مەسرور بارزانى: نابێت مووچەی خەڵک تێکەڵ بە کێشە سیاسییەکان بکرێت کوردستانی

نوچەنێت:

سەرۆکى حکوومەتى هەرێمى کوردستان، لە بارەى ڕاگرتنى مووچەى فەرمانبەران لە هەندێ شوێن پەیامێکى بڵاوکردەوە و دەڵێت، "نابێت هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ شوێنێکی هەرێم رێگر بێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە."

ئەمڕۆ پێنجشەممە (20/نیسان/2023) مەسرور بارزانى، سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان لە پەیامێکدا ڕایگەیاند، "نابێت مووچە و قوتی خەڵک تێکەڵ بە ململانێ و کێشە سیاسییەکان بکرێت." 

 

دەقی پەیامی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان:

ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان خزمەتی هاووڵاتیانی خۆمان دەکەین و وێڕای هەموو کۆسپ و تەگەرە و فشارەکان، لە هەوڵی بەردەوامداین بۆ ئەوەی ژیان و گوزەرانی هاووڵاتیانمان باشتر بکەین.

ئێمە لە قۆناغە سەختەکانی کۆرۆنا و فشارە ئابوورییە ناوچەیی و جیهانییەکان، توانیمان لە مووچەدان و سەقامگیرکردنی باری ئابووریی هەرێم بەردەوام بین، لەمەولاش بە یارمەتی خوای گەورە و پاڵپشتی هاووڵاتیانمان لە خزمەتیان بەردەوام دەبین و گەشبینین بە باشتربوونی رەوشی هەرێم لە هەموو ڕوویەکەوە.

نابێت هیچ کەس و لایەنێک لە هیچ شوێنێکی هەرێم رێگر بێت لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچە. نابێت مووچە و قوتی خەڵک تێکەڵ بە ململانێ و کێشە سیاسییەکان بکرێت. پێویستە داهاتی وڵات  بۆ خزمەتی هاووڵاتیانمان بێت و دەبێت هەموو ئەو کەسانەی ئەو پرۆسەیە پەک دەخەن، لە بەرامبەر خەڵک و یاسادا بەرپرسیار بن.

مەسرور بارزانی

2023/4/20

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین