قوباد تاڵەبانی وەڵامی پەیامەكەی سەرۆكی حكومەتی هەرێم دەكاتەوە کوردستانی

نوچەنێت

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بۆنەی نەورۆز، پەیامێكی بڵاوكردەوە، سەبارەت بە كێشەكانی ناوخۆی كوردستان دەڵێت، “لەبارەی کێشەکانی ناوخۆی کوردستان، ئێمە دەستی ئاشتەوایی درێژ دەکەین و ئامادەی هەموو گفتوگۆیەکین و رایدەگەیەنین."

ئەمڕۆ دووشەممە (20/ئادار/2023) جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە لاپەڕەی فەرمی خۆی پەیامێكی بڵاوكردەوە، لە پەیامەكەی دەڵێت، نەورۆزی کوردەواری هەمیشە هەڵگری پەیامی ئاشتی و تەبایی و دەستپێکی وەرزێکی نوێ بووە، بۆیە پێویستە هەموو لایەکمان پەیامی نەورۆز بە جدی وەربگرین و دەرگا بکەینەوە بەڕووی چارسەر کردنی گرفتەکاندا."

لە بەشێكی تری قسەكانی ئاماژە بەوە دەكات، “کوردستان لەبەردەم هەڕەشە و دەرفەتیشدایە، کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانیش ساڵانێکی زۆرە بە هەموو کەموکوڕییەکانمانەوە تەحەمولیان کردوین، داوای خزمەتگوزاری باشتر و بوژانەوەی ئابوری و ئارامی سیاسی دەکەن، لەم دۆخەدا داوا دەکەم هەموو لایەکمان لەپێناو هاوڵاتییاندا بەرپرسیارانە مامەڵە بکەین و پێکەوە ئیدارەی ئەم دۆخەی ئێستا بدەین."

قوباد تاڵەبانی لە بەشێكی تری قسەكانی داوای پێكەوە كاركردن دەكات و دەڵێت، “با پێکەوە ئەو دەرفەتەی لەگەڵ بەغداد هاتووەتە پێشەوە بقۆزینەوە بۆ رێککەوتنێکی یەکجاری و درێژخایەن. لەناوخۆشدا زەمینە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد بڕەخسێنین بە جۆرێک هەم متمانەی هاوڵاتیان بە دامەزراوەکان بەهێز بکات و هەم هاوپەیمانەکانمان لە دەرەوە لەخۆمان بێهیوا نەکەین."

دەبارەی كێشەكانی ناوخۆی كوردستانیش ئامادەیی خۆی نیشان دەدات دەڵێت، “لەبارەی کێشەکانی ناوخۆی کوردستان، ئێمە دەستی ئاشتەوایی درێژ دەکەین و ئامادەی هەموو گفتوگۆیەکین و رایدەگەیەنین؛ داواکاری کەسیمان نەبووە و نییە، بەڵکو داواکاری و بەرگریکردن بووە لەبەرژەوەندی هاوڵاتیان کە پێمان وایە ئەمە دەکرێت ویست و داواکاری هەموو لایەکمان بێت، ئێمەش بەبەڵێنی جێبەجێ کردنی ئەو داواکاریانە، ئامادەی هەموو ھاوکاری و هەنگاوێکی پێویستین."

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین