سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ جێگرى سه‌رۆكى كۆمسیۆنى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه‌ کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ جێگرى سه‌رۆك و به‌رپرسى باڵاى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ و سیاسه‌تى ئه‌منیى كۆمسیۆنى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا کۆبووەوە، هەردوولا "پێشهاته‌ سیاسى و ئه‌منییه‌كانى عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا"، تاوتوێکرد.

ئەمڕۆ شەممە (18/شوبات/2023) له‌ كۆنفرانسى ئاسایشى میونشن، سەرۆک نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌گه‌ڵ جۆزیپ بۆرێل، جێگرى سه‌رۆك و به‌رپرسى باڵاى كاروبارى ده‌ره‌وه‌ و سیاسه‌تى ئه‌منیى كۆمسیۆنى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا كۆبووه‌وه‌.

بەپێى ڕاگەیێندراوى سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا "دوایین پێشهاته‌ سیاسى و ئه‌منییه‌كانى عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، شه‌ڕى دژى تیرۆر، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا و ده‌رفه‌ته‌كانى فراوانكردنى زیاترى هاریكاریى هاوبه‌شى نێوانیان، بیروبۆچوونیان گۆڕییه‌وه‌."

جۆزیپ بۆرێل له‌ بەشێکى تر کۆبوونەوەکەدا، "پشتگیریى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تیرۆر و پرۆسه‌ى بنیاتنانى دامه‌زراوه‌كان و سه‌رخستنى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ڕایگه‌یاند كه‌ ئارامى و سه‌قامگیرى و خۆشگوزه‌رانیى عێراق و هه‌رێمى كوردستان بۆ یه‌كێتیى ئه‌ورووپا گرنگ و جێى بایه‌خه‌."

ڕاگەیێندراوە دەڵێت، سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، "سوپاسى وڵاتانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپاى كرد بۆ پشتیوانیى سه‌ربازى و مرۆیى و سیاسى له‌ هه‌رێمى كوردستان و عێراق و خواستى هه‌رێمى كوردستانى بۆ بره‌ودان به‌ په‌یوه‌ندییه‌كان له‌ هه‌موو بواره‌كاندا و فراوانكردنى هاریكاریى هاوبه‌شى ئابوورى و ئه‌منى له‌گه‌ڵ وڵاتانى یه‌كێتیى ئه‌ورووپا دووپات كرده‌وه‌."

هەروەها ئەوەش هاتووە، "دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و گرنگیى یه‌كڕیزیى لایه‌نه‌ كوردستانییه‌كان، پرسى شه‌ڕ له‌ ئۆكراینا و لێكه‌وته‌كانى، چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانى وزه‌ له‌ ئه‌ورووپا، دۆخى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هه‌ردوولا، تاوتوێ كران."

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین