک و برایانی ئێزیدی وڵاتانی تری یەکێتی ئەوروپاش بڕیاری ھاوشێوە بدەن."

باڵیۆزانى فەرەنسا و ئەڵمانیا،  پەیوەست بە پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و حکوومەتی فیدرالی "خۆشحاڵی خۆیان نیشاندا بەو کەشە ئیجابییەی لە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و حکوومەتی فیدڕاڵ لە ئارادایە و بە دەرفەتێکیان زانی بۆ چارەسەرکردنی گرفتەکانی نێوان ھەولێر و بەغدا."

دەشڵێت، "بارودۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستان تەوەرێکی تری ئەو دیدارە بوو و شاندی میوان ئەوەیان دووپاتکردەوە کە فەڕەنسا و ئەڵمانیا بەردەوام دەبن لە پاڵپشتی و ھاوبەشی و ھەماھەنگی لەگەڵ ھەرێمی کوردستان."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین