پڕۆژەی ڕووناکی شێوازی نوێی دانەوەی قەرزی کۆنی کارەبای ڕاگەیاند کوردستانی

نوچە نێت:

پڕۆژەی ڕووناکی بریاری دا سیستەمی قیستی مانگانە بۆ دانەوەی قەرزی کۆنی هاوبەشانی کارەبا جێبەجێ بکات، کە ماوەکەی تا (24)ـی مانگ دەخایەنێت و لەسەر پسوولەی مانگی (9)ـەوە هەژمار دەکرێت.

ڕۆژی یەکشەممە (2026/09/20) بەڕێوەبەرایەتی پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕاگەیێندراوێکدا دەڵێت، "سەرجەم ئەو هاوبەشانەی لە ماوەی ڕابردوودا سوودمەند نەبوون لە داشکاندنی (%50)ـی قەرزە کۆنەکانیان، قەرزەکەیان بەشێوەی قیستی درێژخایەن دەخرێتە سەر پسوولەی مانگانەی ڕووناکی".

بەگوێرەی ڕاگەیێندراوەکە، یەکەم قیست دەخرێتە سەر پسوولەی خولی مانگی (9) کە چاوەڕوان دەکرێت لە مانگی (10)ـدا دەربچێت، ئەم سیستەمە هەلێک دەدات بەو هاوبەشانەی کە نەیانتوانی بەشداری لە کەمپەینی داشکاندنی (%50)ـدا بکەن، بۆ ئەوەی قەرزەکانیان بە ماوەیەکی درێژخایەن بدەنەوە، بەو مەرجەی قیستەکان پێکەوە لەگەڵ پسوولەی مانگانی ڕووناکی لە ماوەی (50) ڕۆژی دیاریکراودا بدرێنەوە.

هەروەها بە مەبەستی کارئاسانی، پڕۆژەی ڕووناکی ماوەی قیستەکان و کەمترین بڕی مانگانەی بەم شێوەیە پۆلێن کردووە:

ــ ماڵان و کشتوکاڵ: دەتوانن قەرزەکانیان تاوەکوە (24)ـی مانگ بدەنەوە، کەمترین بڕی قیستی مانگانە (20,000) بیست هەزار دینارە.

ــ بازرگانی بچووک: دەتوانن قەرزەکانیان تاوەکو (12)ـی مانگ بدەنەوە، کەمترین بڕی قیستی مانگانە (20,000) بیست هەزار دینارە.

ــ بازرگانی و پیشەزاسی گەورە: دەتوانن قەرزەکانیان تاوەکو (6)ـی مانگ بدەنەوە، کەمترین بڕی قیستی مانگانە (200,000) دوو سەد هەزار دینارە.

هەر لەو بارەیەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیێندراوەکەدا کۆمەڵێک داتا و زانیاری نوێی خستەڕوو، کە بریتین لە:

- لێخۆشبوونی قەرز: نزیکەی 800,000 هاوبەش لە داشکاندنی ناوازەی 50% سوودمەند بوون (کە لە نێوان 3ـی ئاب تاوەکو 10ـی ئەیلوول بەردەوام بوو). 

- سفرکردنەوەی قەرزەکان: ئێستا زیاتر لە 1.2 ملیۆن هاوبەش (لە کۆی 2 ملیۆن هاوبەش لە هەرێمی کوردستان) هیچ قەرزێکی کۆنیان لەسەر نییە، لەو ژمارەیەش یەک ملیۆنیان هاوبەشی ماڵانن.

- قەبارەی لێخۆشبوون: تاوەکو ئێستا حکوومەتی هەرێم لە بڕی 360 ملیار دینار خۆش بووە، کە 300 ملیار دیناریان تەنیا بۆ لێخۆشبوونی سەر قەرزی کۆنی پێش رووناکی بووە.

- قەرزی ماوە: زیاتر لە نیوەی ئەو هاوبەشانەی کە هێشتا قەرزی کۆنیان لەسەر ماوە، بڕی قەرزەکەیان لە 300 هەزار دینار کەمترە.

- ئاستی پێدانی کارەبا: تاوەکو ئەمڕۆ، زیاتر لە 90%ـی هاووڵاتییانی کوردستان لەرێگەی پڕۆژەی رووناکییەوە کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابین کراوە.

- تێچووی هاووڵاتییان: بەپێی نرخە نوێیەکان، 80%ـی هاووڵاتییان (بەتایبەتی کەمدەرامەتان) مانگانە پارەیەکی کەمتر دەدەن بەراورد بەو کاتەی کە پارەی مۆلیدە و کارەبای نیشتمانییان پێکەوە دەدا.

 پڕۆژەی "رووناکی" یەکێکە لە پڕۆژە ستراتیژییەکانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، کە لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024 لە لایەن مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانەوە راگەیەنرا. ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە، کۆتاییهێنانە بە قەیرانی دەیان ساڵەی کارەبا و دابینکردنی کارەبای نیشتمانیی بەردەوام (24 کاتژمێری) بۆ گشت ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان، لەگەڵ نەهێشتنی مۆلیدە ئەهلییەکان کە هۆکارێکی سەرەکیی پیسبوونی ژینگە و بارگرانیی دارایی بوون بۆ هاووڵاتییان.

وەک بەشێک لە رێکخستنەوەی کەرتی کارەبا، لە مانگی ئایاری ئەمساڵدا (2026)، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە کۆی دەنگ بڕیاری لەسەر نرخە نوێیەکانی کارەبا دا لە چوارچێوەی پڕۆژەی رووناکیدا. بۆ هاندانی هاووڵاتییانیش تاوەکو قەرزە کەڵەکەبووەکانی ساڵانی رابردوویان بدەنەوە، حکوومەت بڕیاری لێخۆشبوونی 50%ـی دەرکرد کە بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک بەردەوام بوو و سەرکەوتنێکی گەورەی بەدەستهێنا. 

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین