نێجیریا: عێراقییەكان دەستدرێژی دەكەنە سەر كچەكانمان دیمانە و راپۆرت

نوچه‌نێت

ئاژانسێكی حكومەتی نێجیریا لە راپۆرتێكدا ئاشكرای دەكات ئەو كچانەی لە عێراق كاردەكەن دەستدرێژی سێكسیان دەكرێتە سەر و عێراقیش بەڵێنی لێكۆڵینەوە دەدات.

ئاژانسی حكومەتی نێجیریا بۆ قەدەغەكردنی بازرگانیكردن بە مرۆڤ لە راپۆرتێكدا ئاشكرای كردووە، ئەو كچە نێجیریانەی لە عێراق لە ماڵان كاردەكەن دەستدرێژیان دەكرێتە سەر و هەندێكیان داوای هاوكاری بەپەلەیان لە حكومەتی وڵاتی خۆیان كردووە و بۆ ئەوەی بیانگێڕێتەوە وڵاتەكەیان.

ماڵپەڕی حوڕەی ئەمریكی دوێنێ‌ هەینی پێنجی ئایار كورتەی راپۆرتەكەی بڵاوكردووەتەوە، كە تێیدا هاتووە، "زۆرینەی ئەو كچە گەنجانەی نێجیریا كە لە عێراق كاردەكەن بە شێوازی جیاجیا رووبەڕووی چەوسانەوە دەبنەوە، بە دەستدرێژی سێكیشەوە، بۆیە ئێستا داوای گەڕانەوە دەكەن". راپۆرتەكە باسی لەوە كردووە، ئەو رووداوانە بە زۆری لە بەغدا و بەسڕە روودەدەن.

خالد محنە گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق لە لێدوانێكی رۆژنامەوانی دەڵێ‌، "وەزارەتی ناوخۆ لە حاڵەتی بوونی سكاڵا رێكاریی یاسایی بەرانبەر تۆمەتباران دەگرێتەبەر" دووپاتیشی دەكاتەوە هەندێك لەم جۆرە حاڵەتە هەبووە بەڵام بە گوتەی ئەو بە شێوەیەكی وەها باو نەبووە و تەنانەت كچەكانیش خەڵكی كینیا بوون نەوەك نێجیریا.

 

بابەتی پەیوەندی دار

0 لێدوانەکان

نەزەری خۆتان بنووسن

ئیمەیلەکەتان بە هیچ شێوەیێک بڵاو نابێتەوە. هەموو فیڵدە ئەستێرە دارەکان ئیجبارین