د. نەزاکەت حوسێن: گێچەڵ پێکردن بە رۆژنامەنووسانی مێینە لە کوردستان لە زۆر بووندایە دیمانە و راپۆرت

تایبەت بە نوچەنێت:

سکرتێری لێژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنانەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان ئاشکراى دەکات، "گێچەڵ پێکردن بە رۆژنامەنووسانی مێینە بەردەوام لە زۆر بوون دایە."

د. نەزاکەت حوسێن، سکرتێری لێژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنانەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان لە سەندیکاى ڕۆژنامەنووسانى کوردستان لە دیمانەیەکى تایبەت بە نوچەنێت دەڵێت، "جیاکاری هەیە لە نێوان رۆژنامەنووسی ئافرەت و پیاو، کە ئەویش جیاکارییە لە مامەڵکردن هەیە جیاکاری لە مووچەیان هەیە، لە پێدانی دەرفەت هەیە لە زۆر رووەوە جیاکاری لە نێوان ئەو دوو ڕەگەزە هەیە."

 

دەقى دیمانەى نوچەنێت لەگەڵ د. نەزاکەت حوسێن، سکرتێری لێژنەی داکۆکی لە ئازادی رۆژنانەنووسی و مافی رۆژنامەنووسان:

نوچەنێت: پێتوایە ژنانی رۆژنامەنوس تووشی گێچەڵ و هەراسان پێکردن دەبن لەپاڵ کارکردنیانەوە؟

د. نەزاکەت حوسێن: بەڵێ رێژەی گێچەڵ پێکردن بە رۆژنامەنووسانی مێینە بەردەوام لە زۆر بووندایە، نەک تەنیا لەسەر ئاستی کوردستان، بەڵكو لەسەر ئاستی جیهانیش تا رادەیەک لە زۆرێک لەناوچەکان بووە بە دیاردە، دەتوانین بڵێین بووە بە حاڵەتێک کە ئەمرۆ رێکخراوەکانی نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی تایبەت بە کاری رۆژنامەنووسی و مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی تایبەت بە ئافرەتان، ئەم باسە لەناویاندا باسێکی گەرمە لە لایان و کاری لەسەر دەکەن و رێگری دەکەن، هەوڵ دەدەن هەر چۆنێك بێت ئەو دیاردەیە کەم بکەنەوە، هەوڵی پاراستنی  رۆژنامەنووسانی مێینە دەدەن لە گێچەڵ پێکردن و هەراسان پێکردن، هەروەها هەوڵ دەدەن ژینگەیەکی گونجاو بۆ رۆژنامەنووسانی مێینە دەدەن ،تاکو بتوانن گرنگی بە کارەکانیان بدەن.

نوچەنێت:ئێوە وەکو سکرتێری لێژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسانی چۆن هاوکاری ئەو رۆژنامەنووسانە دەکەن کە تووشی هەر گرفتێک دەبن؟

د. نەزاکەت حوسێن: ئێمە لە لێژنەی داکۆکی لە ئازادی ڕۆژنامەنووسان، داکۆکی هەموو رۆژنامەنووسانی کوردستان دەکەین و ئێمە بەرپرسین لێیان، ئیتر ئەگەر رووبەرووی پێشێلکاری و زیندانى کردن و لێدان و شکاندنی کەلوپەلەکانیان ببنەوە، ئێمە بەدواداچوونیان بۆ دەکەین لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار، ئاگاداریان دەکەینەوە و پارێزەریان بۆ دابین دەکەین، ئێمە وەکو سەندیکا ڕاپۆرتێکی پێشێلکاریمان هەیە کە شەش مانگ جارێک دەردەچێت و بەپێی و کۆی ئەو پێشلکاریانەی بەرامبەر بە رۆژنامەنووسان تۆمار کراوە پێشکەشی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت 

سەبارەت بە رۆژنامەنووسانی مێینەش، بەداخەوە بەهۆی بارودۆخی کلتوری هەرێمی کوردستان، دەتوانم بڵێم لە زۆربەی وڵاتانی دیکەش ئافرەت ناتوانێ دەرخەری ئەو پێشێلکارییە یاخود ئەو گێچەڵە بێت کە رووبەرووی دەبێتەوە، لەبەر رەچاوی بارودۆخی خێزانی و لە ترسی ئەوەی کێشەی کۆمەڵاتی بۆ دروست ببێ یان لەسەر بکەوێت یان ببێتە نەنگیەک بۆ ناو کەسایەتی بەشێکی زۆری بە شاراوەی ئەنجام دەدرێ، لەبەر ئەوەی ئێمەش داتای تەواومان دەست ناکەوێ بەرامبەر بە رۆژنامەنووسانی مێینە، پەیوەندیمان پێوە دەکەن، سکاڵای خۆیان دەنووسن، بەڵام ئامادە نین ناویان تۆمار بکرێت لە ڕاپۆرتەکە یان ناوی ئەو کەسەی کە رووبەرووی گێچەڵی کردوە بهێندرێت، بۆیە ناچارین ئێمە بە شێوەی ڕاپرسی و بە شێوەی ناراستەوخۆ داتاکان تۆمار دەکەین، تەنانەت لە ڕاپۆرتی ئەمساڵیش کە سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان بڵاوی کردۆتەوە، ئێمە سێ ڕاپۆرت و توێژینەوەی تایبەتمان هەیە، هەروەها ئەمساڵ فیلمێکیشمان ئەنجام دا، فیلمێک کە گوزارشتی لە بارودۆخی رۆژنامەنووسانی مێینە دەکرد لە هەولێری پایتەخت، لە رێگەی کۆنفرانسێک کە نوێنەری فیدراسۆنی رۆژنامەنووسانی جیهانیش ئامادەبوو، کە داتای توێژینەوەکە و فیلمەکەشی بینی، ئێمە بەرنامەشمان هەیە وەکو لیژنەی داکۆکی لەگەڵ رێکخراوەکانی تایبەت بە ئافرەتان کاری زیاتر بکەین تا بتوانین ڕەشنوسێک ئامادە بکرێت هەتا بتوانین بەرگری لەم حاڵەتە بکەین.

نوچەنێت: ئایا ژنان لە نێو خۆیاندا تێڕوانینی خڕاپیان بەرانبەر بە کاری ڕاگەیاندن هەیە؟

د. نەزاکەت حوسێن: من پێموانیە ئافرەتان لە نێو خۆیاندا ئەو تێڕوانینەیان هەبێت، بەڵام گلەی لەوە دەکەن کە زۆرجار لەلایان کۆمەڵگەوە تێڕوانینی خراپ بۆ رۆژنامەنووسانی مێینە هەیە، کە دەڵێین کۆمەڵگە بێگومان دەبێ ژنانیش هەبن کە بەشدارن لەو تێڕوانینە، بەڵام بە گشتی رۆژنامەنووسان لەو ڕاپرسیە لەو توێژینەوەی کە ئێمە ئەمساڵ بڵاومان کردەوە، ئاماژەیان بەوە کردووە، کە بەڵێ هێشتان تێڕوانینی کۆمەڵگە بە ناباش و نا تەندروستەوە لەکاری رۆژنامەنووسانی مێینە دەروانن.

نوچەنێت: بە پێی ئەو داتایانەی ئێوە خستووتانە روو، دەبیندرێت جیاکاری لە وەرگرتنی ئافرەتان و پیاوان هەیە واتا زیاتر پیاوان لەو بوارەدا دەرفەتی کارکردن و وەرگرتنیان زیاترە، هەروەها پێدانی پۆستی بەرێوەبەری دەزگاکانی راگەیاندن لای پیاوانە ئێوە وەکو سەندیکای رۆژنامەنووسان چ هەنگاوێک دەگرنەبەر بۆ نەهێشتنی ئەو جیاکارییە لە دەزگاکانی راگەیاندن؟

د. نەزاکەت حوسێن: بەڵێ جیاکاری هەیە لە نێوان رۆژنامەنووسی ئافرەت و رۆژنامەنووسی پیاو، کە ئەویش جیاکارییە لە مامەڵکردن هەیە جیاکاری لە مووچەیان هەیە، لە پێدانی دەرفەت هەیە لە زۆر رووەوە جیاکاری لە نێوان ئەو دوو ڕەگەزە هەیە، ئێمە بەردەوام هەوڵ دەدەین لە رێگەی توێژینەوە و بەدواداچوون یان دروستکردنی فیلم ئەو جیاکارییە پیشان بدەین، ئێمە لالەیەکی ترەوە خول و ڕاهێنان بۆ رۆژنامەنووسانی ژن دەکەینەوە، بەرنامەشمان هەیە کاری زیاتر بکەین کۆنفرانس و سیمینار ی زیاتر بکەین لە هەوڵی ئەوەداین ڕەشنووسێکی یاسایی ئامادە بکەین لەگەڵ دەزگاکان، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان لەگەڵ نوێنەری فیدراسۆنی ئەمساڵ سەردانی چەندین دەزگای کردووە و لەناو باسەکانیش باسی چۆنیەتی کەمکردنەوەی ئەو پێشێلکارییە و جیاکارییە بەرامبەر بە ژنانی رۆژنامەنووس کراوە.

نوچەنێت: ئایا سەندیکای رۆژنامەنووسان پەیوەندی لەگەڵ هەموو دەزگاکانی راگەیاندنی بینراو و بیستراو و خوێندراو هەیە؟

د. نەزاکەت حوسێن: بەڵێ تا رادەیەکی زۆر ئەو دەزگا راگەیاندنانەی بینراو بیستراو خوێندراوانە کە کاران و مۆڵەتی کارکردنی فەرمیان هەیە، ئەوا سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان پەیوەندی تەواوی لەگەڵیان هەیە، بەڵام هەندێ دەزگا کە خۆیان نەیانەوێت لەگەڵ سەندیکا پەیوەندی بکەن، یانیش بە داخەوە بڕوا بە سەندیکا نەکەن ئەویش باوەر ناکەم کەناڵە فەرمیەکان بن ئەوانەی کە مۆڵەتی فەرمیان هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی بەڵێ ئەو پەیوەندییە لە نێوان ئێمە و دەزگاکانی راگەیاندن هەیە.

نوچەنێت: ئایا ناهاوسەنگی و جیاکاری هەیە لە نێوان رۆژنامەنووسانی مێینە و نێرینە پێتوایە بەکەم سەیری تواناکانی رۆژنامەنووسی مێینە دەکرێت لە کۆمەڵگەی خۆماندا؟

د. نەزاکەت حوسێن: بەڵێ دووپاتی دەکەمەوە نا هاوسەنگی و جیاکاری هەیە، تەنانەت لە وەرگرتنی رۆژنامەنووسنی مێینە لە مامەڵەکردنی لە کرێ پێدانی لە خوێندنەوە تایبەتمەندی، لە هەمان کاتیشدا بەڵی هەتا ئێستا لە ناو کۆمەڵگەی ئێمە بە چاوی کەمتر سەیری تواناکانی ژنانی رۆژنامەنووس دەکرێت، پێویستە بڵێم ئەوە لە وەڵامی رۆژنامەنووسەکانی ئافرەتان هەیە نەک بەتەنیا قسەی من.

نوچەنێت: ئایا هەبوونی دابونەریتی کۆمەڵگەی کوردی ئاستەنگی لە کارکردنی رۆژنامەنووسانی مێینە دروست کردووە، بویتە هۆی ساردبوونەوەیان یان جێهێشتنی کارەکەیان؟

د. نەزاکەت حوسێن: بەڵێ هەبوونی دابونەریتی کۆمەڵگەی خۆمان یەکێکی ترە لە ئاستەنگی و کێشە لەبەردەم رۆژنامەنووسانی مێینە، کاری رۆژنامەنووسی بۆ مێینە لە هەرێمی کوردستان کارێکی تازەیە، بە حوکمی ئەوەی ئێمە پێشتر ژێردەستەی رژێمی بەعسی بووین، ئەو رژێمەش دەرفەتی کارکردنی رۆژنامەنووسی بۆ پیاوانیش نەدەدا نەک ئافرەت و کوردیش بە تایبەتی، بۆیە ئەو درەنگ هاتنە ناو ئەو مەیدانە بۆ رۆژنامەنووسانی مێینە هەڵبەتە کاتی دەوێت هەتا شوێنی خۆی دیاری دەکات، ئەو پیشەیە کاتی دەوێت هەتا خۆی بە تەواوی بناسێنێت، بێگومان ئەوەش زۆرجار بووە بە هۆی ساردبوونەوەیان لە کارکردنیان یان خێزانەکان رێگری لە کچەکەیان دەکەن کە ئەو کارە بکات، ئێمە زۆر ئەو باسە ناوروژێنین، چونکە باسکردنی رەنگە کاریگەرییەکەی بە خراپ بکەوێت، ئێمە ئەوەندەی باس لە  هەوڵی چارەسەرکردن دەدەین، نامانەوێت داتاکان زەق بکەینەوە لە دەرەوە بۆ ئەوەی پاشەکشە دروست نەبێت، بەڵام لە رێوشوێنی خۆیەوە کار بە داتاکان دەکەین.

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین