نەغەم نەوزاد؛ ئەو پزیشکەى چارەسەرى زیاتر لە هەزار ڕزگاربووى دەستى داعش کردووە دیمانە و راپۆرت

نوچەنێت:

نەغەم نەوزاد، پزیشک و چالاکوانێکی ئێزیدییە، کە ساڵانێکە ئەزموونی کارکردنی خۆی بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری پزیشکی بۆ کەسانی نەخۆش و زیانلێکەتووانی نێو کەمپی ئاوارەکان تەرخانکردووە، بەم هۆکارە رەتیکردووتەوە کۆچ بۆ دەرەوەی وڵات بکات.

دکتۆر نەغەم نەوزاد خەڵكی شارۆچکەی بەعشیقەی سنوورى پارێزگاى مووسڵە، لە راپۆرتێکی رێکخراوی تەندروستی جیهانی تیشک خراوەتە سەر کارەکانى ئەو پزیشک ە و باس لە کۆششی ئەو ژنە دەکات، کە سەرەڕای پێشکەشکردنی هاوکاریی و چارەسەریی بە پێکهاتەکەی خۆی، خزمەت بە پێکهاتەکانی تریش دەکات بەبێ جیاوازی.

ئەو دکتۆرە دەربارەی هێرشە تیرۆرستییەکانی داعش دەڵێت، کاتێ هێرشکرایە کرا سەر موسڵ لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستانی داعش، هەزاران ژن و پیاو ناچاربوون ماڵەکانیان جێبهێڵن و بەدوای پەناگەیەک بوون بۆ مانەوە، لە ئەنجام روویان لە هەرێمی کوردستان کرد، هاوکات خۆمم لەناو قەیرانێکی گەورەی ئاوارەکان بینییەوە، هەوڵمدا ساڕێژی برینی جەستەیی و دەروونی قوربانییەکانی ئەو شەڕە بکەم.

دکتۆر نەغەم نەوزاد لە نەخۆشخانەی شێخان وەک پزیشک و بەڕێوەبەر کاریکردووە، کە ئەم نەخۆشخانەیەش نزیک بوو لە هێڵى پێکدادانەکان، بەڵام رێکخراوی تەندروستی جیهانی پاڵپشتی تەکنیکی و لۆجیستی پێشکەش بەو نەخۆشخانەیە کرد، کە یارمەتیدەر بوو بۆ ڕزگارکردنی ژیانی قوربانییەکان، هەروەها ئەنجامدانی ڕاهێنان بۆ پراکتیزەکردنی کارى پزیشکەکان.

نەغام دڵخۆشی خۆی دەربڕیوە لە کاتی بینینی دیمەنی بارهەڵگرەکانی رێکخراوی تەندروستیی جیهانی، ئەو کەلوپەلانەی تێدا بارکرابوو کە بەرەو دەروازەی سەرەکی نەخۆشخانەکە دەچوو، وەک پزیشکێک هەستی بە ئاسوودەی و دڵنیایی کردووە کە بۆ ڕزگارکردنی ژیانی زۆر کەس سوودى لێ بینووە و وەک خۆى دەڵێت، بە هۆى ئەو هاوکارییانە توانیمان چارەسەری بەپەلە لەکاتی پێویست ئەنجام بدەین، بۆ ئەو نەخۆشخانەى دۆخی تەندروستیان باش خراپ بوو.

نەغەم وەکو کەسایەتییەکی براوە بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقیا بۆ ساڵی (2022) هەڵبژێردرا، و خەڵاتی پەنابەرانی (ناسن)ی پێ بەخشرا لەلایەن رێکخراوی تەندروستی جیهانی، وەکو ڕێزێک بۆ ئەو خزمەتەی پێشکەش بە پەنابەران و پێکهاتە جیاوازەکانی کرد.

ئەو پزیشکە چەندین جار لەلایەن ئەو رێکخراوە نێو دەوڵەتییە هەلی کۆچکردنی بۆ رەخساوە بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام لەبەر خۆشەویستی بۆ کارەکەی و بەرپرسیاریەتی مرۆڤایەتی قبووڵی نەکردووە، رەتی کردووەتەوە کۆچ بکات. ئەو پزیشکە چارەسەری زیاتر لە (1300) رزگاربووی دەستی داعشی کردووە، کە زیاتر لە (50) کارمەند و دوو کلینیکی لە شنگال هەیە.

ساڵی (2014) رێکخراوی تیرۆرستی داعش دەستی بەسەر شەنگالدا گرتوو هەزاران ژن و پیاو و منداڵی ئێزیدی ئاوارەبوون و زیاتر لە شەش هەزار ژن و کچی ئێزیدی ڕفێندران و دەستدرێژیان کرایە سەر و بوونە کۆیلەی ژێر دەستی داعش.

ئا: هێما جەبار

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین