یەکێتی مامۆستایان بۆچوونی جیاوازی لەسەر دەوامی قوتابخانەکان هەیە کوردستانی

سیهام میران – تایبەت بە نوچەنێت

عەتا ئەحمد، جێگیری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان رەخنە لە بڕیاری دەوامنەکردنی قوتابخانەکان دەگرێت و دەڵێت "تووشی شۆکی کردووین"، کەچی ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆکی یەکێتیەکە پێیوایه‌ بڕیارەکە سیاسی نییە و لە پێناو ژیانی خەڵک دراوە.

ئەمرۆ یەکشەممە ٢٨ی ئادار، مامۆستا عەتا ئەحمەد جێگیری سەرۆکی یەکێتی مامۆستایان لە لێدوانێکی بۆ ماڵپەری رووداو، رەخنەی توند لە بڕیاری دەوامنەکردنی قوتابخانەکان دەگرێت و دەڵێت "تێبینی زۆرمان هەیە و تووشی شۆکی کردووین" داواش دەکات وەزارەتی پەروەردە لە بڕیارەکەی پەشیمان بێتەوە چونکە، "بڕیارەکە زیانێکی زۆر بە ئاستی زانستی خوێندکاران دەگەیەنێت لە ئایندەدا باجەکەی دەدەن"، عه‌تا ئه‌حمه‌د دەشڵێت "ئەوانەی لەپشت بڕیارەکەن مەیدانی نیین و ئاگایان لە بارودۆخەکە نییە".

کەچی بە پێچەوانەی مامۆستا ئەحمەد گەرمیانی، سەرۆكی یەکێتی مامۆستایان پێیوایە بڕیارەکە لە بەرژەوەندی خەڵک دراوە و لە لێدوانێکی تایبەت به‌ نوچه‌نێت ئه‌حمه‌د گه‌رمیانى دەڵێت، "سەبارەت بە داخستنی قوتابخانە بڕیارێکە سیاسی وعاتفی نییە ئەمە ژیانی خەڵکە. لەدوای ئەوە هاتووە کە باس لە خوێندن کراوە لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیدا. بەڵام دەرگاکانیش بە تەواوی دانەخراون و جارێك تاکو ئەنجامدانی تاقیکردنەوەکان وا دەبێت. لەپاشان کار بەوە دەکرێت کە بارودۆخەکە چۆنە تاکو رێکاری تەندروستی توند بگرنەبەر بۆئەوەی قوتابخانەکان بکرێنەوە و کەمترین تووشبوو لەناو ناوەندەکانی خوێندن هەبێت"

سەبارەت بە رەخنەکانی مامۆستا عەتا ئەحمەدیش، ئەحمەد گەرمیانی بە نوچەنێتی راگەیاند، "مامۆستا عەتا تەنیا بە بۆچوونی خۆی قسە دەکات، ئەوە بۆچوونی سکرتاریەت نییە. ئێمە رێکخراوێکی پیشەیین بە کەسێك و دووکەس ناکرێت ئەمە ژیانی خەڵکە، من ژیانی خەڵك ناخەمە مەترسیەوە، ئێمە وەك سکرتاریەت تاکو ئێستا کۆنەبووینەوە ئەوە تەنیا بۆچوونى کەسیی خۆیەتی وه‌ك مامۆستا عەتا ئەحمەد".
 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین