لە سۆران بە هۆى نەبوونى شەڵتەر ئافرەتانى هەڕەشەلێکراو ڕەوانەى هەولێر دەکرێن دیمانە و راپۆرت

تایبەت بە نوچەنێت:

لە سنوورى ئیدارەى سەربەخۆى سۆران و دەوروبەرى، تاوەکو ئێستا شەڵتەری داڵدەدانی ئافرەتان نییە. بەرێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سۆران دەڵێت، ئەو ئافرەتانەى هەڕەشەى کوشتنیان لەسەرە بە ناچارى دەیانگوازینەوەى بۆ هەولێر. توێژەرێکى کۆمەڵایەتیش ئاماژە بەوە دەکات، دواى بەرزکردنەوەى چەندین ڕاپۆرت و نووسراو "تاکو ئێستا لایەنی پەیوەندیدار بەدەم ڕاپۆرت و نوسراوەکانی ئەو ئیدارە نەهاتوون تاکو شەڵتەری داڵدەدانی ئافرەتان لەو ناوچەیەی بکرێتەوە."

توران عیسا، بەرێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سۆران، سەبارەت بە داڵدەدانى ئەو ئافرەتانى لە سنوورى سۆران هەڕەشە لەسەر ژیانیان هەیە تایبەت بە نوچەنێتى ڕاگەیاند، "لەبەر ئەوەی لێرە شەڵتەر نییە، ناچارین ئەو ئافرەتانەى پێویستیان بە داڵدەدانە، بگوازینەوە بۆ هەولێر بێگومان بەرێوەبەرایەتی تووندوتیژی دژ بە ئافرەتان و خێزان لەگەڵ لایەنی پەیوەندیدار لە هەولێر بەردەوام لە هەماهەنگی دان بۆ ئەو بابەتانە، بەڵام بێگومان باشتر دەبێت ئەگەر شەڵتەر لێرە هەبێ."

بەڵام کەلسوم گەزنەیی توێژەری کۆمەڵایەتی و چاڵاکوانی مەدەنی لە سۆران دەڵێت، "ئەو ئافرەتانەی رووبەرووی مەترسی دەبنەوە، زۆر کات لەگەڵ بەندکراوانی گرتووخانەی سۆران بە بڕیاری دادوەر تێکەڵ دەکرێن، واتا ئەو ئافرەتی کە مەترسی هەیە لەسەر ژیانی تێکەڵی ئەو ئافرەتانە دەکرێن کە تۆمەتبارن بە تاوانێک لەبەردەم دادگا، ئەمەش کاریگەریی خراپ لەسەر دەروونی ئەو ئافرەتە دروست دەکات، کە بۆ پاراستنی ژیانی  تێکەڵ بە تاوانباران کراون، کە ئەو گرتووخانەیە ڕەنگە باندی لەشفرۆشی و ئافرەتی بکوژی تێدا بێت، ئەوەش رەنگە ببێتە هاندەر بۆ ئەوەی ئەو ئافرەتە تاوان ئەنجام بدات، تۆ دەبێ هەموو پێشبینییەک بکە، کە رەنگە لە داهاتوو تووشی ناپاکی هاوسەرگیری یان بەکارهێنانی مادەی هۆشبەر ببن  یان پەیوەندی لەگەڵ ئەو باندانە دروست بکەن کە کاری لەشفرۆشی دەکەن، چونکە لەگەڵ کۆمەڵێک تاوانبار تێکەڵ دەکرێن."

ئەو چالاکوانە ئاماژەى بەوەشکرد، "ئیدارەى سەربەخۆى سۆران لە چوار قەزا پێکدێت، تەنیا بەرێوەبەرایەتی تووندوتیژی خێزانی لێیە، بەڵام جێی ئاماژەپێدانە کە بڵێین لە سنوری ئیدارەی سۆران کەمترین حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان تۆمار دەکرێت، بە بەراورد بە ناوچەکانی تری کوردستان،  بۆ نەبوونی شەڵتەر لە سۆران، خەم ساردی لایەنی پەیوەندیدارە، کە نەیاتوانیوە بەشی داڵدەدانی ئافرەتان لە سۆران چارەسەر بکرێت، بە بیانووی ئەوەی کردنەوەی ئەو بەشە پێویستی بە خەرجی زۆرە، وەکو دامەزراندنی کارمەندی نوێ و دابین کردنی هێزی ئەمنییە دروست کردنی باڵاخانەیە هەموو ئەوانە پێویستیان بە بودجەیەکی تایبەت هەیە، کە ئێستا ئەو بودجەیە تەرخان نەکراوە."

بەڵام بەرێوەبەری چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی سۆران بۆ نوچەنێت گوتى، "داوامان لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و وەزارەت کردووە ئەو بەشە بکرێتەوە، داواکاریەکەمان لێ وەرگیراوە هەوڵ دەدرێت ئەو بەشە بکرێتەوە لە ئیدارەی سۆران، بۆ ئەوەی هەر ئافرەتێک رووبەرووی تووندوتیژی هەڕەشە ببێتەوە بتوانین لەو شەڵتەرە داڵدەی بدەین و لە ژێر چاودێری بێت، هەتا ئەو کاتەی مەترسی لە سەر ژیانی نامێنێت و کێشەکەی بۆ چارەسەر دەکرێت."

سەبارەت بە بڵابوونەوەى ماددەى هۆشبەر لە سۆران توران عیسا ڕاگەیاند، "ناتوانم بڵێم ئاڵودەبوون بە مادەی هۆشبەر نییە لێرە، بێگومان ئەو دیاردەیە لە ئێستادا بوونی هەیە، بەڵام دەکرێ ئیشی زیاتر بکرێ بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵایەتی، چونکە ئێمە لەگەڵ چەند وڵاتێک دراوسێین کە بەهەموو شێوازێک هەوڵ بۆ لاوازکردنی ئەو رەگەزە جوانە دەدەن، بە تایبەت لە ئێستادا هەبوونی ئافرەتانی بیانی لە کوردستان و ئەو هەموو کافتریایە کە تێیدا نێرگلە و جگەرە دەکێشن، بۆتە هۆکارێکی تر بۆ ئەوەی مادەی هۆشبەر زیاتر لەناو کچان و ژنان بڵاوەی پێ بکرێت، دەبێت کار بکرێت بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیە نەبێتە کلتور لەناو کۆمەڵگەی خۆماندا."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین