ژنانی عێراق شەڕی کارکردن لە بازاڕی کاردا دەکەن دیمانە و راپۆرت

تایبەت بە نوچەنێت:

بەهۆی ئەو دۆخە ناسەقامگیرییە ئابووریى و سیاسییەی کە عێراقی تێکەوتووە، لەم نێوەندەدا ژنان قوربانی یەکەمن و دوورکەوتوونەتەوە لە داهاتی سەربەخۆیی ئابووری خۆیان و ڕووبەڕووی کێشە بوونەتەوە.

ماڵپەڕی (ئەلحورە) بڵاویکردۆتەوە، بەشێکی زۆر لە ژنانی عێراق کەمتر پەنا بۆ ئەوە دەبەن کە کاری تایبەت بە خۆیان هەبێت و بە کارێکی قورسی دەزانن، ئەمەش بەهۆی ئەو بەربەستە کۆمەڵایەتییانەی کە لە کۆمەڵگا بەرامبەر ژنان بوونی هەیە.

ئەو ماڵپەڕە لە بڵاوکراوەکەیدا ئاماژەی بەوەکردووە، بە پێی راپۆرتی (کۆچى نێودەوڵەتى) کە مانگێک بەر لە ئێستا بڵاوکرایەوە، بەهۆکاری بیرکردنەوە و دابونەریتی کۆمەڵایەتی و هەبوونی جیاوازی ڕەگەزی، وایکردووە ژنان قەتیس بکەن لە چوارچێوەی ماڵ و ژیان بەسەر بردن لە پەروەردەیەکی داخراو، بووەتە هۆی بە لاڕێدا بردنی بەشێک لە ژنان کە لە پێناو بەدەستهێنانی داهاتی سەربەخۆی خۆیان پەنا بۆ سەرچاوەی خراپی دارایی دەبەن یەکێک لەوانە بازرگانیکردن.

وێڕای ئەم بەربەستانە بەشێک لە ژنانی عێراق خەونی گەورەی خۆیان لە کار و پڕۆژەی بچووکدا بینیوەتەوە، خاوەن کاری تایبەتی خۆیانن، وەکو خانمێک بەناوی ئالا عادل ژنێکی دانیشتووی عێراقە و دایکی دوو منداڵە و دەرچووی زانکۆیە لە بەغدا و لە کۆلێژی ئاداب لە زانکۆی بەغدا وانە دەڵێتەوە، هاوکات ئارەزووی ئەوە بووە ببێتە دیزاینەری جلوبەرگ.

ئەو ژنە عێراقییە ماڵەکەی خۆی تایبەت کردووە بە کاری بەرگدووری و دیزاینکردنی جلوبەرگی خانمان وەک خۆی ئاماژەی پێداوە، تێپەڕاندنی بەربەستە کۆمەڵایەتییەکان بۆ ئەو ئاسان نەبووە بەهۆکاری هەبوونی ئەو ئاستەنگ و ڕێگرییانەی کە لە بازاڕی کاردا لەبەردەم ژنان بوونی هەیە.

ئالا دەڵێت، زۆر هەوڵمدا و بەدوای دەرفەت دا گەڕام بەڵام نەبوو، پەیوەندیم بە ڕێکخراوە کلتووری و هونەرییەکان کرد و بیرۆکەی پڕۆژەکەم پێشکەشکردن، ڕەتیان کردمەوە، بەهۆی ئەوەی ئەزموونی کارکردنم لە ڕێکخراوەکان نەبوو، بۆیە بڕیارمدا خۆم پەرە بەو ئارەزووەی خۆم بدەم و ماڵەکەی خۆم بکەم بە شوێنێکی تایبەت بۆ پڕۆژەکەم.

هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، کارکردن لە کەرتی تایبەت لە عێراق زۆر لاوازە و هەمووان هەوڵی کارکردن لە کەرتی گشتی دەدەن، کەمی دەرفەتیش لە کەرتی تایبەت کێشەکەی زیاتر بۆ گەنجان قووڵکردووەتەوە.

لەمبارەیەوە بە گوێرەی ئاماری رێکخراوی نێودەوڵەتی کار، بە ڕێژەی (%37.9) لە کۆی ژمارەی دانیشتوانی عێراق لە کەرتی گشتی کاردەکەن، ئەمەش یەکێکە لە بەرزترین ڕێژەکان لە جیهاندا.

خانمێکی تر بەناوی شەمووس غانم تەمەن (34) ساڵ و دایکی یەک منداڵە، بە هەمانشێوە پڕۆژەیەکی تایبەت بە خۆی کردووەتەوە، کە خاوەنی فرۆشگایەکی خۆراکی تەندروستییە و خەونی ئەوەیە دوای چەند ساڵێکی دیکە چێشتخانەیەکی تەندروستی دابمەزرێنێت و هەروەها ببێتە شوێنێکیش بۆ پشتگیریکردن لەو ژنانەی کە ئارەزوویانە لەم کەرتەدا کار بکەن.

جگە لەوەش غانم لە ڕێگای ئامێرەکانی ئەلیکترۆنی و ئینتەرنێتەوە بە خۆڕایی ڕێنمایی پیشەیی و کارکردن بۆ ژنان بڵاودەکاتەوە، ئامانجی ئەوەی ئەو بۆشاییەی لە بازاڕی کاردا لە نەبوون و بەشدارینەکردنی ژنان دروست بووە پڕیبکاتەوە، لەگەڵ ئەوەی لە زۆربەی شوێنەکانی کارکردن پیاوان زاڵن و وەک بەڕێوەبەر مامەڵە دەکەن و ژنان بندەستن.

شەمووس غانم لەبارەی ئەو کارە خۆبەخشییەی کە دەیکات دەڵێت، زۆربەی ئەوانەی کە پەیوەندیم پێوەدەکەن دایکن و دوای ماوەیەک دابڕان لە بازاڕی کاردا نازانن چۆن لە خاڵی سەرەتاوە دەستپێبکەن و دەپرسن ئایا کۆمەڵگا قبوڵیان دەکات گەر دووبارە دەست بە کارکردن بکەنەوە.

بەگوێرەی ڕاپرسییەکی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی کار، کە ئەنجامی ئەو ڕاپۆرتە لە مانگی تەمموزی (2022)بڵاوکرایەوە، نزیکەی (13) ملیۆن ژن لە تەمەنی گونجاوی کارکردندان لە عێراق بەڵام بە نزیکەیی تەنها دوو ملیۆن کاردەکەن.

هەر بە گوێرەی هەمان ڕاپرسی باس لەوەشکراوە، رێژەی بەشداریکردنی ژنان لە هێزی کاری تایبەت نزمە و بە نزیکەیی (%10.6)ە، لە کاتێکدا بۆ پیاوان (%68)ە.

ئا: هێما جەبار

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین